بڕیار ته‌ها 28/09/2019 163 جار خوێنراوەتەوە

دێربی مەدرید دێربییەکی لاواز

شیکاری دوای یاری

بە هەموو پێوەرێک دێربی مەدرید لەسەر یاریگای میترۆ پۆلیتانۆ، دێربییەکی لاواز بوو، نەک تەنیا لە ڕووی گۆڵ تۆمار کرد، بەڵکو لەسەرجەم ڕووەکانەوە لاواز دەهاتە پێش چاو.

هەردوو یانەی لە ڕۆحیەتی یاریکردن و ئارەزوویان بۆ هێرشبردن سست و لاواز دەبینرا، لایەنی هونەری هەردوو تیم وەک پێویست نەبوو، ڕیتمی یاریکردنی هەردوو یانە بە چەشنی دوو یانەی گەورە نەدەچوو.

هەردوو یانە زیاتر پشتیان بە تاکتیکی تۆپی بەرز و درێژ دەبەست تا ئەوەی لە گۆڵ یەکدی نزیک ببنەوە، سیمیۆنی مەبەستی بوو سوود لە ئاستی لاوازی ئەم دواییەی ڤاران و ڕامۆس وەربگرێت و بە تۆپی بەرز تاکە گۆڵێک تۆمار بکات، بەڵام دیگۆ کۆستای 2019 هەمان ئەو هێرشبەرەی چەند وەرز پێش ئێستا نییە، کە دەیتوانی باشترین بەرگریکارەکان هەراسن بکات و سوود لە تۆپە بەرزەکان وەربگرێت.

زیدان زۆر باش دەیزانی نە یاریزانەکانی لە ڕووی مهارەوە دەتوانن لە ناوچەی سزای ئەتلەتیکۆ نزیک ببنەوە، نە بەرگریکردنی سیمیۆنیش بەو جۆرەیە بە ئاسانی ڕێگە بە یانەی بەرانبەر بدات، زیدانیش بە هەمان شێوە زیاتر تۆپی بەرزی بەکاردەهێنا، هەرچەند هێرشەکانی ڕیاڵ مەدرید لە 3 دەرفەتدا مەترسیدارتر دەرکەوتن، بەڵام یان ئۆبلاک بە لێهاتووی خۆی یارییەکەی بە یەکسانی و هاوسەنگی هێشتەوە و نەیهێشت جیاوازی لە یارییەکەدا دروست ببێت.









لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا