سه‌ردار عه‌زیز 21/08/2019 216 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریکا لە دیموکراسیەوە بۆ ئاسایش

بە دیموکراسیکردنی دونیا یان دیموکراتیزەیشن، یەکێکە لە پرۆسە و چەمکە بڵاوەکانی پاش جەنگی سارد. ئامانجی ئەم پرۆسەیە ئەوەبو کە دیموکراسی بە دونیادا بڵاوبکاتەوە. ئەم پرۆسەیە ڕەخنەی زۆر زۆر لە سەرە، بەڵام ئێمە لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە وەریدەگرین.

ئایا چۆن ئەم پرۆسەیە کاریگەری هەبو لە سەر کورد لە عێراق؟ یەکەم هەنگاوی ئەم پرۆسەیە بەوە دەستپێدەکات کە عێراق لە وڵاتێکی ناوەندیەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی لامەرکەزی.

ئەمە ڕێگە بە کورد دەدات کە لە سەرەتای نەوەدەکان هەڵبژاردن بکەن. دووەم هەنگاو، کاتێک کورد لە بڕی حکومەت دروستکردن شەڕی یەکتر دەکەن، لە ساڵی ١٩٩٨ مادیل ئۆلبرایت لەوەی بە ڕێککەوتنی واشنتۆن ناسراوە، پەیمان بە کورد دەدات کە وەک کوێت بیانپارێزێت. هەرچەندە دەکرێت دابەشبونی کوردستان بە ناوچەی سەوز و زەرد یان لە قاڵبگرتنی دوو ئیدارەیی یەکێک بێت لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی ڕێککەوتنی واشنتۆن. وەها هەست دەکەم بە فشاری تورکیا، کە یەکێك بوە لە بەشداربوانی ڕێککەوتنەکە، ئەو ئارگومێنتە زاڵبوە کە باشترە یەکگرتنەوە نەبێت، چونکە پەرتی دەبێتە هۆی هاتنە ئارای میکانیزمی چاودێری یەکتر. گەر کەسێک بە ئاگابێت لە خیتابی سیاسی تورکی بە ئاگایە کە ئامانج چیە.

لە ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا عێراق داگیر دەکات، پرۆسەی هەرە گەورە و ڕاستەوخۆی دیموکراتیزەیشن دەست پێدەکات کە هەردوو پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە لە خۆی دەگرێت. ئەوەی لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسیدا بە ستەیت بڵدینگ و نەیشن بڵدینگ ناسراوە. یەکەم ئامانجی ئەمریکیەکان ئەوەبوە کە عێراق ببێتە وڵاتێکی دۆست و بتوانێت پاریزگاری لە خۆی بکات و بەشێک بێت لە سیستەمی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات. 

لێرەدا قسە زۆرە بیکەین بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پرسی بونیادنانی دەوڵەتی عێراق و هەروەها کوردستانە. ئەمریکاییەکان لە میانەی پرۆسەی بونیادناندا هاوکاری میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوی جیاواز دەبن لەم بوارەدا. لەم سەردەمەدا چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێتە یەکێک لە چەمکە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی. دیارە لە دیدە هێگڵییەوە کۆمەڵگای مەدەنی میانگیریە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا، کاتێک نە خەڵك هەیە نە حکومەت، ئەوا ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی تەنها نێگەتیف دەبێت. چونکە میانگری لە نێوان دوو جەمسەری لاواز یان نەبودا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە میانگری لە نێوان دوو لاواز یان هیچدا، بە دیدێکی ڕەخنەییانە، لە ئەنجامدا لاوازی هەموی لێدەکەوێتەوە. دیارە ئەگەر بە دیدێکی سینیک قسە بکەین نە خەڵک و نە کۆمەڵگای مەدەنی و نە حکومەت هاوردە ناکرێت وەک شمەک. بە هەمانشێوە ڕێکخراوە بیانیەکان هاوکاری میدیا دەکەن و لە ئەنجامدا کەشێکی باشی میدیای ئازاد دێتە ئاراوە لە کوردستان. 

لە چەند ساڵی ڕابوردودا ئەمریکا زۆر بێتاقەت و بێزارە لە چەمکی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە. ئەم بێزارییە لە ئەنجامی بێئەنجامی هەوڵەکاندا بوە لەم بارەوە. هەروەها خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بەبێ هیچ سودێک. 

یەکێک لە دوفاقیە سەیرەکانی ئەم بوارە ئەوەیە کە لە سەردەمی ئۆبامادا ئەم وەرچەرخانە ڕوئەدات. ئۆباما کە خۆی پاشخانی چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بو، پێش ئەوەی سیاسی بێت، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاراستەیەک دەبات کە دەڵێت گەر مەترسی ڕاستەوخۆ نەبێت لە سەر ئەمریکا ئەوا ئەمریکا پێویست ناکات بە ڕاستەوخۆیی دەستوەردان بکات.
هەوڵ و جەنگەکانیش لە پێناو گۆڕینی ڕژێم و بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە هەمو بە کارێکی گەمژانە لە قەڵەم ئەدات.

لە سەردەمی ئۆبامادا چەند چەمکێک دێتە ئاراوە، وەک سەرکردایەتی لە پاشەوە، بە پارتنەرکردنی هێزە لۆکاڵەکان، درۆن یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها قاچ نەخستە سەر زەوی. هەمو ئەم چەمک و پرۆسانە ئاماژەن کە ئەمریکا ئامانجی ئیدارەدانە نەک گۆڕانکاری و بونیادنان. لێرەوەیە چیدی دیموکراسی یان بە دیموکراسی کردن هەوڵدان بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت بایەخ لە دەست دەدەن لە سیاسەتی ئەمریکیدا و هەمو هەوڵ لە سەر ئەوە دەبێت کە چۆن ئاسایش، بە مانا فراوانەکەی، فەراهەم بێت. جەختکردنەوەی ئەمریکا لە سەر ئاسایش، بە مانای کارکردن لە سەر ریفۆرمی بوارەکانی ئاسایش، کە هەمو چەکدارێک دەگرێتەوە، بە هەمو جیاوازییەکانیەوە لە هەناو سیستەمی حوکمڕانیدا، بە مانای ئەوە دێت کە ئامانجەکان سنوردارن و زۆرجار دابڕاون لە کۆمەڵگان. لەم ڕوەوە ئەوروپیەکانیش بە هەمانشێوە لە گۆڕانی ئەجیندایاندان. بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکان لە سەر چۆنێتی و چیەتی ئاسایش. بۆ ئەمریکاییەکان هاوپەیمانێتی و کاریگەری لە سەروی هەمو شتێکەوەیە. بەڵام ئەوروپاییەکان باس لە ریفۆرمی کەرتی ئاسایش دەکەن، هەروەها حوکمداری کەرتی ئاسایش لە گەڵ ئاسایشی مرۆیی. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریکیدا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر کورد لە عێراق. لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی نەمانی میدیای ئازاد، نەمانی کاریگەری کۆمەڵگای مەدەنی، باس نەکردنی دیموکراسی و ماف و ئەم چەمکانە. جەختکردنەوە لە سەر ڕیفۆرمی پێشمەرگە، پاشان کەرتەکانی تری ئاسایش. 

هەوڵی من لەم بوارەدا هەمیشە لە ڕوانگەیەوە هاتوە کە سوپا دەزگایەکی ئاڵۆزە دەرئەنجامی هەمو پێکهاتە و خەسڵەتەکانی ناو کۆمەڵگایە. کۆمەڵگایەکی لاواز هەرگیز ناتوانێت خاوەن سوپایەکی کاریگەر بێت، بۆیە ڕەنگە لە مێژودا سەرۆگەیت کاریگەری هەبوبێت بەڵام ئەمڕۆ سەردەمی بەسەر چوە. سەرۆگەیت بە مانای سودبینین لە هێزی خەڵکانێک بۆ بەرژەوەندی خەڵکانێکی تر.

توانیمان ئەو ئارگومێنتە ببەینەوە کە پرۆسەی ریفۆرمی کەرتی ئاسایش پێش هەمو شتێک سیاسیە، نەک ئیداری و دەزگایی. بە داخەوە زۆربەی زۆری کۆمەڵگای کوردی و هێزەکانی لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەن لە ئاستی مەعریفی و کرداریدا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا