22/02/2020 543 جار خوێنراوەتەوە

چۆن بە دەروندروستی ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە؟

ئەم ڤایرۆسە نوێیە کە هەوکردن (ئیلتیهاب)ێکی تایبەت دروستدەکات و وەکو مەترسییەک دەبینرێت بۆسەر مرۆڤایەتی، کاریگەریی نەرێنی زۆر دەخاتە سەر دەروونی تاک، ئەو کاریگەرییەش بەهۆی دڵەراوکێ (قەلەقی)ی توشبوون بە نەخۆشییەکەوە دەبێت، لە کاتێکدا کە هیچ حاڵەتێکی دیاریکراو لە کوردستان تۆمارنەکراوە!
کاریگەرییەکانی فرە لایەنن:
- دڵەراوکێ و فشاری دەروونی هۆکارێکی سەرەکی دابەزینی بەرگری لەشی مرۆڤ و کەمبونەوەی بەرگەگرتنمان بۆ نەخۆشییەکان و بەتایبەت هەوکردنە، لەبەرئەوە کەسانێک کە ترس و قەلەقییان زۆرە ئەگەر هەیە زیاتر توشی نەخۆشییەکە ببن!
- هەروەها ئەم قەلەقیی و ترسە هۆکارێکیشە بۆ شڵەژانی هۆرمۆنەکانی لاشە، بەشێوەیەک زۆربەی هۆرمۆنەکان رێژەی دەردانیان دەگۆرێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر تەندروستی لاشەی مرۆڤ وەکو خاوبونەوەی هەرسکردنی خۆراک و بەرزبونەوەی فشاری خوێن. ئەمیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر رادەی توشبونمان بە نەخۆشییەکان.
- هەروەها ئەگەر قەلەقی درێژە بکێشێت لەوانەیە توشی شڵەژانە دەرونییەکان ببین، بەتایبەت خەمۆکی و نەخۆشی قەلەقی و فۆبیا و تۆقین، لە کۆتاییشدا ئەم نەخۆشییانە پێویستیان بە چارەسەر دەبێت!
- ئەم کاریگەرییانە لەوانەیە درێژخایەن بن و کاردەکاتە سەر داهاتوی دەروندروستی تاک و توشبوون بە نەخۆشییە دەرونجەستەییەکانی وەکو بوونی ئازار بەبێ هۆکار و بوورانەوەی دەروونی!
لەبەر ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە پێویستە لەڕووی دەروونییەوە بەهێزبین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی قەلەقیی توشبوون بەم نەخۆشییە، لە ڕووی خۆپارێزییەوە بەهێزی بەرگری دەرونی هیندەی رێگاکانی خۆپارێزی کاریگەری هەیە لەسەر دووربوونمان لە نەخۆشییەکان.
ئەمەش چەند رێنماییەک هەتا بە دەروندروستی بمێنینەوە:
-گەورەنەکردنی قەبارەی ڕووداوەکە و بینینی وەکو ئەوەی هەیە، واتە کارەساتەکە وەکو خۆی ببینین و گەورەتر لە قەبارەی خۆی نەیبینین، بەتایبەت ئێستا کە تەنها باسی لایەنە نەرێنییەکان دەکرێت و ترس بڵاودەکرێتەوە. لەکاتێکدا چەندین هەواڵی دڵخۆشکەر لەوبارەوە هەن!
- بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکان و باسەکان لەوبارەوە بکەین، لە سەرچاوەی دروستەوە زانیاری وەربگرین. بەتایبەت کە ڕۆژانە هەواڵی ناڕاست و نازانستی زۆر بڵاودەکرێتەوە.
- بە ئومێدبوون و بیرکردنەوەی ئەرێنی، واتە بینینی ڕووە ڕۆشنەکانی ئەم ڕووداوە، بۆنموونە ئێستا ئەم نەخۆشییە هێندە تەشەنەی نەکردووە و زیاتر لە وڵاتی چین دایە، چەندین نەخۆش لە نەخۆشییەکە چاکبونەتەوە و گەراونەتەوە ماڵەوە، هۆکارەکانی خۆپارێزی دەزانین، روبەروبونەوەکان بۆ ئەم ڤایرۆسە جیهانییە و هەموان لە هەوڵدان.
- گرتنەبەری ڕێگەی دروستی خۆپارێزی، بەوشێوەی کە دروست و زانستییە و زیادەڕەوی نەکردن لەو بارەوە.
- لە جیاتی خۆسەرقاڵکردن بە هەواڵەکان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەوڵبدە خۆت بە شتی سودبەخشی وەکو وەزشکردن، پیاسەکردن، گفتوگۆی سودبەخش، خوێندنەوە ..هتد. بەسەربەرە، کاتێکی کەم بدە بە هەواڵەکان لەسەر کۆرۆنا.
- هەرکات هەستتکرد ترسەکەت زۆرە، دوودڵمەبە و بۆ کەسێکی نزیکت باسی بکە و خۆت لە هەستی ترس و بێزاری رزگاربکە.
بەو هیوایەی هەموومان لە نەخۆشی و ناخۆشی بەدوربین.. دەروندروستبن بۆ هەمیشە..

جەعفەر عومەر
پزیشکی پسپۆڕی دەروونیی


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 08/05/2025

    لە ڕۆژی جیهانیی تالاسیمیادا، ڕێژەی نەخۆشییەكە لە هەرێم ڕوو لە بەرزبوونەوەیە

  • 01/05/2025

    یاد نەقشبەندی: شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتان ئەگەری چاكبوونەوەی زۆرە

  • 07/03/2025

    تەندروستی جیهانی: ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەکییەكان ژیانی ملیۆنان نەخۆش دەخاتە مەترسیەوە

  • 02/03/2025

    کام نەخۆشیی دەروونی دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت

  • 22/02/2025

    جیهان.. قەیرانی ئۆكسجین ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسییەوە

  • 01/02/2025

    كۆشكی سپی: دەرچوونی "كۆڤید-19" لە تاقیگەیەكی وڵاتی چین ڕاستییەكی سەلمێنراوە

  • 21/12/2024

    بەكارهێنانی زیاد لەپێویستی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەبێتەهۆی پوكانەوەی مێشك و سڕكردنی

  • 23/11/2024

    پیشەسازیی داودەرمانی جیهان لە 10 ساڵی داهاتوودا بۆ دوو هێندە زیاد دەكات

سەرەتا