عومه‌ر گوڵپی 08/01/2022 122 جار خوێنراوەتەوە

دەستپێکردنی ساڵی ٢٠٢٢ بەبێ بوونی یاسای بودجە

بەچەندین ڕێگەى پەرلەمانى هەوڵماندا حکومەت یاساى بودجەى هەبێت، ئەوپەڕى توانا فشارمان کرد تا حکومەت لە دۆخى نەبوونى یاساى بودجەو نەبوونى پلان و بەرنامەى دارایى و ئابورى بێتە دەرەوەو هەنگاوێک بەرەو شەفافیەت هەڵگرێت، بەڵام بەهۆى وەڵامنەدانەوەى دەسەڵات و بێ باکیان هەوڵەکانمان بێ ئەنجام بوون و حکومەت ساڵێکی‌ تری‌ دارایی‌ بەبێ بوونی‌ یاسای‌ بودجە دەستپێکرد، ئەوەش تەنها نەبوونى یاسایەکى سادە نیەو هیچى تر، بەڵکو نەبوونى یاساى بودجە، واتا:

١ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ دارایی‌ و ئابوری‌! 
٢ـ نەزانین‌و ئاشکرا نەکردنی‌ ژمارەو ڕێژەی‌ قەرزەکان‌و چۆنیەتی‌ دانەوەیان! 
٣ـ نەبوونی‌ هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ حکومەت بۆ دانەوەی‌ پابەندی‌‌و قەرزەکانی‌ مووچەخۆران کە لە ساڵانی‌ ڕابردوودا بەشێوەی‌ پاشەوکەوت‌و دابەشنەکردن‌و لێبڕین کەوتووەتە لای‌! 
٤ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی‌ پلە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران! 
٥ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ دامەزراندنی‌ گەنجان لە کەرتی‌ گشتی‌! 
٦ـ نەبوونی‌ هیچ پلان‌و بەرنامەیەک بۆ تەرخانکردنی‌ هاوکاری‌ کۆمەڵایەتی‌ بۆ هەژاران‌و کەمئەندامان! 
٧ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ ڕەخساندنی‌ هەلی‌ کار بۆ گەنجان! 
٨ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ بەهەمیشەییکردنی‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست! 
٩ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی‌ پڕۆژەکان‌و تەرخانکردنی‌ پارە بۆیان! 
١٠ـ نەبوونی‌ دادگەریی‌ لە دابەشکردنی‌ پارە بەسەر شارو شارۆچکەکان! 
١١ـ نەبوونی‌ هیچ بەرنامەو پلانێک بۆ پشتیوانیکردنی‌ کەرتە جۆراو جۆرەکان! 
١٢ـ پەکخستنی‌ یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی‌ پەرلەمان‌و پیشێلکردنی‌ نزیکەی‌ یانزە ماددە لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان! 
١٣ـ نەبوون‌و ناڕوونی‌ سیاسەت‌و بەرنامەی‌ حکومەت لە بواری‌ خەرجی‌‌و داهاتەکان!
هەربۆیە ناکرێت و گونجاو نیە حکومەت بەبێ یاساى بودجە بەڕێوەببرێت، نەبوونى ئەو یاسایەش لە ساڵى ٢٠١٣ەوە تا ئێستا، بووەتە هۆى کەڵەکەبوونى کێشەى زۆر، هەربۆیە بەردەوام دەبین لە فشارو بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە گرنگە کە پەیوەستە بە ژیان و قوتى خەڵکەوە، لەمبارەیەوە کۆتا بەدواداچوونیشمان بەهەردوو نوسراوی (ی/ ١٠٢) لە ٢ی ١١ی ٢٠٢١ و ( پ/١٤٦) لە ٢٧ی ١٠ی ٢٠٢١ بوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا