پێش 1 هەفتە 426 جار خوێنراوەتەوە

رێنمایی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دڵەکزێیان هەیە

په‌یام

دكتۆر سه‌روه‌ر سالار چوچانی

دڵەکزێ (گەدەکزێ یان ترشەڵۆکی گەدە) کاتێک روودەدات کە پێکهاتەکانی نێو گەدە بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ سوورێنچک، ئەو لوولە ماسولکەییەی گەروو دەبەستێتەوە بە گەدەوە. ئەو گەڕانەوەیە دەبێتە هۆی ئازار و سووتانەوەی سوورێنچک کە بەشێوەی دڵەکزێ هەستی پێدەکرێ. هەندێک گۆڕانکاریی سادە لە نەریتە خۆراکییەکانی رۆژانە، ئەم گرفتە کەم دەکەنەوە.

 

بۆچی دڵەکزێ روودەدات؟

کاتێک کەسێک خۆراکێک قوت دەدات، لە رێگەی سوورێنچکەوە دەگاتە گەدە. بە گەیشتنی خۆراکەکە بۆ گەدە، ئەو بازنە ماسولکەییەی لە شوێنی پێکگەیشتنی سوورێچک و گەدەیە، گرژ دەبێت و دەبێتە هۆی داخستنی دەروازەی سەرووی گەدە و ناهێڵی خۆراکەکە بگەڕێتەوە سوورێنچک. 
کاتێک ئەو دەروازە ماسولکەییەی سەرەتای گەدە بە رێکوپێکی کارناکات و تەواو داناخرێ، ئەوەی لە گەدەدایە دەگەڕێتەوە نێو سوورێنچک و دەیسووتێنێتەوە، چونکە بڕێکی زۆری ترشی بەهێزی گەدە تێکەڵی خۆراکەکە بووە. 
کاتێک هەفتانە دوو جار کەسێک تووشی دڵەکزێ ببێ بۆ ماوەی سێ هەفتە، ئیدی دەگوترێ ئەو کەسە گرفتی درێژخایەنی ترشەڵۆکی هەیە. ئەگەر حاڵەتەکە چارەسەر نەکرێ، ئەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ناوپۆشی سوورێنچک دەگۆڕێ بۆ شێوازێکی دیکە لە شانە (بۆ ئەوەی زۆرتر خۆڕاگربێ لە بەرامبەر ترشی گەدە) و بە سورێنچکی بارێت ناودەبرێ کە مەترسیدارە و ئەگەری هەیە بگۆڕێت بۆ شێرپەنجە.

نیشانەکانی:
کەسەکە هەست بە سووتانەوە دەکات لە سنگیدا، یان هەست دەکات خۆراک لە گەرووی گیراوە و ناڕوات، هەندێکجاریش بە هێڵنج خۆی دەنوێنێ، بەتایبەت راستەوخۆ دوای ژەمەکان. نیشانەی دیکەش هەن، وەکوو: نزگەرە، قرقێنە (قرپ)، خیزەی سنگ و نەرمەکۆکە، سووتانەوەی گەروو، گۆڕانی دەنگ و هەڵهێنانەوەی خواردن. 
ئەگەر کەسی تووشبوو راستەوخۆ دوای خواردن پاڵبکەوێ، نیشانەکانی نەخۆشییەکە قورستر دەبن. هەندێکی دیکەش شەوان خراپترن. ئەوانەی شەوانە دۆخیان تێکدەچێ، باشترە سەرینەکەیان بەرزبێ و پێش نووستن هیچ نەخۆن.

ئەو خۆراکانەی خراپتری دەکەن
لەبەرئەوەی دڵەکزێ گرفتێکی کۆئەندامی هەرسە، نەریتی خۆراکیی کەسی تووشبوو پەیوەندی هەیە بە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. بۆیە گۆڕینی نەریتی خۆراکی، بەشێکی گرنگی چارەسەری دڵەکزێیە.

ئەو خۆراکانەی نیشانەکانی دڵەکزێ خراپتر دەکەن بریتین لە: 
شیر: ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی دڵەکزێیان هەیە، بە خواردنەوەی شیر نیشانەکانی نەخۆشییەکە تێیاندا سەختتر دەبێ. بەو دواییانە توێژینەوەیەک لەسەر منداڵان دەریخستبوو ئەوانەی هەستەوەرییان بە پرۆتینی نێو شیری مانگا هەیە، زۆرتر تووشی دڵەکزێ دەبن بە خواردنەوەی شیری مانگا. بەڵام هێشتا لە کەسانی پێگەیشتوودا توێژینەوە بەردەست نییە دەریبخات ئایا ئەو رۆڵە نەرێنییەی شیر لە تووشبووانی دڵەکزێ دەیگێڕێ، هۆکارەکەی هەستەوەرییە یان هۆکاری دیکەی لەپشتەوەن. 
کۆلیسترۆڵ: توێژینەوەی زانستی دەریخستووە ئەوانەی خواردنە پڕ کۆلیسترۆڵەکان، چەورییە تێرەکان و پڕ کالۆرییەکان دەخۆن زۆرتر تووشی دڵەکزێ دەبن. بەڵام هێلکە ناکەوێتە چوارچێوەی ئەمانە. 
خۆراکی دیکە: ئەو خۆراکانەی دیکە کە نیشانەکانی دڵەکزێ زۆرتر و خراپتر دەکەن، بریتین لە: چوکلێت، نەعنا، خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە ترشەکان، چا و قاوە. ژەمە ترشەکان: وەک تەماتە و دۆشاوی تەماتە. 
توێژینەوەی زانستی نەیسەلماندووە ئەم خۆراکانە هۆکاری دڵەکزێن، بەڵکوو زۆرتر لە ئەزموونی تووشبووانەوە وەرگیراون. بەگشتی هەر خواردنێک کە تۆ تووشی دڵەکزێ دەکات، سنوورداری بکە، مەرج نییە ئەوەی خەڵکی دیکە تووش بکات، بۆ تۆش خراپ بێ.

ئەو خواردنانەی باشتری دەکەن:
توێژینەوەیەک کە لەسەر 500 کەس ئەنجامدراوە، ئەو خواردنانەی دیاری کردووە کە رەنگە نیشانەکانی دڵەکزێ و ترشەڵۆکی گەدە کەم بکەنەوە، کە بریتین لە: 
- پرۆتینی ئەو خواردنانەی کۆلیسترۆڵیان کەمە، وەکوو: ماسی، بادەم و نیسک. 
- هەندێک کاربۆهێدراتی سرووشتی کە لە سەوزە، میوە و دانەوێڵەکاندا هەن. 
- پەتاتە 
- هەندێک میوەی وەک: سێو، کاڵەک، قۆخ و توودڕک 
- هێلکە 
- ئەو خواردنانەی بە ریشاڵە خۆراکییەکان دەوڵەمەندن

پەیوەندیی خۆراک و دڵەکزێ ئاڵۆزە، نوێترین رێنمایی کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس دەرچووە، دەڵێت پێویست ناکات خۆراکێکی تایبەت لە تووشبووانی دڵەکزێ قەدەغە بکرێ، چونکە پەیوەندیی نێوان خۆراک و دڵەکزێ ئاڵۆزە و مەرج نییە دوورکەوتنەوە لە خۆراکێکی دیاریکراو ببێتە هۆی چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە، لەبری ئەوە دەبێت چارەسەرێکی کارا بدرێتە نەخۆش.

چارەسەر

گرووپی یەکەم: هاوتاکەرەکانی ترشی گەدە (Antacids) 
بەپێی رێنماییەکانی مایۆکلینیک، هەندێک دەرمانی دژە ترشی دەکرێ بەبێ رەچەتەی پزیشک وەربگیرێن و بەکاربهێنرێن، وەکوو دەرمانی گاڤیسکۆن و هاوشێوەکانی. ئەمانە تفتن و کاتێک لەگەڵ ترشی نێو گەدە یەکدەگرن، نێوەندێکی هاوتا دروست دەکەن.

گرووپی دووەم: زانتاک و هاوپۆلەکانی 
ئەمانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (دەوروبەری 12 کاژێر) دروستکردنی ترشی گەدە کەم دەکەنەوە. بەڵام نابێ بەبێ ئاگاداری پزیشک بۆ ماوەی زیاتر لە 2-3 هەفتە بەکاربهێنرێن.

گرووپی سێیەم: ئۆمیپرازۆڵ و هاوپۆلەکانی 
ئەمانە زۆر بەهێزترن، بەڵام دەرکەوتووە زۆر بەکارهێنانیان ئێسک لاواز دەکات و ئاستی ڤیتامین B12 کەم دەکاتەوە. توێژینەوەی نوێش هەن دەڵێن رێگە خۆش دەکات بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک.

رێگەچارەی سروشتیی دیکە

گیراوەیەک کە لە توێکڵی دارێکی تایبەت دروست دەکرێ (slippery elm bark) رووکاری ناوەوەی سورێنچک و گەدە دادەپۆشێ و لە کاریگەرییە خراپەکانی ترشەڵۆکی گەدە دەیپارێزێ، دەگوترێ دەردانی ترشی گەدەش کەم دەکاتەوە. توێژینەوەی نوێش هەیە دەڵێ ماددەی میلاتۆنین توندیی دڵەکزێ کەم دەکاتەوە.

نەریتی تەندروستانە 

توێژینەوە زانستییەکان جەختدەکەنەوە کە رێکخستنی کێش و رزگاربوون لە قەڵەوی، رێگەیەکی کاریگەرە بۆ رێگری لە دڵەکزێ. هەروەک بەرزکردنەوەی سەرین (باشترە لەکاتی خەودا ئەم کەسانە نیوەی سەرەوەی لەشیان بەگشتی بەرزتر بێ) ئەمە وادەکات ترشی نێو گەدە کەمتر بگەڕێتەوە بۆ سورێنچکک و گەروو، ئەمەش دڵەکزێ کەم دەکاتەوە. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 12 کاتژمێر پێش ئێستا

    چەوری سەر جگەر

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    جەڵتەی قاچ، ھۆکار و نیشانەکانی

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    سكئێشەی منداڵ - هۆكار و چارەسەر

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    بیست هۆكار بۆ هه‌بوونی ئازار له‌ پێیه‌كاندا

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    ئامۆژگاریی بۆ تووشبوانی تەنگەنەفەسیی

  • پێش 1 هەفتە

    رێنمایی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دڵەکزێیان هەیە

  • پێش 1 هەفتە

    هەوكردنی پووك و نیشانه‌كانی

  • پێش 1 هەفتە

    بۆ پاش نه‌شته‌رگه‌ری ئینزلاق نه‌خۆش چاک نابێته‌وه‌

سەرەتا