17/12/2021
1340 جار خوێنراوەتەوە
بەر لە روودانی لافاو چۆن خۆمان بپارێزین، هاووڵاتی پێویستە چی بکات؟
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی، چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە تا هاوڵاتیان ساتی روودانی لافاو خۆیان بپارێزن.
۱. پێوستە هەموو ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی موڕەجەعی بۆ دابنێت لە دەرەوەی ماڵی خۆی، تا لە کاتی پڕبـوونی مەنهۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە ناو خانوەکەی.
۲. ئەو ماڵانەی گەراجی دفن یا نهۆمێکی خانوەکەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە، پێویستە حەوزێکی مەتر موکەعەب دروست بکات و موزەخەی تایبەتی ئاو سەحب کردن دابنێت لە ناویدا، بە حەرەسی زیرەکەوە، هەرکات ئاو هاتەژوورێ، ئۆتۆماتیکی خۆی بکەوێتەکار و نەهێڵێت ئاو بمێنێتەوە.
۳. پاککردنەوەی مەنهۆڵی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد و قوڕ و پیسی، هەروەها لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە، تاکو ئاو بە ڕێژەیەکی زیاتر بڕوات.
٤. پاککردنەوەی سەربان و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و مەقابا، تا لە کاتی باران باریندا نەچنە بەردەم مەنهۆڵ و گونجەکان.
٥. ئەو ماڵانەی لە گەڕەکی لاوەکی دان، ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری، پێویستە ڕێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆ جێگەیەکی گونجاوتر لە ڕێگەی فـــەردە لم، وە یان تاسە دانان بە کۆنکرێت ئاستی بەرزی و نزمی تاسەکە لە ژێر چاودێری یاساکانی هاتووچۆدا.
٦. کوژانەوەی سەرچاوەی کارەبا، لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبووەتەوەو ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لە ناوی دایەو خەریکی دەرهێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین رووداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی سویچ پلاک و کارەبا بچێتە سەر ئاوەکە.
۷. ئەو ماڵانەی ساڵانە دووچاری هاتنە ژوورەوەی لافاو دەبن و هیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم ڕێنماییانە نەکردووە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبایی و بەنرخ ئاڵتون و پارە لە جێگەی نزمدا دانەنێن، تاکو ڕووداوەکەش ڕوویدا زەرەروو زیان کەمتر بێت.
٨. ئەوەش بزانە هاووڵاتی خۆشەویست، سەلامەتی خۆت و ماڵ و منداڵ و ئەندامانی خێزانت، لە پێش هەموو شتێکەوەیە، گەر هیچت پێ نەکرا باشترین شت ئەوەیە بێیتە دەرەوەو بچیتە جێگەیەکی سەلامەت.
۹. ئەو ماڵانەی سەربــانیان (گڵ و دارە) پێویستە بە زووترین کات بێنە دەرەوە و نەمێنەوە لە ژێریا، چونکە مەترسی تەپین و ڕووخانی هەیە.
ئەو ئەرکانەی لە سەر شانی حوکمەت و دەزگا پەیوەندی دارەکانە:
1. ساڵانە مەنهۆڵی گەڕەکەکان لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندی دارەوە پاک بکرێتەوە، چونکە زۆربەی مەنهۆڵەکانی شار لم و قـوڕ و لیتە پڕی کردووەتەوە و گیراوە، زۆربەیان سەرە مەنهۆڵەکەش دیارنەماوەو بووە بە جادە.
2. پێویستە بەردەوام پەیوەندیان لەگەڵ کەشناسی دا هەبێت و پێشوەخت هاوڵاتیان ئاگاداربکەنەوە، لە ئەگەری ڕوودانێکی لافاو.
لە (بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی) وەرگیراوە ..
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە