27/02/2020
876 جار خوێنراوەتەوە
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هەواڵی خۆشی پێیە لەبارەی کۆرۆنا
د. تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە وتاری هەفتانەیدا دوێنێ 26ی شوبات چەند زانیاری وچەند هەواڵێکی دڵخۆشکەری راگەیاند بۆهەموو جیهان لەسەر پەتای کۆرۆنای نوێ کۆڤید-19.
تاکو 6 بەیانی رۆژی چوارشەمە 78,190 توشبوو لە چین تۆمارکراون لەناویاندا 2718 توشبوو گیانیان لەدەست داوە.
ئەوەی دڵخۆشکەرە دوێنێ تەنها 10 نەخۆشی نوێ تۆمارکراوە لە چین لە دەرەوەی پارێزگای هوبی.
ئادهانۆم وتی تیمەکانمان لە چین بۆیان دەرکەوتووە توندی پەتاکە گەشتۆتە لوتکە لە نێوان 23ی مانگی یەک بۆ 2ی مانگی دوو، لەدوای ئەو بەروارە رێژەی توشبوون بە پەتاکە رۆژ بە رۆژ بەرەو کەمبوونەوە ڕۆشتووە.
بەڕیوەبەری گشتی ڕێکخراوەکەی سەر بە یو ئێن وتیشی تیمەکانمان بۆیان دەرکەوتوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە جینەتیکی ڤایرۆسەکەدا رووی نەداوە.
14 وڵاتی جیاواز کە پەتاکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە راپۆرتیان نەداوە بە هیچ نەخۆشێکی نوێ توشبوو بە کۆرۆنا لە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکدا، گرنگتر لەوە 9 وڵات راپۆرتی نەخۆشی نوێیان نەداوە بۆ ماوەی دووهەفتە زیاتر، لەوانە بەلجیکا، کەمبۆدیا، فنلەندا، هیندستان، نیپال، فلیپین، رووسیا، سریلانکا، لەگەل سوێد.
لەدەرەوەی چین تەنها 2790 توشبوو هەیە لە 37 وڵاتی جیاواز 44 حالەتی مردن هەیە بەهۆی پەتاکە.
دوێنێ بۆ یەکەمجار توشبووە نوێیەکان لە دەرەوەی چین زیاتر بوون لە توشبووە نوێیەکانی ناو چین.
تەندروستیی جیهانی دەڵێ ئەوەی نیگەرانمان دەکا هەڵکشانی ژمارەی توشبووانە بە رێژەی بەرچاو لە ئێران و ئیتالیا و کۆریای باشور.
وەکو ئادهانۆم وتی بەزووترین کات تیمێکمان دەنێرین بۆ ئێران بۆ دابینکردنی هاوکاری.
د. تێدرۆس ئادهانۆم دەڵێ تاکو ئەم ساتە ئێمە باوەڕمان وانییە پەتاکە خێرای گواستنەوەی لەڕادەبەدەر بەهێز بێت و ڕێژەیەکی بەرچاو حالەتی توند و قوربانی هەبێ.
تەندروستی جیهانی دەڵێ تاکو ئێستا پەتاکە ناو نانێین پەتای جیهانی(pandemic ) چونکە ژمارەی هەموو توشبوان لە چین لە 80000 کەس کەمترە بەراورد بە 1.4 ملیار دانیشتووانی چین، هەروەها لە هەموو جیهان بەدەر لە چین تەنها 2790 کەس تووشبوون بەراورد بە 6.3 ملیار دانیشتووان.
لە هەمان کاتدا ڕێکخراوە جیهانییەکە دەڵێ بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئێمە بێخەم بین بگرە دەبێ هێز هیواو ئازایەتیمان بداتێ بۆ ئەوەی پێکەوە بەرەنگاری پەتاکە بینەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەناوبەرین.
بەڕیوەبری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هەروەها سێ رێنمایی گرنگی دا بۆ هەموو وڵاتانی جیهان:
یەکەم. هەموو وڵاتەکان پێویستە و دەبێت بایەجی لەپێشینە بە پاراستنی پزیشک و کارمەندە تەندروستیەکان بدەن بۆ روونەدانی تەشەنەکردن( outbreak) لە نەخۆشخانەکاندا.
دووەم. پێویستە هاوکاری کۆمەڵگا بکەن بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی زیاتر لە مەترسیدان بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەکە وەک خەڵکانی پیر و تووشبووانی نەخۆشییە درێژ خایەنەکان.
سێیەم. هەموو وڵاتێک پێویستە ئامادەبێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە هەرچی زووترە، جیاکردنەوەی توشبووەکان، کەمکردنەوەی بەرچاوی بەریەککەوتنەکان، دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی، ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە لە نەخۆشخانەکاندا هەروەها رێگریگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگادا.
لەکۆتایی قسەکانیدا دکتۆر ئادهانۆم ئاماژەی بەوەدا تەنها بە یەکانگیری جیهانی و سیاسی و تەکنیکی هەروەها ئابووری دەتوانین زاڵبین بەسەر پەتاکەدا و ژیانی خەڵکی رزگار بکەین.
د. هێمن مەحموود
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە