سه‌ردار عه‌زیز 04/09/2019 113 جار خوێنراوەتەوە

پێکەوەبونی پەرلەمانی - پێکەوەبونی تیرۆر

هەوڵی داخستی پەرلەمانی بەریتانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە لایەن بۆریس جۆنسنەوە، وروژانی زۆری دروستکردوە لە دەوری. لێرەدا بە هیچ شێوەیەک ئامانجم ئەوەنیە کە دەربارەی ئەو ڕوداوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بدوێم، بەڵکو وەک روداوێک بەکاری دەهێنم بۆ قسەکردن لە خەسڵەتێکی تایبەتی پەرلەمان، کە جۆری پێکەوەبونیەتی.

بۆریس دەیەوێت پەرلەمان دابخات بۆ ئەوەی دەنگیان نەهێڵیت. ئەمە دەکات چونکە دەنگی پەرلەمان جیاوازە لە دەنگی ئەو یان خواستی ئەو. ئەم دیاردەیە ناچارمان دەکات بپرسین: ئایا کاتێک کە دوو پایەی دەسەڵات، لە هەناو سیستەمی پەرلەمانیدا ڕوبەڕوی یەکتر بونەوە، ئایا بێدەنگکردن ڕێگای گونجاوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە؟ دەمەوێت لێرەدا بەراوردێک بکەم لە نێوان پێکەوەبون بە بێدەنگی لە گەڵ پێکەوەبون بە دەنگەوە.

نوسەری فەرەنسی ژان پۆل سارتەر لە کتێبی ڕەخنەی عەقلی دیالیکتیکی باس لە پێکەوەبون دەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکی ڕاستەوخۆ. چۆن گروپێک پێکەوەبونیان یان برایەتییان، فراتێرنیتی، بونیاد دەنێن، لەپێناو ئەنجامدانی کارەکانیان. لای سارتەر دوو جۆرە پێکەوەبون هەیە، یەکێکیان دۆخەکە خەڵکێک پێکەوە دەبەستێت. بۆ نمونە کاتێک لە میانەی خۆپێشاندانێکدا جەماوەر هەمو بە هورژم بەرەو جێگایەک دەڕۆن، حەماسەت بەرزدەبێتە و پێکەوە هێرش دەکەن بۆ ئەو شوێنە، وەک چۆن لە کەوتنی باستیل ڕویدا لە سەردەمی شۆرشی فەرەنسیدا. ئەم پێکەوەبونە، جەماوەرییە، کاتیە، درێژخایەن نیە، خەسڵەتی هەرە سەرەکی ئەوەیە کە تاکەکان لە ساتەوەخت و جێگایەکی تایبەتدا دەبن بەیەک. جۆری دوەمی پێکەوەبون، پێکەوەبونە لە سەر بنەمای پەیمان یان سوێند، بە فەرەنسی ئەسێرمانتێ.

دیارە بنەمای سوێندخواردن ئەوەیە کە ئەگەر هاتو کەسێک خیانەتی کرد ئەوا سزا دەدرێت. بەم پێیە بنەمای سەرەکی ئەم جۆرە پێکەوەبونە تیرۆرە یان تۆقاندن. ڕونە کە لە جۆری پێکەوەبونی لەمجۆرەدا بۆ ئەوەی سەری خۆت لە دەست نەدەیت، وەها باشە زمانی خۆت بگریت. وەک لە گەرمیان دەڵێن، دەم بوەستێ سەر سڵامەتە.

بەڵام پێکەوەبون پەرلەمانی جیاوازە. پێکەوەبونی پەرلەمانی پێکەوەبونە لە سەر بنەمای قسەکردن. هەرچەندە قسەکردنی ئەندامان لە هۆڵی پەرلەماندا، ڕاستەوخۆ بەرامبەر یەکتر نیە، بەڵکو دەبێت ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت، ئەمەش لە بەر هۆکاری تایبەتی خۆی.

پەیوەندی پەرلەمانی بە روداوەوە پەیوەندی پەرچەکرداری نیە. بەڵکو پەیوەندی پەرلەمانی بە ڕوداوەوە پەیوەندیەکی وەڵامدانەوەیە. بۆ ئەوەی گفتوگۆ هەبێت لە نێوان ئەندامە جیاوازەکان و قسە بکرێت لە میانەی پێکەوەبون بە جیاوازەوە، ئەوا دەبێت ڕێز و ڕێسا لە ئارادابێت.

بۆیە ڕێسای پەرلەمانی بەم جۆرەیە. دیارە ئەم خەسڵەتە بێ ڕەخنە نیە. لە دوانزەی دوانزی ساڵی ١٩٩١ لە دوا وانەی ئەو ساڵەی دەربارەی دەوڵەت فەیلەسوفی فەرەنسی پیێر بۆردیو، ئەم پێکەوەبونە دەنگی و گفتوگۆیە لە هەناو پەرلەماندا بە یاری ناودەبات و لای ئەو پەرلەمان بە هەمان شێوەی تەلەفزیونە، چۆن لە کاتی ئامادەبون لە بەرنامەیەکی تەلەفزیونیدا، پێشکەشکارێک داوات لێدەکات کە لە سی چرکەدا ڕاڤەی یەکێک لە قەیرانە ئاڵۆزەکان بکەیت. تۆش لە وەڵامدا هەندێک قسەی سواو دەڵێیت و بەرنامەکە بە سەلامەتی کۆتایی دێت.

دیارە بێگومان ڕەخنەکەی بۆردیو لەوەیە کە گفتوگۆ زیاتری دەوێت. ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی دیموکراسی و دیکتاتۆریەتە. لە دیکتاتۆریەتدا پرۆسەکە بەم شێوەیە: فەرمانێک هەیە، بێدەنگ بە و ئەنجامی بدە. لە دیموکراسیدا، بۆت هەیە قسەی لە سەر بکەیت و بگەیتە سازان. ئەوەی لێرەدا مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە جەماوەر دژ بە دیموکراسییە. یان دژ بە دیموکراسی نوێنەرایەتیە، چونکە جەماوەر گفتوگۆ و دەنگی ناوێت، کرداری دەوێت بە خێرایی. بۆیە وەک ئەمڕۆ لە دونیادا دەیبینین هەتا زیاتر خەڵک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری سیاسەت بکەن، دیموکراسی لاوازتر دەبێت. ئەمەش وەستاوە لە سەر فریودان، باوەرهێنان با سادەیی، بێ پشویی، سەرئەنجام دیکتاتۆریەت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا