بڕیار ته‌ها 30/08/2019 192 جار خوێنراوەتەوە

کامیان هەڵدەبژێریت؟ باشترین یاریزان یان باشترین ڕاهێنەر؟

ساڵ 2019یە و یانەکان بەرەو وەزێکی نوێ هەنگاوی دەنێن، دەرگای گواستنەوەی یاریزانان بەرەو کۆتا ڕۆژەکانی دەڕوات، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر تەنیا یەک هەڵبژاردنت هەبێت لە نێوان ( باشترین یاریزان و باشترین ڕاهێنەر)دا کامیان هەڵدەبژێریت؟، هەڵبەت پرسیارەکە دوور لە خەیاڵ ئەستەمە ڕووبەرووی یانەکان ببێتەوە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا پرسیارەکە هۆکارە تا ئەوەی بیرکردنەوە لە تۆپی پێی فراوانتر بێت.



لەگەڵ بەرەوپێشچوونی  دنیای تۆپی پێدا، مێرکاتۆی یانەکان و کێبڕکێیان تەنیا لەسەر گواستنەوەی یاریزان چڕ نەبۆتەوە، بەڵکو بازاڕی گواستنەوەکان فراوانبوونی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیووە، خاوەندارێتی یانەکان دەیانەوێت باشترین بەرێوبەری وەرزشی و باشترین بەرێوبەری جێبەجێکار بۆ هەیکەلی ئیداری بگوازنەوە، چ جای بگاتە ئەوەی هەوڵ بۆ ڕاهێنەرێکی بە ئەزموون و لێهاتوو بدەن، تەنانەت لە وەرزی ڕابردوو یانەی لیڤەرپووڵ ڕاهێنەرێکی نوێی ناساند کە تایبەت بوو بە هەڵدانی ئاوت.

 لە دوو دەیەیی ڕابردوودا ڕەنگە تاک یاریزانێک لە یانەکەیدا کاریگەری لە ڕاهێنەرەکەی زیاتر بوو بێت، بەڵام پاش دەرکەوتنی چەند ڕاهێنەرێکی تەواو تاکتیکی لە چەشنی ( مۆرینیۆ و کلوپ و ڤان خال و گواردیۆلا و کۆنتی و پۆچێتینۆ ) ئیدی دەسەڵاتی ڕاهێنەرەکان لە یانەکاندا زۆر زیادی کرد و لە ئێستادا دەستنیشانکرد و گواستنەوەی ڕاهێنەرێکی سەردەمیانە و لێهاتووی خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز لە گواستنەوەی باشترین یاریزان قورسترە.

هەڵبەت لە خۆڕاش نییە یانەکان پێش هەموو شتێک هەوڵی گواستنەوەی ڕاهێنەرێکی گونجاو  و لێهاتوو دەدەن، ئەگەر سەرنج لە چەند نموونەیەک بدەین، یۆڤانتۆس توانی بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ کریستیانۆ بگوازێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی بەدەستهێنانی چامپیۆنسلیگ بوو، بەڵام دواجار بەهۆی هەڵە دووبارەکانی ئالێگرییەوە نەیتوانی ئەو خەونەی بێتە دی، کاتیک ماوریزیۆ ساری یانەی ناپۆلی جێدەهێڵێت، خۆ ئەگەر ڕاهێنەرێکی تاکتیک و خاوەن کەسایەتی بەهێزی وەک ئانچلۆتی شوێنی نەگرێتەوە، ئەوا ئێستا ئەو یانەیە زۆرێک لە یاریزانەکانی لە پاریس سانجێرمان و خولی ئیگلیزی و خولی ئیسپانی یارییان دەکرد، بەڵام لێهاتووی ئانچلۆتی سەرۆکی یانەکە (دیلاورێنستی) ناچارکرد مانۆلاس و چوار گرێبەستی دیکەشی بۆ ئەنجام بدان و پارێزگاری لە کۆلێبالیش گرنگترین یاریزانی یانەکەیان بکەن.

 یانەی چێڵسی ماوەی چەندین ساڵە گرفتی هەرە سەرەکیان نەبوونی ڕاهێنەرێكی لێهاتووە، کە بتوانێت بۆ چەند وەرزێک دۆخی یانەکە لە ئاستێکی تا ڕادەیەک بەرز و جێگیردا بهێڵێتەوە، یانەی مانچستەر یونایتد جگە لەوەی سێر ئالێکس فێرگسۆن وازی هێنا و ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕووداوە یانەکە کەوتە قۆناغێکەوە کە دورستکردنەوە کارێکی ئاسان نییە و ئێستاشی لەسەر بێت شەیتانە سوورەکان هەوڵەکانیان تەنیا بۆ دۆزینەوەی ڕاهێنەرێکی باشە، ئەگەرنا ئەوان توانیان بە 105 ملیۆن یۆرۆ پۆگبا و 85 ملیۆن پاوەندیش هاری ماگوایەر بۆ یانەکەیان بگوازنەوە، بەڵام ئایا یانەکە زیاتر پێویستی بە ڕاهێنەرێکی خاوەن پلان و پرۆژە و سەردەمیانەوە بوو یان گرانترین یاریزانەکان پەلکێشی ڕیزەکانی بکات؟.

با لە دۆخی بەرشەلۆنە وردبینەوە، ئەو یانەیە خاوەنی مێسییە ئەو هێرشبەرەی لە ماوەی 5 خولەکدا لە توانیدایە هاتریک تۆمار بکات و یانەکەی بگەیەنێتە قۆناغی داهاتوو، بەڵام ئایا تەنیا یاریزانێک دەتوانێت یانەکەی بە نازناوی بگەیەنێت، تەواوکەری پڕۆژەکەی بلوگرانا ڕاهێنەرێکە بتوانێت سەرپەرشتی گرێبەستەکان بکات و خۆی خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتایی بێت، لە توانایدا بێت پلانی وەرزەکە بە ورد دابڕێژێت و قەناعەت بە یاریزانەکانی بکات کە دەتوانن جێبەجێی بکەن،

بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەو بارەیەوە نەمێنێت کە (گواستنەوەی باشترین ڕاهێنەر لە گواستنەوەی باشترین یاریزان پێویسترە) دەبێت زۆر بە وردی بە دۆخی چوار ساڵی ڕابردووی لیڤەرپووڵدا گوزەر بکەین، ئەو یانەیە کە لەسەر دەستی بریدان ڕۆجێڕز بۆ نێو کێبڕکێی گەورەکانی پڕێمەرلیگ گەڕایەوە، بەڵام ئەگەر کارگێڕی ڕیدز لە کات و وەختی خۆیدا یۆرگن کلوپی ئەڵمانیان بۆ ڕاهێنەرایەتی یانەکەیان پەلکێش نەکردایە،  ئایا بریدان ڕۆجێرز لە توانیدابوو ساڵ بە ساڵ لەگەڵ گەشەکردنی یانەکانی دیکەی ئەوروپا و خولی ئیگلیزییدا، برەو بە ئاستی یانەکەی بدات و لە نێو بازنەی کێبڕکێیەکەدا بمێنێتەوە؟!.
لەم نووسینەدا بواری ئەوە نابێت تەواوی کارەکانی کلوپ لەگەڵ لیڤەرپووڵ بخەمە ڕوو، بەڵام گرنگترین گۆڕانکاری ئێستای لیڤەرپووڵ ئەوەیە نەک ئەوەی یاریزانەکانی ئامادە نین یانەکە جێبهێڵن، بەڵکو کلوپ قەناعەتی بە کارگێڕی یانەکەی کردووە 75 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی ڤان دایکدا خەرج بکەن و لە کێبڕکێیەکی تونددا لە چنگ یانەکانی مانچستەر یونایتد و مانچستەر سیتی بڕفێنێت و دوێنێ شەویش وەک باشترین بەرگریکار و یاریزانی کیشوەری ئەوروپا دەستنیشان دەکرێت، شەش مانگ دواتریش ئالیسۆنی گۆڵپاریزی لە یانەی ڕۆماوە بە بڕی نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ ڕیزەکانی بگوازێتەوە و ئەویش خەڵاتی باشترین گۆڵپاڕێزی ئەوروپا بباتەوە.

پێش کلوپ یانەی لیڤەرپووڵ خاوەنی پرۆژە و پلانێكی دیاریکراو نەبوو، ئەگەر یانەکانی دیکە ئاستیان وەک پێویست نەبوایە، ئەوا لیڤەرپووڵ دەهاتە پلەکانی پێشەوە و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام کاتێک کلوپ ڕوودەکاتە یانەکە، ئیدی یانە سوورپۆشەکە دەبێتە دێوەزمەی ئەوروپا و کێبڕکێی توندیش لەسەر پرێمەرلیگ دەکات، جارێکی دیکە هاندەرانی لیڤەرپووڵ متمانەیان بۆ دەگەرێتەوە و تەنیا بۆ بەسەر بردنی ڕۆژی پشووەکەیان لە شەممان و یەکشەمماندا سەردانی یاریگای ئانفێڵد ناکەن، بەڵام بە درێژایی 90 خولەک نەک هەر ئەوەی چاویان لەسەر 3 خاڵی یارییەکەیە، بەڵکو بە تەواوی مانا چێژ لە تیپەڕاندنەکانی سەلاح و مانێ و نمایشەکانی فیرمینۆ و لێدانە سەرەکانی ڤان دایک و ئۆڤەرەکانی ئارنۆڵد و ڕۆبێرتسۆن وەردەگرن، سەریکردنی یاری میلنەر بەو رۆحیەتە جەنگاوەرە ڕۆمانییەوە و سەرکردایەتیکردنی یانەکە لە لایەن هیندرسۆنە و شوێن بە خۆ نەگرتنی ڤیناڵدۆم و سەیڤە نایابەکانی ئالیسۆن و ماندووبوونی ماتپ هەموو بەهۆی لێهاتووی و کاریزمایی کلوپەوە، وەرزی ڕابردوو تا هەفتەی 10ش بە ڕوونی هەست بە ناکۆکی نێوان مانێ و سەلاح دەکرا و هەردوو یاریزانەکە تا ڕادەیەکی زۆر نزیکبوو لەوەی ئامانجی یانەکە لە پێناو بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیاندا بکەنە قوربانی، بەڵام بەبێ ئەوەی یەک وشە لەو بارەیەوە لە نێو یانەکەدا بگوترێت، کلوپ وەک باوکێک و هاوڕێ و ڕاهێنەر توانی ئەو ئاگرە بکوژێنێتەوە و دواجار بە بردنەوەی نازناوی یانە پاڵەوانەکان ئەو دیمەنە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرچاوی بینەر بە گشتی کاڵ بوویەوە.

ئێستا وەڵام بدەرەوە تۆ کامیان هەڵدەبژێریت، باشترین یاریزان یان باشترین ڕاهێنەر؟



لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا