هونه‌ر تۆفیق 03/09/2019 766 جار خوێنراوەتەوە

کورد و تورکمان، دیوێکی تری کێشەی کەرکوک

کێشەی کەرکوک وەک چەقی ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان کورد و بەغدادا، دروستکراوی ئەمڕۆنیە. هەر دیدێکی سیاسی سەبارەت بە گرفتی کەرکوک ئەگەر لە سەرەتا مێژوویەکانی تێنەگەیشتبێت، دیدێکی سەرپێیانەیە و توانای چارەسەرکردنی پێ نابێت. دەبێت هەموو ڕەهەندەکانی ئەو کێشەیە لەبەرچاوبگیرێت و هۆکاری ناکۆکیەکان بناسرێتەوە، ئینجاکە نەخشەی چارەسەری پێشنیار بکرێت.

یەکێک لەو ڕەهەندە مێژوویانەی کێشەی کەرکوک لەو ڕێککەوتنانەوە دەبینرێت کەلەنێوان بەریتانیا وعێراق و تورکیادا مۆرکراوە سەبارەت بە ویلایەتی موسڵ. لەئەنجامی ئەو پرۆتۆکۆلانەوە، جۆرێك لەناکۆکی چینایەتی ( ناعەدالەتی دابەشکردنی سامان) لەنێوان کورد و تورکمانەکاندا دروستبووە. کاتێک تورکەکان ئیمتیازی گەڕان و دەرهێنانی نەوتی کەرکوک و دەوروبەریان لە ئینگلیز و عێراقیەکان وەرگرتووە، تورکمانەکان لە کۆمپانیای نەوتی تورکیدا لە کەرکوک و دەوروبەری سودمەندبوون بە دامەزراندن و وەرگرتنی ئەو کارانەی لە کۆمپانیاکەدا پێیان درابوو ( گواستنەوە، دابینکردنی خۆراک، سەرپەرشتیار، مقاوەلاتی دروستکردنی بینا...هتد ) زۆربەی کارەکانی کۆمپانیای نەوتی تورکیا بە تورکمانەکان دراوە کەئەمەش بۆتە هۆی باشی داهات و ژیانی تورکمانەکان و پێچەوانەکەشی کوردەکان لە خراپترین دۆخی هەژاریدا ژیاون.

- 24 ی تەموزی ١٩٢٣ لە لۆزان ، کۆمەڵەی گەلان ، بوونی عێراقی بەو سنوورەی بۆی دیاریکرا پەسەندکرد و تورکەکانیان ناچارکرد بۆ کێشەی ویلایەتی موسڵ لیژنەکەی کۆمەڵەی گەلان قبوڵ بکەن. تا ئەو لیژنەیە سنووری نێوان هەردوو وڵات یەکلا بکاتەوە .

- ٢٩ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٤ کۆمەڵەی گەلان پێشنیاری ( خەتی برۆکسل ) ی وەک سنوور لەنێوان عێراق و تورکیادا پەسەندکرد .

- ١٤ ی ئازاری ١٩٢٥ بەریتانیا و عێراق ، مافی گەڕان و دەرهێنانی نەوتیاندا بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا لەناوچەکانی: باباگوڕگوڕ، جەمبور، باڵخانە، خورمور، تاجیل، داقوق، ئیفتخار، سەلمان بەگ، ئینجانە، ئاقسۆ، نارین، حەسار، خەشم ئەحمەر، شەرقات و خانوقە .

کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە ویلایەتی موسڵ لەلایەن میستەر کیلینگەوە سەرپەرشتی دەکرا. کیلینگ ژەنرالێکی سەربازی بەریتانیای بوو، لە شەڕی کوت ١٩١٥، عوسمانیەکان دیلیان کردبوو ، تا پاش جەنگ ١٩١٨ لە ئەستەنبول زیندان دەکرێت. دواتر کرایە نوێنەری کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە بەریتانیا . دانوستانی وەرگرتنی ئیمتیازی گەڕانی کۆمپانیاکە لەگەڵ بەریتانیەکاندا، کلینگ جێبەجێ ی کردبوو. بەرتیانیەکان بۆ ئەوەی تورکیا ڕازی بکەن دەست لە ویلایەتی موسڵ هەڵبگرێت ، ئیمتیازی نەوتەکەیان پێدابوون .

- ٥ ی حوزەیرانی ١٩٢٦ ، بەریتانیا ، عێراق ، تورکیا دوا ڕێکەوتنیان مۆرکرد کە تورکیا دان بە سنوور و سەروەری عێراقدابنێت. لەبەرانبەردا بەپێی ئەحکامی ئەم ڕێکەوتنە لە بەشی سێهەم، مادەی چواردەهەمدا هاتووە: پێویستە حکومەتی عێراق لە سەدا ١٠ ی داهاتی نەوتەکەی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بدات بە تورکیا . جگە لەو لە سەدا دەیە، لە هەرسێ خاڵەکەی ( ا، ب، ج) دا دیاری کراوە دەبێت عێراق مەسرەفی کۆمپانیا تورکیەکە و خەرجیەکانی ئەو کۆمپانیایانەی پێوەی پەیوەستن بدات بە تورکیا.

-له‌ ١٤ ی دیسەمبەری ١٩٢٨ دا یەکەم گوژمی نەوتی باباگوڕگوڕ لەلایەن کۆمپانیا تورکیەکەوە دەرهاتووە .

لەو ماوەیەدا و پاشتر دوای دەرهێنانی نەوتەکە ، بوژانەوەیەکی دیار بەژیان و گوزەرانی تورکمانە وابەستەکانی کۆمپانیا تورکیەکەوە دەبینرێت . کوردەکانی ئەو ناوچانەش کە ئێستا پێ ی دەگوترێت ناوچە جێناکۆکەکان لە خراپترین دۆخی هەژاری و بێکاریدا ژیاون . لەوێوە سەرەتای جیاوازی گوزەرانی نێوان ئەو دوو پێکهاتەیە دروست بووە ، کە جۆرێک لە جیاوازی چینایەتی لەنێوانیاندا خولقاندووە ، تا سەردەمی بە کۆماری بوونی عێراق.

- لە ١٩٥٩ دا کوردەکانی ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کەرکوک بەدوو هۆکار گۆڕانکاری بەسەر دیدی سیاسی و دەستەڵاتیاندا دێت.

یەکەم: گەڕانەوەی مەلا مستەفا و بەفەرمی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق و بەتایبەتی لە کەرکوکدا .

دووەم: بەشداری کاریگەر و پشتیوانی شیوعیەکان ( لەبەر جیاوازی چینایەتی کوردەکان زۆرینەیان لایەنگری شیوعیەکان بوون )و هێزی چەکداری ( مقاوەمە شەعبی ) بە سەرپەرشتی شیوعیەکان دروست بوو. تورکمانەکان دۆستی کۆماریەکان نەبوون .بۆیە لە کاتی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی شەوافدا ، تورکمانەکان لە سەرەتادا ئاهەنگی خۆشیان لە کەرکوک گێڕا . رۆژی دواتر کە زانرا کودەتاکەی شەواف فەشەلی هێناوە ، مقاوەمە شەعبیەکان تۆڵەیان لە تورکمانەکان کردەوە . بەچاوپۆشی قاسم ، شیوعی و مقاوەمە شەعبیەکان تورکمانەکانیان لە کەرکوکدا سەغڵەت کرد و زۆریان لە دەوڵەمەند و دەستەڵاتدارەکانیان کوشت.

ئەم ناکۆکیە لەم ڕەهەندە چینایەتیەوە لە نێوان کورد و تورکماندا ، تا ئەمڕۆ بەردەوامە . بەشێک لە چارەسەری ناکۆکی کەرکوکیش بە دابین کردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکرێت لە نێوان پێکهاتەکانیدا . هەربۆچوونێکی حیزبی و سیاسی تر لەلایەن هەر پێکهاتەیەکەوە بێت لەو شارەدا ئەگەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگرێت و نەیهێنێتەدی ، جەولەیەکی تر لە کوشتار و دژایەتی لەو شارەدا دروست دەکاتەوە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا