28/11/2021
294 جار خوێنراوەتەوە
كۆمپانیایه‌كی ته‌كنۆلۆجی فه‌ڕه‌نسی به یارمه‌تیدانی ده‌سەڵاتی كوده‌تای میسر تۆمه‌تبار ده‌كرێت
پەیام
كۆمپانیایه‌كی بواری ته‌كنه‌لۆجی فه‌ڕه‌نسی تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی له ڕێی دابینكردنی ئامێری چاودێرییه‌وه ڕۆڵی له ئه‌شكه‌نجه‌دان و بێسه‌روشوێنكردنی نه‌یارانی ڕژێمی كوده‌تای میسردا هه‌بووه.
مانگی ڕابردوو، ده‌زگای دادوه‌ریی فه‌ڕه‌نسا كۆمپانیای (نیكسا ته‌كنۆلۆجی)ی ولاته‌كه‌ی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی ئامێری چاودێریی به ڕژێمی كوده‌تای میسر فرۆشتووه و به‌و هۆیه‌وه له ئه‌شكه‌نجه‌دان و بێسه‌روشوێنكردنی نه‌یاران و كه‌سایه‌تییانی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و ولێته تێوه گلاوه.
ماڵپه‌ری (فڕانس 24) له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه كه ناوی ئاشكرا نه‌كردووه بڵاویكرده‌وه: ڕژێمی میسر له ڕێی ئه‌و ئامێرانه‌وه كه له كۆمپانیا فه‌ڕه‌نسییه لۆكاڵییه‌كه‌ی كڕیوه چاودێری كه‌سایه‌تییه سیاسییه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سه‌ر به ئیخوان موسلیمینی كردووه.
به‌رنامه‌ی (سیریبرۆ) كه كۆمپانیای (نیكسا ته‌كنۆلۆجی) گه‌شه‌ی زیاتری پێ داوه توانای چاودێری په‌یوه‌ندیی ئه‌لیكترۆنیی له ڕێی ناونیشانی ئه‌لیكترۆنیی و ژماره‌ی ته‌له‌فونه‌وه هه‌یه.
سه‌ره‌تای ئه‌م دۆسیه‌یه بۆ ساڵی 2017 ده‌گه‌ڕێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی مافی مرۆڤ به پاڵپشتی ناوه‌ندی قاهیره بۆ توێژینه‌وه‌ی مافی مرۆڤ سكالێیان له‌سه‌ر كۆمپانیاكه تۆمار كرد.
به‌پێی زانیارییه‌كان، كۆمپانیاكه له ئاداری 2014 به بڕی 11 ملیۆن و 300 هه‌زار دۆلار ئاماری چاودێری و سیخوڕی بۆ بنه‌بڕكردنی ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین به میسر فرۆشتووه.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە