14/02/2020
402 جار خوێنراوەتەوە
عێراق و کوێت تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان دەکەن
پهیام
وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم و هاوتا کوێتییەکەی، ئەحمەد ناسر بن محەمەد ئال سەباح تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.
بەپێی راگهیهنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، محەمەد عەلی حەکیم و ئەحمەد ناسر بن محەمەد ئال سەباح کۆبوونەوە.
لە راگهیهنراوهكهدا ئاماژە بەوە دراوە، هەردوو وەزیر تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان كردووه بەتایبەت لە بواری ئەمنییدا، هەروەها باسیان لە گرنگیی فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارەکانی بازرگانی وەبەرهێنان و هاندانی وەبەرهێنەرانی کوێتی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و دەستهبەرکردنی زیاتری کرانەوەی ئابووریی، کردووە.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیر تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە بەجۆرێک کە خزمەت بە گەلی هەردوو وڵات بگەیەنێت.
بەپێی راگهیهنراوهكه، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە بایەخدانی وڵاتەکەی بە دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنبووه کوێتییهكان، کردووهتهوە.
ساڵی ١٩٩١، رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن پەلاماری کوێتی دا و ئەو وڵاتەی داگیرکرد، و دوای نزیکەی مانگێک مانەوە تیایدا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا ناچار بە کشانەوە لە كوێت کرا؛ بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوێت پچڕا.
دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، جارێکی دیکە پەیوەندییەکی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بوویەوە، بەڵام تا ئێستا چەند پرسێک بە هەڵپەسێردراوی لە نێوانیادا ماونەتەوە بەتایبەت دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنبووهكان کە زۆربەیان دوای داگیرکردنی کوێت، لە لایەن رژێمی سەدام حسێن کوژران.
دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاندووە، تا ئێستا رووفاتی ٣٠٠ دیل کە لە لایەن رژێمی پێشووەوە کوژراون، رادەستی کوێت کراونهتهوه.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە