ئیسماعیل نامیق 19/01/2020 389 جار خوێنراوەتەوە

لەبارەى فۆرمەکەى پەرلەمانەوە

بەپێى یاساى بەناو چاکسازیى هەر پەرلەمانتارێک دەتوانێت لەدواى جێبەجێ بوونى یاساکە فۆرمێک پڕ بکاتەوەو تیایدا مووچەى خانەنشینى رەت بکاتەوە. ئەم فۆرمە لەرووى یاساییەوە هیچ بەهایەکى نیە، چونکە ماف تا دروست نەبێت، ناتوانرێت تەنازولى لێ بکرێت، مافى خانەنشینیش دواى تەواوبوونى خولى هەڵبژاردن دروست دەبێت، نەک ئێستا، بۆیە لەئێستادا ناتوانرێت تەنازول لەمافێک بکرێت کەلەئایندەدا دروست دەبێت. ئیتر نازانم کام یاسا دانەرى بلیمەت!! یان کام عەقڵى گەورەى یاسایى!! ئەم فۆرمەى خزاندۆتە یاساکەوە؟

لەرووى سیاسى وکۆمەڵناسیشەوە، ئەم فۆرمە، زیاتر بۆ بێدەنگکردنى ئەو دەنگە دەگمەن وکەمانەى ناو پەرلەمانە کە ئەگەر بەرواڵەت وقسەش بێت دژى خانەنشینکردنى پەرلەمانتارن، ئەمە جۆرێکە لەترساندن وئیکراهى مەعنەوى، بەرامبەر بەدەنگە ناڕازییەکان، کە زۆرینەى پەرلەمان پێیان دەڵێن، یان دەبێت ئێوەش وەکو ئێمە خانەنشینى وەرگرن، یان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە وبێدەنگ بن. واتە لەجیاتى ئەوەى کەمینە ناڕازییەکە رەخنە لەزۆرینە رازییەکە بگرێت، زۆرینە رازییەکە دێت فۆرم بەکەمینە ناڕازییەکە پڕ دەکاتەوە، بەمەش تا خاوەن ماڵ دز ئەگرێت، دز خاوەن ماڵ ئەگرێت.

بەداخەوە ئەم جۆرە یاسایانە بەس لەم هەرێمەدا هەن، جا ئەم فۆرمە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئاوێکى زۆر خراپ ئەڕێژێ دواتر کۆکردنەوەى ئاستەم ئەبێت، چونکە لەمەودوا بەهەر کەسێک بڵێین گەندەڵى مەکە، یان ئەو کارە خراپە، مەیکە، ئەویش ئەیکات وفۆرمێکیش بەتۆ پڕ دەکاتەوە، کە تۆ ئەو کارە خراپەى ئەو نەکەى وبەقسەش موزایەدەى بەسەردا نەکەى و نەڵێى دژى گەندەڵیم.

ئەسڵ ئەوەیە کەس پێش تەمەنى خانەنشینبوون خانەنشین نەکرێت، بۆیە ئەو بیدعەیەى لەم هەرێمەدا دروست کراوە بەناوى خانەنشینى پلەباڵاکان لەتەمەنی گەنجێتیدا، پێچەوانەى ئەسڵ ودادپەروەرییە، هیچ پێویست ناکات بەشەرعاندن وبەیاسایى کردنى منەت بکرێت بەسەر خەڵکدا. کەواتە لەجیاتى ئەوەى زۆرینە منەت بەسەر خەڵکدا بکەن وبڵێن مووچەى خانەنشینى خۆمان کەمکردۆتەوە،( وەکو ئەوەى موڵک وماڵى باوکیان بێت وبەمیرات بۆیان مابێتەوە وئەمان تەنازولى لێ ئەکەن )، وە لەبرى ئەوەى کەمینە موزایەدە بەسەر خەڵکدا بکەن بەوەى فۆرم پڕ ئەکەنەوە وخانەنشین نابن، پێویستە خەڵک خۆى قسەى یەکلاکەرەوە بکات، ئەم قسەیەش، یان بەراپرسى دەکرێت لەسەر یاساى خانەنشینى، یان لەرێگەى ناڕەزایەتى وخۆپیشاندانەوە دەکرێـت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا