فاروق عه‌لی 24/09/2019 155 جار خوێنراوەتەوە

نێوان یه‌کێتی و پارتی

به‌هه‌ڵه‌دا چوون ئه‌وانه‌ی پێیانوایه‌ یه‌کێتی و پارتی، له‌سه‌ر ڕێگریه‌که‌ی مەحمود سه‌نگاوی، نێوانیان تێکده‌چێت و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ.
به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پارتی و یه‌کێتی و به‌رپرسه‌کانیان، له‌ ئاستێکدایه‌ نه‌ک به‌ڕێگری له‌به‌رپرسانی باڵای یه‌کدی تێک ناچێت، لەوەش خراپتر بێت مه‌حاڵه‌ ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ببن و نێوانیان تێک بچێت.

ئه‌وان به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕی سارددا بوون ‌به‌رامبه‌ر یه‌کتر، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه ‌سارده‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ چۆن هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوازێک فشار بخاته ‌سه‌رئه‌وی دیکه،‌ تا پشکی زیاتر و به‌رژه‌وه‌ندی زیاتر ده‌سته‌ به‌ربکات، به‌ڵام هه‌رگیز ناگاته‌ شه‌ڕی گه‌رم و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه،‌ چونکه‌ هه‌م بارودۆخه‌که‌ جیاوازه ‌و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نییه‌ هه‌م به‌سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ به‌رژوه‌ندییه‌ حزبی و شه‌خسیه‌کانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

هه‌رچی لایه‌نی پارتییه‌ به‌تایبه‌تی بارزانی باوک نایه‌وێ له‌سه‌رده‌می کابینه‌ی نۆدا بشێوی و ئاڵۆزی دروست ببێ و بارزانی کوڕ گرفت بێته‌به‌رده‌م حکومڕانیه‌که‌ی، هه‌رچی یه‌کێتیشه‌ ده‌زانێت به‌هۆی ڕێکه‌وتنی گۆڕان و پارتی، تا ئه‌ندازه‌یه‌ک پارتی بێمنه‌ته‌ له‌به‌رامبه‌ری، به‌ڵام جارجاره‌ ده‌یه‌وێت نمایشی خۆی بکات که‌ هێشتا ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی رووداوه‌کان هه‌بێت.
پێده‌چێت له‌ساڵڕۆژی ڕفراندۆم و لێکه‌وته‌کانی پاش ڕیفراندۆم و رووداوه‌کانی شانزه‌ی ئۆکتۆبه‌ر و رۆژانی دواتر، لێدوانی گه‌رم له‌نێوان به‌رپرسانی هه‌ردولا بارودۆخی چه‌له‌حانێکان گه‌رمتر بکات، به‌ڵام دواتر باڵانسی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا زاڵ ده‌بێت و به‌ خواردنی قاوه‌یه‌ک و دووچا، کۆتایی به‌نیگه‌رانییه‌کان دێت و بارودۆخی هاوڵاتیانیش هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی فاروق عه‌لی

سەرەتا