پێش 1 هەفتە 1135 جار خوێنراوەتەوە

نامەیەکی کاریگەری پزیشکێکی ئیتاڵی بۆ ھەموو جیھان

دكتۆر هه‌ڤین كه‌مال شا محه‌مه‌د

لە ئێستادا حەزدەکەم بگریم
وێنەی کوڕەکەمم بەدەستەوەیە
و بەڕادەیەکی زۆر بیریدەکەم
بەڵام بەھیج جۆرێک ناتوانم لەنەخۆشخانە بڕۆمەدەرێ و جێگاکەم چۆڵبکەم
و بڕۆم بۆ دیداری !

ئەمە دوایین رستەی نامەیەکی دورودرێژی پزیشکێکی ئیتالییە لەناوجەرگەی جەنگی دژ بە پەتایی کۆرۆنا لەشاری_ بێرگامۆی_ ئیتاڵیی .

پزیشکە ئیتاڵیە کەناوی _دانیللی ماکینی _یەو لەنەخۆشخانەی _ ھیومانیتاس گافازینی _ لەشاری بێرگامۆی ئیتاڵی کاردەکات، پەتای کۆرۆنای کەشارەکەیانی قفڵ کردووە بە: " ئەو تسۆنامییەی ھەموومانی داگیرکرد " وەسف دەکات . لەسەر واڵی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک نامەیەکی کاریگەر دەنوسێت بۆ ھەموو جیھان، کەتیایدا لەھەموو جیھان دەپاڕێتەوە کە مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە بەھەند وەربگرن و تێبکۆشن و بجەنگن دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا_ کۆڤید ١٩_ .
ئەم نامەیە ھەر لەواڵی تایبەتی خۆییەوە ٢٩ ھەزار جار شەیر کراوەو دەنگدانەوەیەکی جیھانی زۆری لێکەوتۆتەوە ، کە ئەوترس و دڵەڕاوکێییەی پزیشکان وپەرستیار و کارمەندانی تەندروستی جیھانیمان بۆ بەیان دەکات ،کەبەھۆی ئەم دۆخەوە تێیکەوتون و ئەو ھەست بەلێپرسراوێتییەی ھەیانە بەرامبەر نەخۆشەکانیان لە بەڕەنگاربوونەوەی جەنگێک کەتیایدا ئەمان تەنیا سەربازن بەرامبەر ئەو دوژمنە نەبینراوە ، و ئەو نائومێدییەی تووشیاندەبێت و ئەو فرمێسکانەی ھەڵیدەڕێژن کەناتوانن توشبوان بەپەتاکە لەمەرگێکی دڕندە ڕزگار کەن .

دەقی نامەکە بەمجۆرەیە :

" دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر لەوەی کە ئایا گونجاوە لەسەر ئەم بارودۆخەی ئێستا پیا تێئەپەڕین بنوسم یان نا ، ھەستدەکەم بێدەنگی لەم کاتانەدا کردەیەکی نابەرپرسانەیە، ھەربۆیە ھەوڵدەدەم بەجیھانی ڕابگەیەنم کەلەئێستادا بەچ دۆخێکدا تێئەپەڕین لە بێرغامۆ لەم ڕۆژە تاریکانەدا بەھۆی پەتای _کۆڤید١٩_ە وە . من دەزانم کەنابێت ترس و تۆقین بڵاوبێتەوە لەنێو خەڵکدا ، بەڵام تەنیا بیرکردنەوەش لەوەی جیھان نەزانێت کەلەبەردەم چ مەترسیەکدان و ئەم نامەیەم نەگات، ھەموو گیانم دەھێنێتە لەرزین " .
ئەوەی شایەنی باسە شاری بێرگامۆ دەکەوێتە باکوری ڕۆژھەڵاتی ئیتاڵیا و ژمارەی دانیشتوانی (١٢٢) ھەزار کەسە، تا کاتی نوسینی ئەم نامەیە کە شەش ڕۆژ پێش ئێستا بووە (١٢٥٤) حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیەندراوە ، ویەکێکە لەھەرە زەرەرمەندترین شارەکانی ئیتاڵیا بەم پەتا ڤایرۆسییە .

پزیشکە ئیتاڵیەکە درێژە بە نامەکەی دەدات و دەڵێت : " بەچاوی خۆم بینیم ئەو سەڕسوڕمانەی پێوەمان دیاربوو کە ئەو گۆڕانکاریانەمان دەبینی لە ڕێکخستنی نەخۆشخانەکەماندا ھەفتەی پێشوو کاتێک ئەم دوژمنەمان تەنیا خەیاڵ بوو .قاوشەکان ووردە ووردە چۆڵکران، ئەو چالاکیانە و نەشتەرگەرییانەی ئیلیکتیڤ و سارد بوون ، واتە زەڕوور نەبوون وەستان. ئەم ھەموو گۆڕانەخێرایانە، کەشێکی بێدەنگ و بۆشاییەکی سریاڵی دروستدەکرد لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەکانماندا، چاوەڕێی جەنگێک بووین کە ھێشتا ھەڵنەگیرسابوو و چاوەڕوان نەبووین کە کاتێک دێت ھێندە توند و دڕندە دەبێت" .

" ئیستاش لەیادمە ئەو دڵەڕاوکێ و سترێسەی ھەمبوو ئەو شەوەی ئێشکگر بووم و چاوەڕێی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەم دەکرد کەئەنجامی پشکنینی سوابێکی پێدەگوتم کەپێشتر ناردبووم بۆ نەخۆشێک ، ئێستا کەئەو ھەموو حاڵەتە زۆرە دەبینم، ئەو دڵەڕاوکێیەی ئەو شەوە ھەمبوو تەنیا بۆ یەک حاڵەت بێ مانا دێتە بەرچاووم دوای بینینی ئەو ژمارە زۆرە لەتوشبوان، لەئێستادا دەتوانم بڵێم دۆخەکە کارەساتە" .

" جەنگ دەستی پێکردووەو بەبێ وەستان بەشەو بەڕۆژ، بەڵام لەئێستادا پێویستی بۆ جێگا و بێد گەشتۆتە لوتکەو حاڵەتێکی دراماتیکی دروستکردووە . نەخۆشەکان بەبەردەوامی لەزیادبوندان، یەک لەدوای یەکیش پشکنینی تاقیگەکانیان پۆزەتیف ، پۆزەتیف دەردەچێت، چاوەڕوانی ژمارەی ترسناکی تازەی زیاترین، دەنگەکان و نیشانەکان لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەکاندا ھەمان شتن، تایەکی بەرز ،کۆکە، ھەناسەتووندی. نەخۆشخانە سیخناخە لەنەخۆش، شاشەی ئامێری چاودێریکردنەکان پێشتر ڕەنگی جیاوازیان نیشاندەدا ، ئێستاکێ تەنیا ڕەنگی سوور نیشاندەدەن کە نیشانەی مەترسییەو و پێماندەڵێن نەخۆشەکان ھەوکردنێکی توندی ھەردوولای سییەکانیان ھەیە، کە ئەویش بەھۆی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩وە یە " .
" ئێمەی پزیشکان تکا دەکەین کە ئەم ڤایرۆسە بە ھەڵامەتێکی ئاسایی وەسف نەکرێت، و مەترسییەکانی لەبەرچاوڕوون بێت و حسابی بۆ بکرێت . لە ئێستا ئەمەوێت لە ئێوە بپرسم و ئێوە بۆم ڕوونبکەنەوە، چ ھەڵامەتێکە کە دەتوانێت ئەم ھەموو دراماو کارەساتە دروستبکات ؟!

لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش کەسانێک ھەن گاڵتەیان بەمەسەلەکە دێت ئەویش بە کەمتەرخەمییان و پابەند نەبوونیان بە ڕێنماییەکان تەنیا لەبەرئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی ژیانی ڕۆتینی خۆیان نەوەستێت و ڕانەگیرێت " .

" چاکبوونەوە دەکەوێتە سەر بەرگری لەشت، ھیوادارین کەجەستەی نەخۆشەکان بتوانن ڤایرۆسەکە تێکبشکێنن بە بەرگریان، ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵە لەمەترسییەکی گەورەتردان .
ئێمە لەئێستادا ھەمووشان بەشانی یەکتر ئیش دەکەین، جیاوازی نەماوە لەنێوان پزیشکی نەشتەرگەری و ھەناوی و شکاوی یاخود پسپۆڕییەکانی تردا ، ھەموومان بە ھەمان شێوە کاردەکەین و ئێشکگری دەکەین، ئێمەی پزیشکین لەناکاو بووین بە بە بەشێک لەتیمێکی تەنیا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم تسۆنامییەی دووچاریبوین و بووین بەجەنگاوەر دژ بەم جەنگە نامۆیە " .

" لەڕۆژێکدا (١٥-٢٠)حاڵەتی تازەمان بۆ دێت، ھەمووشیان بەھەمان ھۆکار ، لەناکاولە ژووری فریاکەوتن جێگا نامێنێت".

" پزیشکەکان و پەرستیارەکان و کارمەندەکان لە ئێستادا وەکویەک کاردەکەن، ھەمووش ماندوون. دەتوانیت ماندوویەتی لەسەر ڕوخساریان بەدیکەیت، بەبێ ئەوەی بەقسەیەک دەریبڕن، پزیشکەکان پاڵ بەجێگاکانەوە دەنێن و چارەسەرەکان ھەڵدەواسن و جیاوازی ناکەن لەکارەکانداو نەخۆشەکان دەگوێزنەوە لەبری کارمەندەکان، پەرستیارەکانیش دەبینیت بەچاوی پڕ لەگریانەوە دەگرین بۆ ئەو نەخۆشانەی ناتوانین ڕزگاریان بکەین، ژیانی کۆمەڵایەتیمان بە تەواوەتی وەستاوەو بواری چوونە دەرەوە نیە لە نەخۆشخانە بەھیچ جۆرێک " .

ماکیینی درێژە بەنامەکەی دەدات و دەڵێت :" ئەگەرێکی زۆر ھەیە کەمن و ھاوڕێکانم تووشی ھەمان ڤایرۆس ببین ، و بیگوێزینەوە بۆ کەس و کار و ھاوڕێ و نزیکەکانمان ، ھەر بۆیە لەنەخۆشخانە دەمێنینەوە و ناچینە دەرەوە، بگرە نیشانەکان لەھەندێکماندا خەریکی سەرھەڵدانە " .

" لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم ، من ھەروەک ھەموو مرۆڤێکی تری ئەم سەرزەمینە، ھەرگیز لەم جەنگە تێناگەم، ولەم ترس و دڵەڕاوکێ و پانیکە تێناگەم کەبەرۆکی گرتووین !
تەنیا ئەوە دەبینم لەئێستادا دەمامک دەستناکەوێت و لەبازاڕدا نەماوە، و ھیچ جۆرە توێژینەوەیەکیشمان نیە لەسەر ئەم ڤایرۆسە ، بەڵام دەشزانم تۆقین ئاکامی زۆر خراپە لەگەڵ کەمتەرخەمی لەکاتی پەتاییەکی ھاوشێوەدا" .
پزیشکە ئیتاڵییەکە بەم ووشانە کۆتایی بەنامەکەی دەھێنێت و دەڵێت :

" ئا ئێستا وێنەی کوڕەکەمم بەدەستەوەیەو بەتامەزرۆییەوە سەیریدەکەم ، من بە ڕادەیەکی زۆر بیریدەکەم، بەڵام دەشزانم بەھیچ جۆرێک ناتوانم نەخۆشخانە چۆڵ بکەم و بڕۆم بۆ دیداری " .
بەھەمان شێوەی ماکیینی ، پزیشکێکی تر لە _بێرگامۆ_ بە ناوی " کریستیان سەرالوریللی" کەپسپۆڕی بێھۆشکارییە ، بەڕۆژنامەی _کوریر دیلا سیرا_ ی ڕاگەیاند کە : " کەپزیشکەکان ناچارن ئەو نەخۆشانە ھەڵبژێرن کە چارەسەریان بۆ دەکەن بەپێی چانسیان بۆ ژیان و مانەوە" .

وە کۆتا قسەکانی ئەوەبوو کە : " ئێمە ناتوانین موعجزەو پەرجوو بخولقێنین ، ئەمە ڕاستییەو واقیعێکە تێی کەوتوین و ناچارین بە ڕەنگاری بینەوە" .

ئەوەی شایەنی باسە ئەمڕۆ ١٦ی مارچی ٢٠٢٠ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیی_ جۆزیبی کونتی_ ڕایگەیاند ، کە ووڵاتەکەی بە دۆخێکی ناھەمواردا تێپەڕدەبێت و چاوەڕێی خراپتریش دەکەن لەم ھەفتانەی داھاتوودا ، پاش ئەوەی لایەنە لێپرسراوە تەندروستیەکانی ئەو ووڵاتە ڕایانگەیاند کەتەنیا لە ماوەی ڕۆژێکدا (٣٦٨) حاڵەتی گیان لەدەستدان ھەبووە بە ڤایرۆسەکە ، لەئێستادا( ٢٠ )ھەزار و (٦٠٣ ) حاڵەتی تووشبوو ھەیە و بەزیادکردنی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوەو و چاکبوونەتەوە ژمارەکە دەگاتە (٢٤ )ھەزار و (٧٤٧) حاڵەت .

تێبینی : نامەی پزیشکە ئیتاڵیەکە ، دکتۆرە _سیلڤیا سترینگینی _ کەپسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و پەتازانییە لە زانکۆی _جینیڤا _ وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئینگلیزی .

سەرچاوە :
١- پێگەی نیوێۆرک پۆستی ئەلەکترۆنی .
http:// nypost.com
٢- پێگەی سنۆپسی ئەلکترۆنی .
http:// snopes.com
٣- پێگەی سکای نیوز .
http://news.sky.com

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    له‌وه‌رزی به‌هار، كام خۆراكانه‌ بخورێن؟

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    تەندروستی دەرونی و كۆڕۆنا

  • پێش 1 هەفتە

    نامەیەکی کاریگەری پزیشکێکی ئیتاڵی بۆ ھەموو جیھان

  • پێش 2 هەفتە

    ئەشکەوتی جاسەنە

  • پێش 3 هەفتە

    سوودە تەندروستیەکانی زەردەچەوە

  • پێش 3 هەفتە

    ‎بۆنی ناخۆشی دەم، هۆكار و چاره‌سه‌ری

  • پێش 3 هەفتە

    شاره‌كانی چین له‌ڕووی ژینگه‌وه‌ سودیان له‌ كۆرۆنا بینیوه‌و كه‌شوهه‌وا پاك بوه‌ته‌وه‌

  • 20/02/2020

    باوكێكی شاری ئیدلب كچه‌ چوار ساڵه‌كه‌ی فێر كردووه‌ له‌ كاتی بیستنی ده‌نگی مووشه‌كدا پێبكه‌نێت

سەرەتا