به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 02/10/2019 135 جار خوێنراوەتەوە

عێراقیەکان سیستەمەکە دەڕوخێنن

لە سەری سەرەوە بۆ خواری خوارەوەی هەیکەلە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکانی عێراق سەرقاڵی گەندەڵین. ١٫٢ یەک ملیۆن و دووسەت هەزار بێوەژن، نزیکەی ٦ شەش ملیۆن مناڵی بێ باوک و هەتیو. ٨٠٪ خاکی عێراق هەڕەشەی بێ ئاویی و بیابانبونی لەسەرە، وڵاتەکە ڕۆژانە ٤ چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە ئەکات، لەولاوە ١٣٢ ملیار دۆلار قەرزارە. هەتا ٧٣ ساڵی تر ئەبێت ڕۆڵەکانی ئەو وڵاتە قەرزی دەرەکی بدەنەوە.

کەچی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران خەریکی سەردان و سەفەرو سیاحەتن!. خەڵک سێ ساڵە لەبەسرە کێشەی هەیە، ئەمان ئەچن بۆ ئەمریکاو چین و ئیتاڵیاو فەڕەنساو بەریتانیاو ئەڵمانیاو تورکیاو ئێران و ئوردون و سعودیەو ئیمارات و قەتەر و میسرو تونس ... هەموو کتێبی گینس بگەڕێ ئەوەی تیا نیە سەرۆکی وڵاتێک لە نۆ مانگدا زیاتر لە ١٥ دەوڵەت گەڕابێت!

سەرۆک کاتێک ئەڵێ ئەبێت لایەنی ئابوری باش بکەین، خەڵک باش ئەزانن ئەو خەمخۆریان نیە، ئەیەوێ کەرتی تایبەت بهێنێتە عێراق و دەسودایەرە دروستکراوەکانی خۆی تیا وەبەرهێنان بکەن. خەڵک ئەزانن هەر ئێوە و ئێوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرپرسن و پارەی پاڵپشتیە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئەخۆن و ئەچننەوە بۆ خۆتان بە ناوی جیاجیا.

بە کورتیەکەی کێشەکانی ئەمڕۆی عێراق کەڵەگە بوی میحنەتی (١٥) ساڵی ڕابردووی عێراقیەکانە بەدەست ئەم نوخبە سیاسیەوە، ئەم برادەرەی ئیمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراقە پێشتر لە دوو خول دا جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسی مەلەفی ئابوری بووە.

عێراق هێزی مرۆیی و ئابوری بەهێزی هەیە چ پێویستی بە پاڕانەوەیە لە ملاولای دەرەکی ئەگەر بۆ فەزاحەتێک نەبێ کە لەسەری ڕاهاتون!. عەرەب جوانی وتوە « حاميها حراميها» ئەوەتا سەرۆک هاوڕێی دزو قاچاخچیەکانەو، باسی ئاوەدانی ئەکات. بەعسیە هەر تاوانبارە ملیاردێرەکانی ئەمڕۆ لە ژوور خۆیەوە دائەنات و باسی کەسوکاری ئەنفال و پاڵەوانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیش ئەکات!!؟. کارێکی ساویلکانەیە وابزانین ئەم سەرۆکەی عێراق کە دوو حیزب و سەدەها دۆستی خۆی لە کوردستان فرۆشتوە بۆ ئەوەی بێتە مەقام و خزمەتی عێراقیەکان بکات؟

بۆیە ئیمڕۆکە خەڵک ئەڵێ ئەبێت پیاوانی سیستەمەکە بڕوات.... خەڵک پێیان گوتن: خۆبادان و خۆ نواندن بە ملیارەها دینار لەسەر عێراقیەکان ئەکەوێ، بە دەیان ملیۆن دۆلار ئەدەنە میدیای بیانی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە تا لۆبیتان بۆ بکەن بۆ خۆتان.

پەتپەتێن هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆڕێ. بە درۆ و دەلەسە و قسەی لووس ووڵات بینا ناکرێتەوە. ئەوەی بە بێ حورمەتی بیر لە بەرانبەرەکانی بکاتەوە بە بێ حورمەتیش ئەچێتە زبڵدانی مێژوو... بۆ دەرەوە...زیادیش لەسەری بڕۆن ئێوە لە نیشتیمانپەروەرو دەستپاکێکی وەک عەبدولکەریم قاسم زیاتر نین!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا