هێمن عه‌بدولقادر 30/08/2019 121 جار خوێنراوەتەوە

پەروەردەی بچوک و نەبینراو

هێمن عه‌بدولقادر

تاکە شتێک کە مرۆڤ لە هەر ئاژەڵ و زیندەوەرێکی تری ناو سروشت جیادەکاتەوە (پەروەردە)یە، مرۆڤ ئەگەر (پەروەردە)ی لێبکەیتەوە، دەبێتەوە بەو مرۆڤە کێویەی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا پەلاماری دەیناسور و شێر و پڵنگی داوە، حەزی مرۆڤ بۆ پەلاماردانی ئەوانی تر، تێگەشتنێکی (ئەنثرۆپۆلۆژیە)، ئەگەر پەروەردە نەما مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر هەمان ئەو یاسایەی کە پێش (پەیمانی کۆمەڵایەتی) لە جەنگەڵدا کاری پێکراوە، وەک کۆمەڵناسی گەوەرەی ئەڵمانی (سۆفسکی) دەڵێت:” گەر پەلامار نەدەیت پەلامار ئەدرێیت”، لەبەر ئەوە: ئەوە پەروەردەیە کە مرۆڤی گۆڕیوە لەبری ئەوەی لەگەڵ کەڵبە و نینۆکی شێردا زۆران بگرێت، بەڵکو باوەش بکەن بەیەکداو یاری بکەن. ئەم پەروەردەیەش لە فڕێدانی کلێنکسێکەوە دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە چۆنیەتی ڕێزگرتن لە درەخت و ئاژەڵ و باڵندەکان.

ئەم پەروەردەیە لە چۆنیەتی ڕێزگرتنی دراوسێکانتەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە ئەو ئۆتۆمبیلەی کە تۆ لەسەر هێڵی پەڕینەوەی پیادە ڕای دەگرێت، (ئاخر من منداڵەکەم لە قوتابخانەیەکی نمونەییە، دایک و باوکی وا دەبینم کاتێک دێن بەشوێن منداڵەکانیان ئوتومبێلەکانیان بایی چوار دەفتەر دۆلارە کەچی لە شوێنی پەڕینەوەی منداڵەکەی خۆی ئوتومبێلەکەی رادەگرێت، تەنها بۆ ئەوەی ١٠٠م بە پێ نەروات) لە هیچ شوێنێکی دنیا نەبووە کە پەروەردە تێیدا بەهێزبێت، منداڵ لە هەشتی بەیانیەوە فڕێ بدرێتە کۆڵان، تا سەعات ١٢ شەو.. لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە، سەد نوشتە و شێخ و مەزار و دکتۆر بکەیت تا خوا (کوڕ)ێک بداتێ، کەچی هەر کە دایپێت، تۆ بە تۆپێک و پاسکیلێک و هەندێک تەرەقە و قومبەلەوە فڕێیبدەیتە کۆڵان بۆ ئیزعاجکردنی خەڵکی.

یاسا هیچ کاتێک ناتوانێت سنوور بۆ توندوتیژییەکانی مرۆڤ دابنێت، چونکە وەک وتم مرۆڤ بە دیدە مرۆڤناسییەکەی توندوتیژە و پاساویش دەهێنێتەوە بۆ ئەم خراپە کاریانەی، تەنها پەروەردەیە کە دەتوانێت مرۆڤ بکات بە ئاژەڵ و بە پێچەوانەشەوە..

پەروەردە لە جل و بەرگ و خۆگۆڕین و نانخواردن و گەورەکردنی منداڵەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە شیوازی ئیدارەدانی وڵات، پەروەردە دەبێت مرۆڤ فێر بکات ئاوی پاک بۆ خواردنەوەیە نەک بۆ بەردەرگا شتن!! پەروەردە دەبێت مرۆڤ فێرکات خوێندنەوە و نووسین بۆ ئارامی و کامڵبوونە نەک توندو تیژ بوون. پەروەردە دەبێت خەڵکی فێر بکات بەرژەوەندی خۆی نەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتیی، نابێت ئوتومبێل بە ڕۆنگ ساید لێبخورێت، نابێت ئوتومبێل لەسەر شۆستە و شوێنی پیادە و خاوەن پێداویستی تایبەت رابگرێت. پەروەردە دەبێت فێرمان بکات مۆلیدە بۆ سپلیت و سەلاجەیە نەک بۆ ڕاوە ماسی، (تی ئێن تی) بۆ هامەر تەقاندەنەوەیە، نەک هەرچی زیندەوەری ناو چەم و رووبار هەیە جینۆسایدی بکەین! سهراب وتی: ”با ئاوەکە لێخەن نەکەین، پێدەچێ لەو خوارە کۆترێک ئاو بخواتەوە”، شاملۆ وەک لاقرتێ و گاڵتە پێکردنێک بۆینووسی: ”لە کاتێکدا هەزاران مرۆڤ لە ڤێتنام دەکوژرێن تۆ لە خەمی کۆترێکدایت؟”. سهراب وتی:” ئەوانەی کە لە ڤێتنام خەڵک دەکوژن، هەر ئەوانەن کە لە سەرەتادا پەروەردە نەکراون و فێر نەکراون لەخەمی کۆترێکدا بن”.

نوقتە سەری دێڕ.... ئەوانەی کە لەخەمی ئەو شتە بچوک و نەبینراوانەی ژیاندا نین، هەر ئەوانەن کە دەچنە شوێنی گەورەش لە خەمی هیچ کەس و هیچ شتێکی گەورەشدا نین، چونکە هەر بەڕاستی پەروەردە نەکراون..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا