هونه‌ر تۆفیق 11/01/2022 250 جار خوێنراوەتەوە

چارەنووسی حکومەتی عێراق لە گراند ڤییەنایە


هەرچەندە ئێران پێیخۆشە مفاوەزاتەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دوابکەوێت، تا کۆتایی مفاوەزاتەکانی هوتێل گراندی ڤییەنا  لەنێوان ئێران و فەرەنسا، روس، چین و ئەڵمانیا لەلایەک و پێکەوە لەگەڵ ئەمریکاشدا ڕاستەوخۆبێت، لەدیدی ئەوروپا و ئەمریکاوە ڕێککەوتن دەکاتە کۆنترۆڵکردنی کورە ئەتۆمیەکانی ئێران و کورتکردنەوەی مەودای رۆکێتەکانیان، کە لە ٥٠٠ کلم زیاتر بڕنەکات، بەڵام لە دیدی ئێرانەوە بەر لەهەر شتێک، لابردنی بێقەید و شەرتی ئابڵۆقەی ئابووریە بەسەر وڵاتەکەیانەوە و ئازادکردنی ئەو ملیارەها دۆلارەی ئێرانە، کە لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا دەستی بەسەردا گیراوە، هەردوولاش نەرمیان نواندووە بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی یەکتر، تەنیا کەمێک متمانە ماوە لەنێوانیاندا بۆ گەرەنتی کردنی پاشگەز نەبوونەوە.
 
ئێرانییەکان بۆ ئەم مفاوەزاتە (عەلی باقری كنی)یان ڕاسپاردووە سەرۆکایەتی مفاوەزاتەکەیان بکات، ئەمریکیەکانیش (وليام بيرنز)یان داناوە لە تەرەفی ئەمریکاوە لەگەڵ ئێرانیەکاندا لە گفتوگۆدابێت. 
دانانی ئەو دوو دیبلۆماسیە شارەزایە لەلایەن ئێران و ئەمریکیەکانەوە، هەنگاوێکە بەرەوچارەسەری، چونکە عەلی باقری کنی جگە لە توانا دبلۆماسییەکانی خۆی، پشتیوانی کەسە دەسترۆیشتووەکانی تارانی مسەوگەرکردووە، ئەو  کوڕی ئەندامێکی کاریگەری مەجلیسی خوبەرای نیزامە، کە لەتوانایاندایە ئیمام لەسەر کارەکەی لابدەن، کە ئاغای محەمەد باقری ئەندامی باڵای مەجلیسی خوبەرایە، لەلایەکی ترەوە پشت قایمە بە (مەرجەع) ئایەتوڵا خامەنەئی، کە دەبێتە خەزوری براکەی عەلی باقری (مەهدی باقری)و کچکەکەی خامەنەئی خاتوو هودا هاوسەری مەهدیە، ماوەیەکیش لەشوێنەکەی لاریجانی سەرۆکی دەستەی قەزای دەوڵەت بووە، لەمفاوەزاتەکانی پێشووتردا لەگەڵ تیمیەکانی ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانیشدا بەشداری مفاوەزاتی کردووە.

لەبەرانبەر عەلی باقر کنی دا، ئەمریکیەکان وليام بيرنز یان ڕاسپاردووە سەرپەرشتی لایەنی ئەمریکی بکات، ولیامیش جگە لە ئەزموونە تایبەتیەکەی وەک سەرۆکی دەزگای ئیستخبارتی ئەمریکی، چەندین ساڵ سەفیربووە لە دەوڵەتە قورسەکانی وەک ڕوسیا و چیندا، لە خولی یەکەمی مفاوەزاتەکاندا لە سەردەمی باراک ئۆبامادا بەشداری کارابووە، هەڵوەشاندنەوەی تاک لایەنەی ڕێکەوتنەکەشی  لەلایەن ترامپەوە سەرزەنشت کردووە و بەکارێکی باشی بۆ ئاشتی تەسەور نەکردووە.
 
ئێستا ئەم دوو بەئەزموون و پشتقایمە ئێرانی و ئەمریکیە لە ڤییەناوە ڕایدەگەیەنن بەرەو ئەنجامی باش هەنگاو دەنێن، نۆی مانگی کانوونی دووەم، لە کاتێکدا لەناو پارلەمانی عێراقدا مشتومڕی دیاریکردنی گەورترین کوتلەی پارلەمانی هەبوو، ئەوانیش لە ڤییەناوە ڕایانگەیاند: لە کۆتایی ڕێکەوتنەکە نزیک بووینەتەوە. 

پەیوەست بەو پرسەوە (ڕێکەوتنی ئەمریکا و ئێران) کشانەوەی هێزە ئەمریکیەکان لە عێراقدا و  نیشاندانی نیەتباشی بوو بۆ ئێرانیەکان، دەبێت ئێرانیش پشتیوانی کردنی لە حەشد ببڕێت و بیانخاتەوە ناو هێزی بەرگری و سوپای عێراقەوە، ئێرانیش ئەو بەڵێنەی بەستووەتەوە بە ڕێکەوتنی حزبەکانی ناوپارلەمان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئەنجامی ڤییەنا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت هەیە  لە عێراقدا، هەر هەڵە و خراپ دەرچوونێک لەلایەن هەرکەس و حزبێکەوە بکرێت ئەو هاوکێشەیەی فییەنا لە ئێران و دواتر ئەمریکیەکانیش تێکبدات، توشی سزایەکی توندی ئێرانی و نیگەرانی ئەمریکاییەکانیش دەبێتەوە .. 
ڤییەنا چەند ڕۆژێکی ماوە .. بەپێی ئەو ئەنجامانەی ئەوێ، شێوە و شکڵی حکومەتەکەی بەغداش روونتردەبێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا