هونه‌ر تۆفیق 09/09/2019 663 جار خوێنراوەتەوە

پێشبینیەکانی وڵات بەجادوو

بێریای لێپرسراوی هەواڵگیریەکەی ( کەی جێ بی) ستالین ، چووە لای ستالین و داوای لێکرد ئەو جادووگەرە بەتوانا و بەناوبانگەی ڕوسیا ببینێت بۆ ئەوەی پێشبینیەکانی داهاتووی پێ بڵێت . ستالین وەکو ئەوەی ڕازی نابێت جادووگەرەکە ببینێت ، بڕیار دەدات دەست بەجێ جادووگەرەکە بکوژن . بێریاش فەرمانەکەی جێبەجێدەکات.

دەگەڕێتەوە بۆلای ستالین تا لێ ی بپرسێت بۆچی بڕیاری کوشتنی جادووگەرەکەی دا! لەوەڵامدا ستالین بە بێریا دەڵێت: ئەگەر ئەو جادووگەرە هێندە بەتوانا و لێهاتووبایە کە پێشبینی داهاتووی منی دەزانی، دەبایە پێشبینی داهاتووی خۆشی کردبا، دەبوو بیزانیایە دێتە ئێرە ومنیش بڕیاری کوشتنی دەدەم . ئەو نەیزانی داهاتووی خۆی چۆن دەبێت ! لەکوێوە دەتوانێت بزانێت داهاتووی من چۆن دەبێت؟

ئەگەر وڵاتێک بەپێشبینی جادووەوە سیاسەتی حکومەت بەڕێوەببات ! خەمڵاندنەکانی پەیوەست بێت بە ئەگەر و نائەگەری تەوەقوعی جادووەکانەوە ! پێشبینیەکانی گەیاندبێتی بەم هەموو قەیرانە . پێشبینیە سیاسیەکانی لەماوەی هەشت کابینەی حوکمڕانیدا نەیتوانیبێت کەمترین خزمەت کە ئاو و کارەبایە دابین بکات ! بووبێت بەژێر قەرزی دەیان ملیارد دۆلارەوە . پێشبینیە سیاسی و ئابووریەکانی هەمووی پێچەوانەوە و شکستخواردوو بێت.

سیاسەتی نەوتەکەی لەبری قازانج ، توشی زەرەر و غەرامەکردنی ملیارەها دۆلاری کردبێتەوە! موچەی فەرمانبەرەکانی لە جادووی ئەگەری ناردن و نەناردنی بەغداوە دابینبکرێت ! بەم هەموو جادووە ناڕاست و نادروستەوە، چۆن دەکرێت بڕوای ئەو پێشبینیەی لێبکرێت کەدەتوانێت ژیانی خەڵک باشبکات؟

نزیکەی دەساڵە ئەو دەستەڵاتە بەردەوام پێشبینی چاکسازی و ریفۆرمی ئیداری لە داهاتوودا بەگوێ ی خەڵکدا دەدات ، بەڵام هیچکام لە پیشبینیەکانی نەهاتۆتەدی . بەمەرجێک هەموو وێرانەکە لەهەناوی خۆیدا بێت نەک لە دەرەوەی خۆی ، پێویستی چاکسازیەکە لە ئیدارەکەی خۆیدابێت نەک لە خەڵکدا . کەچی ئەو دەستەڵاتە لەتوانایدانیە پێشبینی داهاتووی خۆی بکات ( وەک جادووگەرەکەی ستالین ) ئێستا چۆن دەتوانێت پێشبینی داهاتووی خەڵک بکات ؟ بۆیە هەر لەسەرەتاوە ، ئەو جادووە بەتاڵە. چونکە پێویستی چاککردن و باشکردن تەنیا حکومەت پێویستی پێیەتی ، ئەگەر حکومەتەکە نەتوانێت خۆی باش و چاک بکات ؟ چی باش دەکات ؟ و کێ چاک دەکات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا