ئه‌حمه‌د هێرۆیی 19/08/2019 262 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی ڤاڵڤێردی ناتوانێت سەرکەوتووبێت لەگەڵ بارسێلۆنا

 

ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا کە ئەمساڵ بۆ سێ یەم وەرزە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنای پێ سپێردراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی هەوادارانی ئەو یانەیەیە تا ئێستا ئەم ڕاهێنەرە نەک نەیتوانیوە پەرە بە ئاستی یانەکە بدات و بیگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی، بەڵکو یانەکەی خستۆتە دۆخێکی چەقبەستووەوە، کە ئەم یانەیە لە زۆر لایەنەوە کەوتۆتە دوای یانە گەورەکانی ئەوروپا و نزیکە بەتەواوی ئەو یانەیە دادەماڵرێت لە هەمووی جوانیەکانی کە پێشتر یانەکەی پێ دەناسرایەوە.

لەم سەردەمەی ئێستادا کە تۆپی پێ لەهەموو لایەنێکەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە هەم لە لایەنی تاکتیکی و هەمیش لە ڕووی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و کارگێڕییەوە، وەهەروەها ڕاهێنەران بوون بە ژمارە یەک لە جیهانی تۆپی پێدا، هەر بۆیە هەموو ڕاهێنەران لەسەریان پێویستە بتوانن ببن بە کاریگەرترین کەسایەتی لە چوارچێوەی تیپ دا، هەتاوەکو بتوانن لەهەموو لایەنێکەوە وا لە یانەکان بکەن کە هەنگاوەکانیان بەرەو ئامانج و بیری خودی ڕاهێنەرەکان بێت،هیچ شتێک نەبێتە ڕێگر لەبەردەمیان تا ئەوەی دەیانەوێت جێ بەجێی بکەن.

وە کە سەیر بکەین دەبینین لە ئێستادا زۆر یانە هەیە ئامادەیە تەواوی تیپەکەی بداتە دەست ڕاهێنەرەکەی و هەموو داواکارییەکانیشی بۆ جێ بەجێ بکات، بۆ ئەوەی ڕاهێنەر بتوانێت بەتەواوی شێوازو فەلسەفەی خۆی بەسەر تیپەکەدا جێبەجێ بکات و بتوانێت تەواو تیپەکە بهێنێتە سەر ئەو ڕێچکەیە کە خۆی دەیەوێ،لەبەرامبەردا دەبێت ڕاهێنەرەکە هەموو بەرپرسیاریەتیەک لە ئەستۆ بگرێت،بۆیە ئێستا زۆربەی یانەکان ئازادی تەواو بە ڕاهێنەرەکەیان دەدەن لە بڕیاردان، بەڵام کە سەیری یانەی بارسێلۆنا بکەین دەبینین لە ئێستادا لە ژێر دەستی ڕاهێنەرێک دایە کە سنوری دەسەڵاتی زۆر سنوردارە تەنانەت ناتوانێت یاریزانێکیش بە ئارەزووی خۆی بکڕێت،هەتاوەکو بتوانێت بەوجۆرەی کەدەیەوێت تیپەکەی ئاڕاستە بکات، بەتایبەت کەلە تیپێکی فەلسەفی دایە، کە ناچارە زیاتر هەر لەسەر ئەو فەلسەفەیە بڕوات،کە ئەمەش سەرلێ شێواویەکی زیاتری بۆ ڤاڵڤێردی دروستکردووە،چونکە وەک دیارە ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری ئەو جۆرە شێوازە نییە کە یانەکە هەیەتی.

ڕاستە ڤاڵڤێردی گۆڕانکارییەکی کەمی لە شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنادا کردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە تەواو کاریگەری خۆی بەسەر یانەکەوە بەدیار بخات،چونکە هەم کارگێڕی وەک پێویست یارمەتیدەر نییە،هەم کەسایەتی ڤاڵڤێردیش ئەوە نییە بتوانێت بە هەڕەشەکردن کارگێڕی ئەو یانەیە بترسێنێت کە دەست نەخەنە کارەکانییەوە و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵکو ڤاڵڤێردی ئامانجی تەنها ئەوەیە لەڕێگەی بەدەستهێنانی ئەنجامەوە بتوانێت کارگێڕی یانەکە لەخۆی ڕازی بکات، هەتاوەکو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە چونکە دڵنیایە شوێنێکی باشتری دەست ناکەوێت.

بۆ ئەو مەبەستەش ڤاڵڤێردی زۆرترین هیوای لەسەر مێسی هەڵچنیووە کە ئەوە خۆی لەخۆیدا گەورەترین کێشەیە، چونکە تۆپی پێی سەردەم تۆپی پێی ڕاهێنەرانە، ڕاهێنەران زۆر کاریگەرترن لە یاریزانان،ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە تەنها یاریزانێک وەک سوپەر مان هەموو جارێک فریات بکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە هەمووی تاوانی ڤاڵڤێردی نەبێت،چونکە بژاردەکانی ئەو ڕاهێنەرە لەو یانەیەدا زۆر کەمن ئەوانەشی کە هەن سنوردارن ڤاڵڤێردی ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ تاکتیک دا بکات، وە ناتوانێت بڕیار لەسەر کڕین و فرۆشتنی یاریزانان بدات، کارگێڕی کێی بوێت ئەوە دەکڕێت و کێیشی بوێت دەفرۆشێت،لەکاتێکدا دەبێ ڕاهێنەر بڕیاردەری یەکەم بێت لەو بارەیەوە، وه کێشەیەکی تری ڤاڵڤێردی ئەوەیە بۆخۆشی ڕاهێنەرێکی سارد و سڕە و ناتوانێت تیپەکەی لەکاتە هەستیارەکاندا بوروژێنێت، هەتاوەکو بتوانن ئەوەی بە تاکتیک بەدەست نایەت بە گرینتا بەدەستی بێنن، هاوشێوەی یۆرگن و کڵۆپ و پۆچتینهۆ و سیمیۆنی و چەند ڕاهێنەرێکی تر کە زۆر جار سود لەم لایەنە وەردەگرن، بەڵام ڤاڵڤێردی هەموو چاوێکی لەسەر تاکتیک و مێسی یە کە لە تاکتیکیشدا هێندە بلیمەت نییە.بۆیە بەگشتی دەتوانین بڵێین نە بارسێلۆنا ئەو یانەیەیە کە ڤاڵڤێردی تێیدا بتوانێت برەو بە تواناکانی خۆی بدات یان بتوانێت کەسایەتیەکی سەنگینی هەبێت، نە ڤاڵڤێردیش لە ئاست ڕاهێنەری ئەو جۆرە تیپانەیە، بەڵام ئەوەی وایکردووە ڤاڵڤێردی بەردەوام بێت چەند مەبەستێکی دەستەی کارگێڕییە کە من پێم وایە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی یانەکە نییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئه‌حمه‌د هێرۆیی

سەرەتا