پێش 1 هەفتە 103 جار خوێنراوەتەوە

خەمۆكی دوای منداڵبوون

په‌یام

دكتۆر هودا محێدین
مامۆستای كۆلێجی پزیشكی زانكۆی سلێمانی

(ناساندنی-نیشانەكانی-هۆكارەكانی-ناسینەوەی- چارەسەر- رێگاگرتن لەتوشبوون)

خەمۆكی بریتییە لە هەست كردن بە دڵتەنگی و نەمانی دڵخۆشی، بە نەخۆشی دەروونی دادەنرێت و زۆرێك لە ئێمە هەست بەم بارە ناجێگیرە دەكەن بەڵام بەجۆری جیاواز و بەكاتی جیاوازیش. خەمۆكی لەباری تەندروستیدا بریتییە لە ناتەواوی لە هەوەسی مرۆڤەكاندا كە تیایدا مرۆڤەكان هەست بەدڵتەنگی‌و توڕەیی ‌و شكستخواردن دەكەن بەجۆرێك كاردەكاتە سەر هەموو ڕۆژەكانی تەمەن بەماوەیەكی زۆر.

خەمۆكی ئەگونجێ‌ كەم، مام ناوەند یان توند بێت.
تاچەند خەمۆكی بەربڵاوە لەماوە ‌و پاش ماوەی سكپڕیدا؟
بوونی ئەم بارە لەماوە ‌و لە دوای سكپڕی بە ساڵێك ناو دەبرێت بە خەمۆكی دەوروبەری
سكپڕی، تۆماركردنی ئەم حاڵەتە لەكاتی سكپڕیدا تائێستا بەتەواوی نەزانراوە بەڵام زۆربەی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە دەدەن بە ڕوودانی ئەم حاڵە بەشێوەیەكی زۆر لەماوە وماوەی پاش سكپڕیدا.
زۆرێك لەباری خەمۆكی لە ماوەی سكپڕیدا ناناسرێتەوە ‌و چارەسەر ناكرێت لە بەرئەوەی هەندێك گۆڕانی ئاسایی لەماوەی سكپڕیدا ڕوودەدەن كە هاوتای هەمان نیشانەی خەمۆكین بۆ نمونە بێتاقەتی‌و گیروگرفت لە خەودا، گۆڕانی بەهێز لەباری سۆزداریدا لەگەڵ گۆڕانی كێش لە لەشدا لە دەوروبەری كاتی سكپڕیدا كەلەهەمان كاتدا ئەم نیشانانە نیشانەی خەمۆكین.
هۆكاری ئەم خەمۆكییە؟
زۆر هۆكار هەن كەدەبنەهۆی خەمۆكی لەئافرەتدا، گۆڕانی هۆرمۆنەكان، یان ڕووداوی فشاراوی لەژیاندا,وەكو مردنی ئەندامێكی خێزان ئەبێتەهۆی گۆڕانكاری كیمیایی لە مێشكدا و لەبەرئەنجامیشدا دەبێتەهۆی دروست كردنی خەمۆكی.

لەكاتی سكپڕیدا چەند هۆكارێك هەن كە چانسی خەمۆكی لە ئافرەتدا زیاد دەكەن لەوانە:-
- بوونی مێژوویی خەمۆكی‌و بەكارهێنانی مادەی بێ‌ هۆش كەر.
- بوونی نەخۆشی دەروونی لە خێزانەكەدا.
- كەمی پالپشتی لەلایەن خێزان ‌و هاوڕێ‌َوە.
- دودڵی لەبارەی كۆرپەكەوە.
- گیروگرفت لە سكپڕی پێشوودا یان لەكاتی لەدایك بووندا.
- گیروگرفتی خێزانی‌و دارایی لە خێزانەكەدا.
- ئافرەتی گەنج.

پاش سكپڕی:-
خەمۆكی پاش سكپڕی پێ‌ دەوترێت خەمۆكی ماوەی زەیستانی.دوای سكپڕی[پاش منداڵبوون]دەركەوتنی گۆڕانكاری هۆرمۆنی لەلەشی ئافرەتەكەدا دەبێتەهۆی هاندانی نیشانەكانی خەمۆكی بەتایبەتی زیادبوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین ‌و پرۆجیسترۆن،لەسەرەتا [24] كاتژمێر دوای لە دایك بوونی كۆرپەكە بەخێرایی ئەم هۆرمۆنانە كەم دەبنەوە بەڕادەیەك نزیك دەبنەوە لەباری ئاسایی[ماوەی پێش سكپڕی]، زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكان ئاماژە دەدەن بەهاندانی خەمۆكی بەهۆی ئەم گۆڕانە لە هۆرمۆنەكاندا.
هەندێك جار هۆرمۆنی ڕژێنی دەرەقی كەم دەبێتەوە پاش لەدایك بونی كۆرپە و ئەم كەمبونەوەیەش هۆكارێكە بۆ دەركەوتنی نیشانەكانی خەمۆكی.
* هۆكاری تر كە دەبێتەهۆی خەمۆكی لە پاش لە دایكبوندا؟
- هەست كردن بە ماندوبون دوای لەدایك بوونی كۆرپەكە، تێكچونی شێوازی خەو، وەرنەگرتنی پشووی پێویست.
- هەست كردن بە وروژاندنی زیاد لەگەڵ زیادبوونی كۆرپەی نوێ‌ لەخێزانەكەدا كە دایكەكە هەست دەكات پێویستی بە تێكۆشانی زیاتر هەیە بۆ بە خێوكردنی كۆرپەكەی.
- هەست كردن بەفشار بەهۆی گۆڕانی ئیش‌و كاری ئاسایی‌و ئیش‌و كاری ناوماڵ,ئەمەش دەبێتەهۆی دروست كردنی بیرێكی نوێ‌ لای دایكەكە كە كە هەست بە ماندوبوونی دەروونی زیاتر بكات.
- بوونی هەستی لەدەستدان لەوانە لەدەستدانی كەسیەتی، لەدەستدانی كۆنترۆڵ، لەدەستدانی وێنەی پێشی سكپڕی، لەدەستدانی ئاستی سەرنج ڕاكێشان لەلایەن دەوروبەرەوە.
-هەست بە لەدەستدانی كاتی پێویست لەگەڵ كەم بونەوەی كۆنترۆڵ كردنی كاتەكان.

نیشانە ئاگادار كەرەوەكانی خەمۆكی:-
لە دەوروبەری ماوەی سكپڕیدا[كاتی سكپڕی, دوای سكپڕی,ماوەی زەیستانی] ئەگەر هاتوو یەكێك یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوە سەریان هەڵدا پێویستە سەردانی پزیشكی تایبەتمەند[پسپۆری دەروونی] بكرێت، گرنگترینی ئەو نیشانانە بریتین لە:-
- هەست كردن بە هۆقرە لێبڕان‌و بێزاری.
- هەست كردن بە دڵتەنگی‌و بێ‌هیوایی‌و وروژاندن.
- نەبوونی هێز یان نەمانی هاندانی خودی.
- گریانی زۆر.
- خواردنی زۆر كەم یان زۆر زیاتر لەباری ئاسایی.
- خەوتنی زۆركەم یان زۆر زیاتر لەباری ئاسایی.
- بوونی گیروگرفت لە تەركیزكردن‌و بیركردنەوە ‌و بڕیارداندا.
- هەست كردن بەبێ‌ بایەخی‌و بێ‌كەڵكی‌و تاوانباری.
- لەدەستدانی حەز و هۆگری بۆ چالاكینواندن.
- دابڕین لە هاوڕێ‌ ‌و خێزان.
- بوونی سەرئێشە و سنگ ئێشە و دڵەكوتێ‌ یان هەناسە سواری.
- هەروەها چەند نیشانەیەك هەیە پاش سكپڕی كە بەنیشانەی خەمۆكی دادەنرێن ‌و بە شێوەیەكی بەرچاو دەبینرێن لەوانە ترسان لەئازار پێگەیشتنی كۆرپە و خودی دایكەكە
خۆی یان لەدەستدانی هۆگری دایكەكە بۆ كۆرپە.

جیاوازی لە نێوان خەمۆكی ‌و ناتەواوی عەقڵی [Psychosis]دوای سكپڕی؟
خەمۆكی دوای سكپڕی ئەگونجێ‌ لە هەركاتێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ دوای منداڵبون ڕووبدات، ئافرەتەكە ئەگونجێ‌ دوچاری چەند نیشانەیەك بێت لەوانە هەستكردن بەدڵتەنگی،لەدەستدانی ووزە، گرفت لە تەركیزكردندا،دوودڵی‌و هەستكردن بەتاوان‌و خۆبەكەمزانی.
خەمۆكی دوای منداڵبون پێویستی بەچارەسەری پزیشك هەیە، هەروەها ڕاوێژكردن‌و پاڵپشتیكردنی خێزان ‌و دەوروبەر سودی گرنگی هەیە سەڕەڕای دەرمانی جۆربەجۆر.
ناتەواوی عەقلی[سایكۆسس] بەشێوەیەكی كەم لەدوای منداڵبون ڕوودەدات بەجۆرێك[1-2]حاڵەت لە[100] ئافرەتدا ڕوودەدات لەپاش منداڵبونیان ‌و بەشێوەیەكی گشتی لەسەرەتا [6]هەفتەی ماوەی زەیستانیدادەبێت.

نیشانەكانی ئەم بارە بریتین لە وڕێنەكردن، هەستكردن بەدەنگ‌و وێنە‌و بۆن و شتی ئەوتۆ كە لەڕاستیدا بوونیان نییە،تێكچونی خەو، ڕاڕایی لەبیرەكاندا بەتایبەتی لەبارەی كۆرپەكەیەوە.
پێویستە ئافرەت چی بكات لە ماوە و ماوەی دوای سكپری كاتێك دوچاری خەمۆكی دەبێت؟
خەمۆكی دەوروبەری سكپڕی ئەگونجێ‌ ڕووبدات لە هەموو ئافرەتێكدا، ئەگونجێت زۆرێك لە ئافرەتەكان كاتێك دوچاری ئەم بارە دەبن هیچ كەسێك ئاگادار نەكەن لەبارەی ئەو گرفتەی دوچاری دەبن لەبەر چەند هۆكارێكی جیاواز.

كارێكی پێویستە وتوێژ لەگەڵ پزیشكەكەت بكەیت كاتێك هەستت بەبوونی نیشانەكانی خەمۆكی كرد لەكاتی سكپڕی یان دوای منداڵبون، لێرەوە ئەگونجێت پزیشكەكەت چەند پرسیارێكت ئاڕاستە بكات بۆ ئەوەی تاقیكردنەوە بكات لەسەر ڕادەی توندی خەمۆكی پاشان هەستێ‌ بەڕەوانەكردنت بۆ لای پزیشكی تایبەتمەند تاوەكو چارەسەری گرفتەكەت بكات.

چەند خاڵێكی تر هەن كە یارمەتی دەرن بۆ كەم كردنەوەی ئەم بارە:-
- هەوڵبدە هەتا ئەتوانی پشوو وەرگریت.
- هەوڵبدە دوربكەویتەوە لە خۆماندوكردنی زۆر.
- داوای یارمەتی بكە بەتایبەتی لە خێزانەكەت یان هەرئەندامێكی تری خێزانەكەت بە تایبەتی لەشەواندا بۆئەوەی بەپێ‌ی پێویست یارمەتیت بدەن.
- هەوڵبدە دووربكەویتەوە لەمانەوە بەتەنیایی و بۆماوەیەكی زۆر.
- پەیوەندی كردن بە گروپی تایبەتمەند بەچارەسەركردنی ئەم حاڵەتە لەڕێگای ئینتەرنێت ‌و تەلەفۆنەوە كەبۆ ئەم مەبەستە دیاری كراون.

* خەمۆكی چۆن چارەسەر دەكرێت؟
دوو جۆری تایبەتی‌و باو لە چارەسەر هەن بۆ ئەم حاڵەتە لەكاتی سكپری یان دوای سكپڕیدا ئەوانیش:-
- چارەسەر لەڕێگای قسەكردنەوە[ speech therapy]، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی قسەكەری تایبەتمەند، پسپۆڕی دەروونزانی یان كارمەندی كۆمەڵایەتی تایبەت بەم حاڵەتەوە دەكرێت .
- بەكارهێنانی دەرمان وەكو دەرمانی دژەخەمۆكی كەیارمەتی چارەسەركردنی نیشانەكانی خەمۆكی دەدات.وەرگرتنی دەرمانی دژەخەمۆكی پێویستە لە ژێرچاودێری پزیشكدا بێت چونكە ئەم دەرمانانە كاردەكەنە سەر ئەو ئافرەتانەی كە شیری خۆیان دەدەنە كۆرپەكانیان ولێرەشەوە كاردەكاتە سەرگەشەی كۆرپە و دایكەكەش.

* ئایا لەدایكی سكپڕدا خەمۆكی ئەگەر چارەسەر نەكرێت كاردەكاتە سەر كۆرپە؟
خەمۆكی بەتەنها زیان بە دایكەكە ناگەیەنێت بەڵكو كاریگەری بەسەر كۆرپەكەیەوە بە جێ‌دەهێڵێت.هەندێك لێكۆڵینەوە ئاماژە بەزیادبوونی ئەگەری ڕوودانی لە دایك بوونی پێش وەخت‌و كۆرپەی كەم كێش دەكەن لەو دایكانەدا كە لە ماوەی سكپڕیاندا دوچاری ئەم گرفتە دەبن.
زۆرێك لە دایكان ناتوانن گرنگی بدەن بەباری تەندروستی خۆیان لەكاتێكدا دووچاری خەمۆكی دەبن لەماوەی سكەپڕییاندا لەگەڵ ئەمەشدا دوچاری گرفت دەبن لە خۆراكیاندا‌و كێشیان بەشێوەیەكی ئاسایی لە ماوەی سكپڕیاندا زیاد ناكات,هەروەها دوچاری گرفت لە خەوتندا دەبن بەجۆرێك ناتوانن سەردانە ئاسایەكان بكەن لەكاتی سكپڕیاندا‌و ناتوانن ڕێنمونیە پزیشكییەكان بەبارێكی باش جێ‌بەجێ‌ بكەن ‌و تەواوی ئەمانەش كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر گەشەی كۆرپە بەجێ‌دەهێڵن.

سەرچاوەكان ئاماژەدەدەن بە دواكەوتنی گەشەی كۆرپە لە ڕووی قسەكردن ‌و بەندی سۆزداری لەگەڵ دەوروبەریدا، كەمبوونەوەی جوڵە ‌و تێكچونی خەوی .
هەموو كۆرپەیەك مافی خۆیەتی دایكێكی باشی هەبێت، هەموو دایكێك مافی خۆیەتی چانسی باشی ژیانی هەبێت بۆ خۆی ‌و بۆ منداڵەكانی، لێرەوە گرنگە تۆی دایك كاتێك هەستت كرد نیشانەیەك یان زیاتر لە نیشانەكانی خەمۆكیت تیا دەركەوت پێویستە بەزوترین كات كەسێكی خۆشەویستی خۆت ئاگادار بكەیتەوە تاوەكو یارمەتیت بدات بۆ سەردان بۆ لای پزیشكی پسپۆڕ.

 

دكتۆر هودا محێدین
هەڵگری بروانامەی بۆردی عێراقی (دكتۆرا) لەنەخۆشیەكانی ژنان و مناڵبوون
مامۆستای كۆلێجی پزیشكی زانكۆی سلێمانی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 13 کاتژمێر پێش ئێستا

    نیشانەکانی گیرانی بۆری فرمێسک لە منداڵدا چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    بۆ دایكان... چۆنیەتی پاککردنەوەی مەمە شیری منداڵ

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    سایكۆلۆژیای لەخۆباییبوون

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    کــەی گونجاوە بۆ شۆردنی منداڵی تازە لە دایک بوو؟

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    سایكۆلۆژیای گریان

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    پێست و باری دەروونی

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    "خۆشەویستی" بکەن نەک "خۆپەرستی"!

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    باشترین جۆره‌کانی خۆراک بۆ منداڵان له‌ هاوین دا

سەرەتا