27/08/2019
455 جار خوێنراوەتەوە
مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ كۆبووهوه
پهیام
مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ سكرتاریەتی ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ و، بەرپرسی لقەكانی ئەنجوومەنی مامۆستایان كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە لە سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی و كامەران بابانزادە، بەرپرسی ناوەندی پەرەپێدانی ڕێكخراوەكانی ئیسلامی، بەڕێوەچوو.
سەرەتای كۆبوونەوەكە مامۆستا عەلی باپیر بە گرنگییەوە ڕۆڵی مامۆستایانی بەگشتی بەرز نرخاند و ڕوونی كردەوە كە مامۆستا بنچینەی دروستكردن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگایە، بەهۆی ئەو ئەركە گرنگەی سەرشانی پێگەیەكی بەرز و بەڕێزی هەیە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا مامۆستا عەلی باپیر سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ و هەر مامۆستایەكی دیكەی كرد كە لە قۆناغە جیاواز و سەختەكاندا بە تایبەتی سەردەمی قەیرانی دارایی، توانیویانە مەردانە و دڵسۆزانە ئەركی سەرشانی خۆیان ڕاپەڕێنن.
هاوكات ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی ئەوەشی بیری ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەوە كە لەم سەردەمو قۆناغەدا ئەركی سەرشانی هەموولایەكە دڵسۆزی میللەت و جەماوەر بن، بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو بیر و ئایدیا و ڕەوتە نامۆ و زیانبەخشانەی دەیانەوێ ڕۆڵەكانمان لەخشتە بەرن و، گۆشیان بكەن بەشتی ناپەسەند و دووریان بخەنەوە لە هیدایەتی خوا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا مامۆستایانی ئامادەبوو سەرنج و تێبینیی خۆیان خستەڕوو و، بە تێر و تەسەلی قسەوباسیان لێوە كرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە