هێمن عه‌بدولقادر 09/09/2019 141 جار خوێنراوەتەوە

مرۆڤ لە سەردەمی وێنەدا


ئۆشۆ دەڵێت: ئەگەر بتەوێت منداڵێک فێری شت بکەیت، دەبێت سەرەتا وێنەی بۆ بکێشیت، بۆیە هەمیشە کتێبی منداڵەکان پڕە لە وێنەی رەنگاو رەنگ لەگەڵ نووسینی کەمدا، لەبەر ئەوەی منداڵ گەشەی عەقڵی کەمترە، بۆیە وێنە باشتر دەناسێتەوە تا وشە، هەر بۆیە منداڵ زیاتر حەز لە وێنە دەکات وەک لە وشە، ئیتر بەم جۆرە وێنە دەبێتە هاو مانای وشەکان، لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ، وێنەکان کەم دەکەن و وشەکان زیاد دەکەن، هەتا منداڵ دەگاتە قۆناغی زانکۆ، هەموو کتێبەکان دەبن بە وشە، چونکە ئیتر وشە دەتوانێت وەک بۆیە و فڵچە وێنەی پێ بکێشیت.

تەکنەلۆژیا ئەمڕۆ مرۆڤی گێڕاوەتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان، بۆ ئەو قۆناغانەی کە وێنەیان ئەکێشا، خەڵک ئێستا وازی لە خوێندنەوەی تێکستە ئەدەبیە مەزنەکان هێناوە و هەموویان خویان داوەتە وێنە، گەڕاونەتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان (primitiv) کە هەموو قسە کردنێک لە ڕێگەی وێنەوە بوو.
 
کۆنسێرت و مۆسیقایە لەبری گوێگرتن لە ئاواز و وشە هەمووی خەریکی وێنە گرتنە، کۆنفرانس و کۆبونەوەیە لەسەر ئاستی باڵا وتار دەخوێنرێتەوە، کەس ئاگای لە پەیام و ناوەڕۆکی وتارەکە نییە، هەمووی خەریکی وێنه‌ گرتنه‌..

سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ راگر و سەرۆک بەش و خوێندکاردا کۆبوونەوەی هەیە، کەس ئاگای لەوی دیكه‌ نییە، هەمووی خەریکی رەسم گرتنە.
بەڕێوبەری فەرمانگە لەگەڵ بەڕێوبەری بەش و فەرمانبەر کۆبوونەوەی هەیە، کەس هیچ پلانێکی پێ نییە بۆ خزمەتی خەڵکی، کەچی هەمووی خەریکی رەسم گرتنە!

پەرلەمانتارە و پڕۆژە پێشکەشکراوە و چارەنووسی میلەتێکی پێوە بەستراوە، کەچی جارێك چاوی بڕیوەتە کامێرامانەکە، بۆ ئەوەی رەسمێکی ئێچ دی فول کوالێتی بگرێت.

لە میوانیت وەکو (پینک پانک) لە براسا ناو سکت بە پشتەوە نووساوەو سفرە رازێنراوەتەوە، بەڵام بۆ تۆ نا، لە پێشدا بۆ ڕەسم گرتن، ناهێڵن دەستی بۆ بەرێت، هەتا چەند دانە رەسمێکی لێهەڵنەگرن..
شەڕە تەقەیە لەگەڵ دوژمن، مەسەلەکە پەیوەندی نێوان ژیان و مردنە، کەچی ئێمە ئا لەو کاتانەشدا خەریکی وێنە گرتنین!

شەقەی تیرۆک و زرمەی تەعلیق و کوتەی تاکە نەعل و قسەی سوکی نێوان ژن و مێرد و جەنگی ساردی نێوان بوک و خەسوو، تا ئەو سەری گەڕەک دەڕوات، کەچی دەبێت رۆژانە وێنەیەکی خۆی ئاند خۆشەویستەکەی نیشان بدات، چونکە دەزانێت تەنها وێنە پاسادانی ئەو هەموو گرێ دەروونییە دەکات.

ژمارەی ئەو هاندەرانەی کە لە گۆڕەپانی یاریدا چاویان لەسەر شاشەی یاریگاکەیە، تا لە وێنەیەکدا دەرچن زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو هاندەرانەی کە بۆ سەیری یاریەکە چوون، هەر بۆیە کاتێک هاندەرێک لە شاشەکە وێنەی نیشان دەدرێت، خۆشییەکی زۆر دەردەبڕێت زیاتر لەو چێژەی کە لەیاریەکە بینیویەتی، چونکە ئیتر لێێ مەعلومە کە خەڵکی دەیبینن، کە ئەمیش لەوێ بووە، چونکە سەردەمەکە سەردەمی وێنەیە!

نوقتە سەری دێڕ ..

 تێبینی..
ـ جاران خەڵکی تەنها لەکاتی خۆشی و پێویستدا وێنەی دەگرت، ئێستا لەگەڵ مردوو و، رووداوی هاتوچۆ و لە ژووری نەشتەرگەری و گڕگرتنی تەنکەر و خۆکوشتن و دەیان شتی سەیر و سەمەرەی تر..

ـ لەناو فەرمانگە و پارت و ڕێکخراوەکانیش هەمان دۆخە، کەس رەفتاری چاک و داوێنی پاک و مامەڵەی باشی ناوێت، گرنگ ئەوەیە تۆ وێنەت هەبێت، وێنە لە یادی دامەزراندن، وێنە لە یادی ماڵئاوایی، هەتا وێنەی زیاتر و باشترت هەبێت، زیاتر و باشتر دەچیتە پێشێ، وەلێ هەتا گوفتاری باش و رەفتاری باشت هەبێت، نەکەس دەیبینێت و نەکەسیش فلسێکی پێدەدات، چونکە سەردەمەکە سەردەمی وێنەیە، نەک رەفتار و گوفتار!!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا