د.فایه‌ق گوڵپی 26/09/2019 236 جار خوێنراوەتەوە

مەگەر بەرێوەبەری تەندروستی نازانێت؟

رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٩ بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەسەر داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی گرت، لەو کۆنگرەیەدا، کەناڵەکانی راگەیاندن و خەڵکی کوردستانی لەمەڕ بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەکە بەهەڵەدابرد.

١.دەربارەی بریاری داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەڵیت: دوێنی گفتوگۆ دەربارەی خزمەتگوزارییەکان کراوە، پێشنیارکراوە جۆری خزمەتگوزارییەکان بگۆڕدرێن بەشێوەیەک خزمەتی زیاتری خەڵکی بکەن.

ئەو قسانەی بەرێوەبەر راست نین، راستی ئەوەیە بەڕێوەبەر لەو کۆبونەوەیەدا (٢٤-٩) بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یەکلاکردەوە، کە من وتم: بۆچی لە سلێمانی یەک نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەبێت و لە هەولێر سێ نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەبێت؟ وەڵامی دامەوە وتی: وەزیری تەندروستی بڕیاریداوە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێریش دابخات، تەنها یەک نەخۆشخانەیان دەهێڵێتەوە.

لە بەڕێوەبەری تەندروستی بە وەکالەت دەپرسم؟ ئەگەر بتانەوێت گۆڕانکاریی باش لە نەخۆشاخانەکەدا بکەن بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی بكەن، بۆچی بەشی عنایەی مرکەزەی (ICU) نەخۆشخانەی فریاکەوتنت گواستەوە و نەخۆشخانەکەت ئیفلیج کرد.

٢. لەسەر ژمارەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەڵیت: لە دووشەممەی رابردوەوە، تەنها دوو نەشتەرگەری کراوە.
پزیشکان و خەڵکی سلێمانی باش دەزانن، لەو کاتەوە لە سلێمانی دوو نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەیە، ناکۆکی و پێکهەڵپژان لە نێوان پزیشک و هاوڕێی نەخۆشدا زۆر کەمبووه‌تەوە، پزیشکان بە ئارامی دەتوانن نەخۆشەکان ببینن، نەخۆشەکانیش بڕوایان بە پزیشک و نەخۆشخانە پتەوتر بووە، ژمارەی نەخۆشیش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن وا کەم نەبووه‌تەوە کە ئەو دەیڵێت، من رۆژی شەممە ٢١-٩-٢٠١٩ پزیشکی ئێشکگری نەشتەرگەری گشتیی بووم، تەنها ئەو رۆژە ١٠ نەشتەرگەریمان هەبووە، با کەناڵەکانی راگەیاندن بچن سەیری لیستی نەشتەرگەرییەکانی ئەو رۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بکەن و راستییەکەیان بۆ دەربکەوێت.

٣. دەربارەی ئەو پزیشکانەی کە ناڕازین بە داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەرێوەبەر دەڵێت: ئەوانە ئەو پزیشکانەن خانەنشینی پەڕلەمان وەردگرن و بە خۆبەخش لە نەخۆشخانە کار دەکەن، نەخۆشی نەخۆشخانە دەبەن بۆ کلینیکی تایبەتی خۆیان، ئەگەر راستدەکەن با لە کلینیکی خۆیان خۆبەخش بن.

منیش دەڵێم: ساڵی ١٩٩٢ کاتێک ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمان بووم، لەبەر کەمی پزیشک لە هەرێمی کوردستاندا، پەڕلەمان بریاریدا ئەو پزیشکانەی ئەندامی پەرلەمانن لە سەر کاری خۆیان بەردەوامبن، تەنسیب بکرێن بۆ شوێنی کارەکانی خۆیان، منیان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی تەنسیب کرد، ئەگەر زۆر ناڕەحەتی من لە تەندروستی سلێمانی کار دەکەم، دەتوانیت لە سەرۆکایەتی پەڕلەمانەوە تەنسیبەکەم هەڵبوەشێنیتەوە.

لەبەر ئەوەی لە سیستەمی تەندروستی هەرێمدا کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی تێکەڵە، نەخۆش لە کلینیکی تایبەتەوە دێت بۆ نەخۆشخانە، لە نەخۆشخانەوە دەچێت بۆ کلینیکی تایبەت، ئەوە بۆ هەموو دکتورەکان وایە نەک تەنها بۆ من، ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت، دەبێت پاش ماوەیەک سەردانی پزیشک بکەنەوە، لە سیستەمی تەندروستی هەرێمدا رێگەو شوێنی وا دانەنراوە پزیشک بۆیبکرێت دوای نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە نەخۆشەکەی ببینێتەوە، بۆیە نەخۆشی هەموو پزیشکەکان دوای نەشتەرگەری ئاگادار دەکرێنەوە بچنە کلینیکی تایبەتی پزیشکەکە.

لەو کاتەوە کار بە سیستەمی نیمچە تایبەتی نەشتەرگەری دەکرێت، ئێمەی پزیشکەکانی نەشتەرگەری، نەخۆشی کلینیکە تایبەتەکانی خۆمان و نەخۆشخانە دەبەینە نەخۆشخانەی حکومی و بە پارە نەشتەرگەریان بۆ دەکەین، نزیکەی٧٠٪ نرخی نەشتەرگەریبەکە بۆ کارمەندو بەشی ئیداری نەخۆشخانەکانە بە بەرێوەبەری تەندروستیشەوە، ئەی بەرێوەبەر بۆ ئەمەیان چی دەڵێت؟

بەڕێوەبەر بە من دەڵێت ئەگەر راستدەکەن با لە کلینیکی خۆیان بە خۆبەخشی کار بکەن، منیش دەڵێم: مەگەر نازانیت سێ ساڵ زیاترە لە پێناوی سووککردنی باری ئابووری سەرشانی خەڵکی، نرخی کلینیکی خۆمم لە ١٥ هەزار دینارەوە بۆ پینج هەزارە دینار دابەزاندووە، مەگەر نازانی ساڵانی ١٩٨٢-١٩٩٢ من پزیشکی خۆبەخشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جەماوەری ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان بووم، لەو سەردەمەدا بەبێ پارە بە خۆبەخشی هەزاران نەخۆش و برینداری چەکی کلاسیکی و چەکی کیمیاوم چارەسەر کردووە و لە مردن رزگارم کردوون، مەگەر نازانی ئەو پلەو پۆستەی تۆ بە قوربانی و خەباتی کەسانی وەک من و بنەماڵەکەم بە دەست هاتووە، بەڵام ئێوەمانان رێز بۆ قوربانی و ماندووبونی خەڵکی دلسۆز دانانێن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی د.فایه‌ق گوڵپی

سەرەتا