هونه‌ر تۆفیق 26/08/2019 698 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل لەدووری رۆکێتەکانی شیعەدا

ماوەی نیو سەدە زیاتر لە ١٩٤٨ -٢٠٠٣، سونەکان پێشەنگی بەرەی رووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل بوون. سوننەکان سەرکردایەتی جەنگەکانی دژ بەئیسرائیلیان لە ١٩٤٨،١٩٦٧، ١٩٧٣ و دواترینیان لێدانی ٣٩ رەکێتی سکودی عێراق ١٩٩١ کردووە.

لەو ماوەیەدا هەمیشە سونەکان هاوئایینەکەی خۆیان (شیعە) یان بەوە تۆمەتباردەکرد کە ژێربەژێر هاوکاری ئیسرائیلن. پیاوە ئایینیەکانی سونەش لە گێڕانەوەی مێژووی شیعەدا، ئەو مەزهەبەیان بە دەستکردی جولەکە دەناساند.

جەمال عەبدولناسر و سەدام حسەین و شا فەیسەڵی سعودیەی عەرەبی سەرسەخترین سونەکانی نەیاری بوونی قەوارەی ئیسرائیلی بوون. لە مەنهەجی خوێندنی سعودیدا منداڵە سعودیەکان وا فێردەکران کە گەورەترین مەترسی لەسەر ئیسلام بوونی جولەکەیە.

ئەم سەنگەرەی سونە لە بەرانبەر ئیسرائیلدا لە سەدەی بیست و یەکەمدا و لە ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی کۆمارەکەی سەدام حسەینەوە چۆڵکرا و لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی سونە مەزهەب بە سعودیەی عەرەبیشەوە لەئاستی جیاوازدا پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیداکردووە. شیعەکان شوێنی سەنگەرەکانی سونەیان دژ بە ئیسرائیل پڕکردۆتەوە.

تاکتیکی سەربازی ئەو وڵاتانەی لە ناکۆکیە جیهانیەکان دەگەن (لەوانەش ئێران ) لە قۆناغێکی نوێدایە کە دەکرێت پێی بگوترێت سەردەمی رەکێتە زیرەکەکان.

روسیا مۆدێلێکی نوێ ی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لە ستراتیژی سەربازیدا داهێنا کە مۆدێلی رەکێتە هایپەرسۆنیک Hypersonic کەکانیەتی.
بەچاولێکەری روسیا، ئێرانیش وەک سەرکردەی جیهانی شیعە، توانا تەکنەلۆجیەکانی لە بەرهەمهێنانی ڕەکێتە زەمین - زەمینی، زەمین - ئاسمانی، دەریا - زەمینی، چڕکردۆتەوە. ئەم لێهاتووەییەی ئێران لە کەرتی ڕەکێتدا، بۆ لایەنگرەکانی بۆتە بەرەکەت و بۆ نەیارەکانیشی مەترسیەکی گەورەیە. 

حیزبوڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی و سوپای سوریای ئەسەد و حوسیەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق کە هەموویان بە عەقیدە و فەرمان بەستراونەتەوە بە ئێرانەوە و جۆرەها رەکێتی ئێرانی دوور و کورت مەودای ئێرانیان لەبەردەستدایە ، بەدەوری ئیسرائیلدا سەنگەرەکانیان تۆکمەکردووە.

بەجۆرێک بەرەکەیان تێکەڵاوکردووە وەک تۆڕێکی پێکەوە بەستراو سنووری نێودەوڵەتی لە نێوانیاندا نەماوە . لەو چوارچێوەیەدا حیزبووڵا لە دیمەشقە ، سوپای قودس لە لوبنانە ، حەشدی شەعبی لە یەمەنە و حوسیەکان لە عێراقن ...نەرمی لەگواستنەوە وسانایی لە جوڵەی رەکێتەکانیان لەنێوان خۆیاندا گەورەترین مەترسی خستۆتە دڵی ئیسرائیلیەکانەوە.

ئەو کاتەی ئیسرائیل مەترسی لەبەرەی سوننە هەبوو چارەسەرکردنی ترسەکەی ئاسانتربوو وەک پرۆسەی ئۆپرا ١٩٨٠ کە کورە ئەتۆمیەکانی عێراقی وێران وخاپورکرد ، دەیتوانی خاڵی هێزی بەرانبەرەکەی بپێکێت و لەبەینی بەرێت . بەڵام لەم ستراتیژە تازەیەی شیعەدا خاڵی هێزیان لە پەرشبوونی رەکێتەکانیاندایە بەو وڵاتانەی بەدەوری ئیسرائیلەوەن.

چارەسەرکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە (بۆردمانەکانی سوریا و دواترینی عێراق - حەشدی شەعبی) لەلایەکەوە گۆبەنگ نانەوەیە بۆ ئەمریکاییەکان لە عێراقدا و لەلایەکی تریشەوە دنەدانە بۆ ئەوجەنگەی هیوادارە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبدات.

دوو ئەنجام چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ئەم جەنگەی نێوان شیعە و ئیسرائیلدا. یەکێکیان تەمەنی هەیمەنەی شیعە لەناوچەکەدا درێژدەکاتەوە و لەدنیای ئیسلامدا بەشەڕی کافر و موسڵمان وێنا دەکرێت کە ئەو سۆزە بۆ ئێران و شیعە دەبێتە دەستکەوت . ئەوی تریان بەتەواوی گیرۆدەکردنی ئەمریکایە لە عێراق و سوریادا تا ئاستی کشانەوە و جێهێشتنی بۆ ڕوسیا و ئێران.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا