عومه‌ر گوڵپی 17/08/2019 803 جار خوێنراوەتەوە

لە کوێتان هێنا؟


تەمەنم تەنها شەش ساڵان بوو، بێجگە لەو ئاداب و ڕەوشتە بەرزانەی‌ کە لە دایک و باوک و برا گەورەکانەوە فێر دەبووم، دەچوومە مزگەوتیش، یەکەمین شتانێک کە لە مزگەوتەوە فێری‌ دەبووین، بابەتەکانی‌ پەیوەست بە ڕەوشت بوون، وەک ڕاستگۆیی‌، دەستپاکی‌، داوێن پاکی‌، زمان شیرینی‌ و وازهێنان لە جنێوو و تانە لێدان و ناووناتۆرە بەکارهێنان و ناوهێنانی‌ کەسانێک بە ناوێک کە خۆیان پێیان خۆش نییەو دەیان ڕەوشتی‌ بەرزی‌ ترو زمان شیرینی‌ تر ...، تەنانەت لە قوتابخانەش هەمان ئەم ڕەوشتە بەرزانەمان دەخوێند و فێری‌ دەبووین، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەوانەی‌ فێریان دەکردین خۆشیان نمونەی‌ ئەم ڕەوشت بەرزی‌ و زمان پاراوی‌ و دەست و داوێن پاکییە بوون و هەرگیز لە پێناو هیچ شتێکدا لە و ئادابە بەرزانە نەدەهاتنە خوارەوە، ئایا ئێمە هەڵە بووین؟ بێگومان نەخێر، گەورەترین پانتایی‌ ئیسلام بۆ ئەم بوارە تەرخانەو ئەگەر بابەتی‌ ڕەوشت و بەها بەرزەکان لە ئیسلام و مامەڵە شیاو لەگەڵ خەڵک (بە مسوڵمان و نامسوڵمانەوە) لە شەریعەت داڕنین، ئیتر شتێکی‌ ئەو تۆ نامێنێتەوە لە دین.

ئایا دەم پاک و بە ڕەوشت بین تەنها لەگەڵ مسوڵمان؟ ئایا مافی‌ ئەوەمان هەیە جنێو بە نا مسوڵمان بدەین و زمانمان تاڵ و ترش بێت لەگەڵیدا؟ بێگومان نەخێر، مرۆڤی مسوڵمان زمانی‌ پاکە لە ئاستی‌ مسوڵمان و نامسوڵمان، لە ئاستی‌ مسوڵمانی‌ پابەندو مسوڵمانی‌ نا پابەند، لە ئاستی‌ هەموو کەسێک بێ جیاوازی‌، هیچ هۆکارێکیش نییە ببێتە هۆی‌ ئەوەی‌ مسوڵمان واز لەم ڕەوشت بەرزی‌ و ئادابە بەرزانە بهێنێت، نەوەک مسوڵمانێک کە وەک ئێمە باوەڕدارەو تەنها لە بۆچوونێک لەگەڵمان جیاوازە، بەڵکو ئەگەر کەسانێک خەڵک بانگ بکەن بۆ رێگەی‌ شەیتان، بۆ رێگەی‌ خراپەکاری‌، بۆ جەهل و نەفامی‌، بۆ کوفرو شیرک، ئەوە هەر مرۆڤی مسوڵمان دەبێت ڕەوشت بەرز بێت لەگەڵیانداو کەس مافی‌ ئەوەی‌ پێ نادات دەست بکات بە جنێودان و بەکارهێنانی‌ وشەی‌ نەشیاو وەک مولحیدو موشریک و کافرو دەجال، ئەوە سەرچاوەکانی‌ شەریعەت وا دەڵێن نەوەک من.

من نازانم و تێناگەم ئەوانەی‌ خۆیان بە مسوڵمان دەزانن ئەم زمانە زبرو نەشیاوو ناشایستەیەیان لە کوێ هێنا؟ لە کاتێکدا خوا یەکێک لە باشترین بەندەکانی‌ خۆی‌، کە موسا پێغەمبەرە (سەلامی‌ خوای‌ لەسەر) فێر دەکات نەرم و نیان و زمان شیرین بێت لەگەڵ کەسێک کە بانگەشەی‌ خوایەتی‌ دەکرد کە فیرعەون بوو، تۆ دیقەت بدەن بانگەشەی‌ خوایەتی‌ لەکوێ! و بیرو باوەڕی‌ یان تێگەیشتنی‌ یان ڕەوشتێکی‌ لەگەڵ تۆ نەگونجێت و بەدڵت نەبێت لە کوێ؟

کاتیەتی‌ بپرسین هێندێک (ژمارەیەکی‌ زۆر کەم) کە بەناوی‌ ئیسلام و شەرعەوە قسە دەکەن ئەو زمانە زبرو نەگونجاوەیان لە کوێ هێنا؟ لە کوێی‌ سەرچاوەکانی‌ شەریعەت مرۆڤ فێر دەکرێت جنێو بدات، ناوی‌ خەڵک بزڕێنێت؟ لە کوێتان هێنا خەڵک بە ناوی‌ ناشیرین ناو بهێنیت، لە کوێتان هێنا خەڵک بە مولحیدو موشریک و دەجال و شەیتان بانگ بکەیت؟

لەبارەی‌ ڕەوشت بەرزی‌ و زمان شیرینی‌ و دوور کەوتنەوە لە تانەو تەشەرو جنێو و نەفرەت، با پێکەوە سەرنجی‌ ئەم چەند فەرموودەیە بدەین، ئێوەی‌ بەڕێزیش چەندانی‌ تر دەتوانن لەم بارەیەوە بنوسن و بڵاو بکەنەوە:

١ـ مرۆڤی‌ ڕەوشت بەرز پلەی‌ مرۆڤێکی‌ هەیە هەمیشە بەرۆژوو بێت و بە شەویش شەو نوێژ بکات، پێغەمبەر (دوردی‌ خوای‌ لەسەر دەفەرموێت:" إن الرجل لیدرك بحسن خلقه درجات قائم اللیل صائم النهار"

٢ـ ئیمان تەواوترینی‌ بڕواداران ڕەوشت جوانترینیانە، پێغەمبەر (دوردی‌ خوای‌ لەسەر دەفەرموێت:" أكمل المۆمنین إیمانًا أحسنهم خلقًا".

٣ـ هیچ شتێک لە ڕۆژی‌ قیامەتدا لە تەرازوو هاوکێشەی‌ خوای‌ گەورەدا لە ڕەوشت جوانی‌ قورستر نییە. پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر) دەفەرموێت: " ما من شيء أثقل في ميزان المُؤمِن يوم القيامة من حسن الخلق ".

٤ـ ئەوانەی‌ لەلای‌ پێغەمبەری‌ خوا درودی‌ خوای‌ لەسەر خۆشەویستن و نزیکترینن لێیەوە لە دواڕۆژا ئه‌وانه‌تانن كه‌ ڕه‌وشتیان جوانترو ئاكاری‌ و ڕه‌فتاریان په‌سه‌ندتره‌. پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر) دەفەرموێت:" إِنَّ أَحَبَّكُمْ إِلَيَّ وَأَقْرَبَكُمْ مِنِّي مَجْلِسًا يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَحَاسِنُكُمْ أَخْلاقًا

5ـ ئه‌وانه‌ی‌ ڕه‌وشت به‌رزن چاكترینی‌ بڕوادارانن. پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر) دەفەرموێت: "إنَّ مِن خِێاڕكُمْ أحْسَنَكُمْ أخْڵاقًا".

6ـ ئیماندار تانە لەکەس نادات، نەفرەت لەکەس ناکات، جنێو بە کەس نادات، زمانی‌ لە ئاستی‌ کەس پیس نییە. پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر) دەفەرموێت: "ليس المؤمن بالطعان، ولا اللعان، ولا الفاحش، ولا البذيء".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا