پێش 2 هەفتە 674 جار خوێنراوەتەوە

ئازاری شان هۆكار و چاره‌سه‌ره‌كانی

په‌یام

لەبەرئەوەی جومگەی شان جومگەیەکی ئاڵۆزە و سادە نیە، کە پێک ھاتووە لە ئیسک، ماسولکە، بەستەر(کە ماسولکەکان دەبەستێتەوە بە ئێسک)، ئەم پێکھاتانە لەگەڵ یەکدا یارمەتی جوڵەی شان ئەدەن، وەھەر کێشەیەک لەم پێکھاتانەدا ئازار دروست ئەکات لە جومکەکەدا.

ئەگەر ھەناسە توندیی یان سەرسنگ توندبوون ھەبێت لەگەڵ شان ئێشەدا ئەوە پێویستە بە ھەند وەربگیرێت چونکێ لەوانەیە نیشانە بێت بۆ جەڵدەی دڵ (heart attack) ھەر کاتێکیش لەگەڵ ئازاری شاندا، ئاوسانی لەپڕ، سوربوونەوە، لەدەست دانی توانایی جوڵاندن، گەرم بوون ھەبوو دەبێت بە ھەند وەربگیرێت و رای پزیشکی پسپۆر وەربگیرێت.

ھۆکارەکان :

١-  شکاندن: شکاندن لەھەر ئێسکێک کە جومگەکەیان پێک ھێناوە، لەوانەیە ببێتە ھۆی ئازارێکی زۆر، ئاوساندن، برینداربوون لە جومگەکەدا، بەتەمەنەکان زیاتر بەھۆی کەوتنەوە توشی دەبن، بەڵام گەنج زیاتر لەکاتی وەرزش یاخود ڕووداوی ھاتوچۆ توشی دەبێت .
٢-  داخورانی جومگەکە (osteoarthrites ): ئەمیش کاتێک کەکرکراگەیی کە دەوری جومگەکەیی داوەو پارێزگاری ئێسکی جومگەکە دەکات بریندار دەبێت و توشی داخوران دەبێت ، ئازار و ئاوسان و ڕەق بوون دروست دەکات، ئەم حاڵەتە زیاتر لە دوای ٤٠ ساڵیەوە ڕووئەدات، ھەروەھا بە ھۆی جوڵەی ھەڵەوەو خراپ بەکارھێنانی جومگەکە، بەرە بەرە بەرەو خراپ بوون دەڕوات .
٣-  لەجێ چوونی شان (shoulder dislocation):مستەکۆڵەی لەناکاو یاخود کەوتن لەوانەیە ببێتە ھۆکاری ئەم حاڵەتە کە زۆر جار دووبارە ئەبێتەوە بەھۆی پچڕانی بەستەرەکانی دەوری جومگەکە یاخود ماسولکەکان کە دەبێتە ھۆی ناجێگری جومگەکە ..
٤-  ئەو ماسولکانەی دەوری جومگەی شان دەدەن پێیان دەوترێت (rotater cuff muscles ).ئەم کۆمەڵە ماسولکەیە ھەندێ جار ھەودەکەن و دەئاوسێن و دەکەونە نێوان ئەو دووبەشی ئێسکەی جومگەکە ، کەدەبێتە ھۆی برینداربوونی ماسولکەکان ، ھەوکردنی بەستەرەکان کە دەبێتە ھۆی ئازارێکی زۆر لە جومگەکەدا ..
٥ - دڕان یاخود پچڕانی بەستەری ماسولکەکانی دەوری شان: ئەمەش لەکاتی جوڵەیەکی لە پڕی ھەڵە یاخود چەمانەوەی شان ڕووئەدات کەدەبێتە ھۆی ئازار و نەتواندنی جوڵەی جومگەکە ..ئەگەر بەستەرەکە بەتەواوەتی بپچڕێت ئەوا ماسولکەکان جیا دەبنەوەو دوور ئەکەونەوە لە ئێسکەکە و ماوەیەکی زۆریان دەوێت ھەتاوەکو چاک دەبێتەوە ، ئەگەر دڕان یاخود پچڕانەکە کەمتر بێت ماوەیەکی کەمتری ئەوێت.
٦-  ھەوکردنی لەناکاوی بەستەرەکان : ئەمەش زیاتر ئەو کەسانە توشیان دەبێت کە ھەندێ وەرزش دەکەن وەکو باسکت بوڵ ، تێنس ، یاخود مەلەکردن بەشێوەی ھەڵە و بەشێوەیەکی بەردەوام دەیکەن و پشوو وەرناگرن لەگەڵیدا ..ھەندێ جاریش دوای ماوەیەکی زۆر تووش دەبن.
٧-  ھەوکردنی بەستەرەکان : ئەویش لە ئەنجامی خراپ بەکارھێنانی بەردەوامی جومگەکە بۆ نموونە( پەنجەرە سڕین و پاک کردنەوەی بەردەوام لە ژناندا) ، کە دەبێتە ھۆی ھەوکردنی بەستەرەکە ووردە ووردە ، ھەندێ جاریش داخوران یان سەوەفانی زۆری جومگەکە دەبیتە ھۆکاری ئەم ھەوکردنە.
٨- ھەوکردنی ئەو کیسی لینجیانەی دەکەوێتە نێوان جومگەکان (bursitis ) : لە نێوان جومگەکەدا کیسی لینجی تایبەت ھەیە کە وەکو بالیف وان جووڵەی جومگەکە ئاسان دەکەن ، ھەندێ جار ئەم کیسانە دەئاوسێن یاخود ھەودەکەن ..کەزیاتر لەو کەسانەدا ڕووئەدات کە جوڵەیەکی تایبەت دووبارە دەکەنەوە بۆ نموونە یاریکەری باسکە (basketball ) یاخود ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی بەردەوام شت بەرزدەکەنەوە بۆ ئاستی سەریان ، کاتێک ئەم حاڵەتەت توش دەبێت کەمترین جوڵە ئازار دروست دەکات.
 ٩- ھەندێ ھۆکاری تری دەگمەن ھەیە : وەکو ھەوکردن بە ھۆی بەکتریا ، سەرەتان و دروستبوونی گرێ لەناو جومگەکە یان دەرەوەی ، ھەندێ نەخۆشی کەتووشی مێشک و دەمار دەبێت وەکو نەخۆشی ( پارکینسون ) ، ھەندێ جار دەمارێک فشاری دەکەوێتە سەر لە دەوری جومگەکەو دەبێتە ھۆی ئازار ..

دەستنیشانکردن:

1- (تیشکی x ray ( ئەشعەی ڕەش و سپی  .
 2- تیشکی CT scan ...
٣- ئەشعەی تەنووری (MRI)..بۆ زانینی باری ئێسک و بەستەرەکانی ناو جومگەکە.
٤ - سۆنەر (US)..بۆ سەیرکردنی ناو جومگەکە و ماسولکەو بەستەری دەوری جومگەکە .
٥-  نازوور (arthroscopey) ھەر کاتێک پزیشکەکەت دڵنیا نەبوو لە ھۆکاری ئازارەکە ئەم رێگایە بەکار دێت .کە تەنیا بۆ دەستنیشانکردن نیە ھەندێ جار بۆ چارەسەریش بەکار دێت .

چارەسەر :

بەپێی حاڵەتەکە دەگۆڕێت ، بەڵام لە زۆربەیدا ئەم ڕێگایانە پەیڕەو دەکەین :
١- پشوودان بە جومگەکە.
٢- مەساج و چارەسەری سروشتی.
٣- وەرزشی گونجاو بۆ بەھێز کردنی ماسولکەکان.
٤- دەرمانە ئازار شکێنەکان.
ئەگەر بەو ڕێگایانە چارەسەر نەبوو، ئاوا ناچار دەبین پەنا بەرین بۆ ڕێگای تر، کە ئەمانەن :
١-- دەرزی بۆ ناو جومگەکە ، کە بە پێی جۆری ھۆکارەکە بڕیار دەدرێت ئەویش ٣ جۆرە :
ستیرۆید
پرۆلۆتیراپی
پلاسما
٢- بەکارھێنانی دەرزی چینی ، و ئامێری (TENS)، کەتەزووی کارەبایە بۆ چارەکردنی ئازار و گرژی و ھەوکردنی ماسولکەکان .
٣- بەکارھێنانی ئامێری _شۆک وەیڤ_ بۆ شکاندنی کلسی سەرشان و نەھێشتنی خاڵی ئازار لە شان و مل دا، ھەروەھا بۆ چارەسەری برینداری ماسولکە و ھەوکردنی بەستەرەکانیش بەکاردێت .
٤- نەشتەرگەری : لەھەندێ حاڵەتی تایبەتدا کە بەستەرەکان ھەمووی پچڕابن ، یاخود شکاوی ، ئەمیش یاخود بە نازوور دەکرێت یاخود بە ڕێگای کردنەوەی جومگەکە .
 ٧ - ھەندێ ھۆکاری تری دەگمەن ھەیە : وەکو ھەوکردن بە ھۆی بەکتریا دەبێت دژە ھەوکردن بەکار بێت ، بوونی گرێ دەبێت گرێکە لاببرێت ، نەخۆشیە دەگمەنەکانیش ئەبێت بەپێی نەخۆشیەکە پزیشکی پسپۆر بیان بینێت .

دكتۆر هه‌ڤین که‌مال شا محه‌مه‌د
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئەگەر منداڵەکەمان تووشی خوێن بەربوونی لووت بوو پێویستە چی بکەین؟

  • 20 کاتژمێر پێش ئێستا

    هه‌ولێر...بۆیه‌كه‌مینجار له‌ عێراق نه‌شته‌رگه‌ری دانانی ده‌ماری ده‌ستكرد ئه‌نجامدرا

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    بۆچی له‌ زستاندا ماسولكه‌ و جومگه‌كان ئازاریان زیاتر ده‌بێت؟

  • پێش 2 هەفتە

    ئازاری شان هۆكار و چاره‌سه‌ره‌كانی

  • پێش 2 هەفتە

    له‌كاتی گه‌شكه‌ی منداڵدا چی بكه‌ین؟

  • پێش 3 هەفتە

    په‌تای وه‌رزی چییه‌؟

  • پێش 3 هەفتە

    باشترین شێوازه‌كانی خه‌وتن بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی ئازاری پشتیان هه‌یه‌

  • پێش 4 هەفتە

    به‌م شێوه‌یه‌ بەرزی پەستانی خوێنەكەت مەهێڵە

سەرەتا