هونه‌ر تۆفیق 14/09/2019 836 جار خوێنراوەتەوە

چەکەکانی ئەردۆغان

هەردەوڵەتێک چەند جۆرێک چەکی پێویستە، چەکە سەربازیەکانی پێوستە بۆ بەرگری ناوخۆیی و چەکی ئابووری و سیاسی و تەکنەلۆجیشی دەوێت بۆ هێرش بردنە دەرەکیەکان. ناشیرینترین و خراپترین چەک لەو هێرشە دەرەکیانەدا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆ، چەکی بەکارهێنانی مرۆڤە.

ئەردۆغان بەهۆی لاوازی سیاسی دەرەکیەوە، ئەو چەکە قێزەونە بەکاردێنێت لەدژی دەوڵەتانی تر، بۆ هەر دەوڵەتێک جۆرە چەکێکی لە دەوڵەتێکی ترەوە قەرزکردووە تا شەڕەکانی خۆی پێبکات.

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئەمریکادا، ڕوسیا بەکاردێنێت، یاخود بە ڕوسیا هەرەشە لەئەمریکا دەکات. لەئەنجامی ئەم شەڕە قێزەونەشەوە گەلانی سوریا باجەکەی ئەدەن و ئاسایشی ناوچەکەشی خستۆتە ژێر مەترسیەوە.

لەبەرانبەر سعودیە و میسردا، ئەردۆغان ئێرانی شیعی و ئیخوانی سونی بەکاردێنێت، لەم بەکارهێنانەشدا ئاژاوەیەکی گەورەی عەقائیدی بەرپاکردووە. جارێکی تر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ خستۆتە ژێر مەترسیەوە.

لەبەرانبەر ئەوروپادا، پەناهەندەکانی ناو تورکیا بەکاردێنێت، بەکردنەوەی دەرگای کۆچ بەرەو خۆرئاوا، ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. جۆرێک لە ڕق و کینەی لەنێوان ئیسلام و ئەوروپیە مەسیحیەکاندا چاندووە کە ئاسایشی ئەوروپای توشی شڵەژان کردووە.

ئەرۆغان لەبەرانبەر کورد و دەوڵەتانی عێراق و سوریادا، داعش بەکاردێنێت، کوشتار و وێرانەیەکی بێ وێنەی لەو ناوچانەدا دروستکردووە. بەو هەموو خوێنەوە خەمساردانە پشتیوانی جەبهەی نوسرە و داعش دەکات، بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئەو گەلانەی دراوسێ ی تورکیای پێ بکات و سڵ لە مەترسیەکانی ئەردۆغان بکەنەوە.

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیسرائیل، ئیسلام بەکاردێنێت و لەبەرانبەر ئیسلامیشدا ئیسرائیل دەپارێزێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو ناکۆکیانەدا بەردەوامی بە هەیمەنەی سیاسەتی تورکیا بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم چەکە قێزەونانەی ئەردۆغان کە گێژاوێکی ترسناکی بەجیهاندا بڵاوکردۆتەوە، تەنیا یەک ئەنجامی هەیە، ئەویش بنەبڕکردنی توانای گەیشتنی ئەردۆغانە بەو چەکانە و دواتر زیانەکانی دەگاتەوە بەناوخۆی تورکیا و کەسی ئەردۆغان کە کۆتایی هاتنە بە و کۆمارە خوێناویەی لەسەر ئەو کوشتارانە بنیادی ناوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا