25/03/2020
291 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ئەفغانستان گەیشتە ٨٠ کەس
پهیام
لە ئەفغانستان ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتە ٨٠ کەس.
لەوبارەیەشەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە واحید مایار لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند: "ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سەرتاسەری وڵاتدا لە ٣٤ حاڵەتەوە بووەتە ٨٠ حاڵەت و دوو کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە".
مایار باسی لەوەش کرد کەسە توشبووەکان لە رابردوویەکی نزیکدا لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و ئێستاش لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە لە ویلایەتی هەڕات زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمارکراوە.
لەو بارەیەشەوە والی هەڕات، عەبدولقەیوم رەحیمی رایگەیاند: "لەمڕۆوە لە تەواوی ویلایەتەکەدا هاتوچۆ قەدەغە کراوە".
رەحیمی باسی لەوەش کرد کە هاتنەناوەوە و چونەدەرەوە لە هەڕات سنووردارکراوە و داواشی لە هاوشارییەکانی کرد لەپێناو تەندروستی خۆیان پابەندبن بە قەدەغەی هاتوچۆوە.
شایەنی باسە لەگەڵ هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تەواوی قوتابخانە، زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەفغانستان کرانە پشوو هەروەها ئاهەنگەکانی تایبەت بە نەورۆز و جەژنی جوتیاران لەگەڵ تەواوی چالاکییە وەرزشییەکان هەڵپەسێردران.
لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە کاتی دەوامی فەرمی فەرمانگەکان لە ٨ کاتژمێرەوە بۆ پێنج کاتژمێر کەمکراوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە