02/08/2021
1391 جار خوێنراوەتەوە
لەدواى بڵاوکردنەوەى پەیامەکەى، میدیاى یەکێتى لاهور شێخ جەنگى بە تۆمەتبار ناودەبات
پەیام
لە نوێترین کاردانەوەیان بەرانبەر بە وتەکانى ئەمڕۆى لاهور شێخ جەنگى، میدیاى فەرمى یەکێتى لە زارى سەرچاوەیەکى رەسمیی یەکێتییەوە بڵاویکردووەتەوە کە لاھور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بەوەى دەسەڵاتەکانی بە خراپ بەکارھێناوەو بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک و کەسوکاری شەھیدان هەڵسوکەوتى کردووە.
راشیگەیاندووە: لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلاوان لەكەیسی گەندەڵی هەمەجۆر كە دادگا بە ڕەسمیی داوایكردوون.
ئەمڕۆ ٢ى ٨ى ٢٠٢١ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیامێکدا وتى "لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حكومی هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم لە كوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە كە وەك كۆڵەكەیەك ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەكەی خۆم بە جێنەهێڵم".
وتیشی "دەمتوانی نەك لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵكو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر كاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو كەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم كە كارێكی لەم جۆرە بكەم".
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەى بەوەشکردبوو بە مەرجی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەكرێن ئامادەبووە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی بكات، "بەڵام بە داخەوە وادیارە بەهۆی ڕێگریكردنەوە حزبەكەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێكبهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەم بڕیارمدا كە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بكەم كە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە