12/12/2021
246 جار خوێنراوەتەوە
مەکتەبی زانایانی کۆمەڵ: ئیسلام لەم میللەتە بکەیتەوە خاوەنی هیچ دەستکەوت و شانازیی و مێژوویەک نییە
پهیام
مەکتەبی زانایانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان, راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: لە دوای ئاشکرابوونی ئەو فەزاحەتەی وانەی کوردی پۆلی دەیەم، وەزارەتی پەروەردە لەجێگەی داوای لێبوردن و دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەو بابەتە لە خوێندن، خوێنساردانە وەک ئەوەی هیچ ڕوینەدابێت دەڵێت "پێداچوونەوە دەکەین" !
لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی زانایانی کۆمەڵدا هاتووە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
مسوڵمانان و ئیسلامخوازان و شوێنکەوتوانی رەسولی ئەکرەم:
لە چەند رۆژی رابردوودا، هەموومان بە ئاشکرابوونی چەند بێڕێزی و کوفرێک لە پرۆگرامی کوردی پۆلی دەیەمی بنەڕەتیی، لە دڵەوە توشی ئازار و ناڕەحەتیی و خەمخواردن بووین.
ئیسلام ئاینی زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان و عێراقە، ئێمەی کورد لەم پارچەیەی کوردستان و پارچەکانی دیکەش ئەگەر خاوەنی مێژوو و شارستانییەت و وێژە و ئەدەبێک بین، ئەوا فەزڵی ئیسلام و دینی موحەممەد و زانایان و بیرمەندان و شۆڕشگێڕان و شاعیران و ئەدیبانی مسوڵمانەو، ئیسلام لەم میللەتە بکەیتەوە خاوەنی هیچ دەستکەوت و شانازیی و مێژوویەک نییە!
ساڵانێکە هەستدەکەین، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی کە ژیانی لە خەڵکەکەی خۆی کردۆتە دۆزەخ و خاکەکەی لێکردوون بە زیندان، لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەخلاقی گەنجەکانمان و ڕێگاخۆشکردنە بۆ بێدینی و لێدان لە ئیسلام و ڕەمز و پیرۆزییەکانی.
لە دوای ئاشکرابوونی ئەو فەزاحەتەی وانەی کوردی پۆلی دەیەم، وەزارەتی پەروەردە لەجێگەی داوای لێبوردن و دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەو بابەتە لە خوێندن، خوێنساردانە وەک ئەوەی هیچ ڕوینەدابێت دەڵێت "پێداچوونەوە دەکەین" !
ئێمە دەپرسین چۆن ئەو ناماقوڵیەتان خستە ناو پرۆگرامی خوێندنی میللەتێکی مسوڵمان و بۆچی تا ئێستا لاتان نەبردووە ؟
خۆ ئەگەر بڵێن ئاگادارنەبووین، ئەوە کارەساتەو ئەگەر ئاگاداریشن و بە ئەنقەست و بۆ دژایەتی ئیسلام ئەمەتان کردووە، دووجار کارەساتەو دڵنیاشبن بە خەجاڵەتی و دەستبەتاڵیی لێیدەردەچن!
لێرەشەوە داوا لە مامۆستایانی بەڕێز دەکەین، هەڵوێستی دیندارانە و خواویستانەی خۆیان و خۆشەویستییان بۆ زاتی گەورەو موبارەکی پێغەمبەرمان موحەممەد درود و سەلامی خوای لەسەربێت بە لێکردنەوە و دڕاندنی ئەو لاپەڕەی ئەو کوفر و بێڕێزییەی تێدایە دەرببڕن و چاوەڕێ نەکەن تا ئەم دەسەڵاتە بەحسابی خۆیان پێداچوونەوە دەکەن، کە ئەوە کەمترین ئەرکی مامۆستایانە بەرامبەر بە پێغەمبەر و ئایینەکەیان.
ئێمە لە مەکتەبی زانایانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دوای سەرکۆنە و ریسواکردنی ئەو هەوڵی کوفر و ئیلحادەی دەسەڵات، بۆ بەرژەوەندی کەمینەیەکی دژ بە ئیسلام و پیرۆزییەکانی دەیکات، هۆشداریش دەدەین لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکەیان و داوای لێبوردن کردنیش لە قوتابیان و کەسوکاریشیان، ئەم میللەتە مسوڵمانەش دڵنیا بکەنەوە، کە ئەو کارە بە ئەنقەست نەبووە.
لە کۆتاییدا دەڵێین: میلەتی ئێمە میلەتێکی زۆرینە رەهای مسوڵمانە و لانیکەم رۆژی پێنج جار شانازی بە ئیسلام و دینی موحەمەدەوە دەکەن و رێگەش نادەن دەسەڵاتێکی گەندەڵی بێ قیەم، دەست بۆ پیرۆزییە ئاینییەکانیان ببات.
و السلام علیکم و رحمە الله و برکاته
مەکتەبی زانایانی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
٦ی جەمادی یەکەمی ١٤٤٣ک بەرانبەر ١٢/١٢/٢٠٢١ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە