15/05/2025
276 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل هەموو شتێکی لەسەر ئانچلۆتی ئاشکرا کرد
پەیام سپۆڕت - مەڕوان تاڵیب
ئێدناڵدۆ ڕۆدریگێز، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیلی
ڕاستی ڕێککەوتنیان لەگەڵ کارلۆ ئانچلۆتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، چاوەڕێی
ڕەزامەندی ڕیاڵ مەدرید بوون.
پاش دیاریکردنی ئانچلۆتی وەک ڕاهێنەری سیلیساو لەم
هەفتەیەدا، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی بەڕازیل ئاماژەی
بەوەکرد، پەیوەندی سەرەتایی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کارلۆ نەبووە، بەڵکو لەگەڵ یانە
ئیسپانییەکە هەبووە، نزیکەی 20 رۆژ پێش ئێستا ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئانچلۆتی کرد،
بەڵام ڕاگەیاندنەکەی دواخرا تاکو ڕیاڵ ڕەزامەندی هەڵوەشاندنەوەی بۆندەکەی نیشان دا.
ئێدناڵدۆ ڕۆدریگێز ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئانچلۆتی تاکو
دوای جامی جیهانی یانەکان لەگەڵ مەدرید بەردەوام بووایە، ئەوا بۆ بەڕازیل گونجاو
نەدەبوو و چاوەڕێیان نەدەکرد و ڕاهێنەرێکی دیکەیان دەهێنا.
لە کۆتایدا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل وتیشی: بڕیار
بوو ئەم هەینییە گرێبەستەکە ڕابگەیەنرێت، بەڵام زانیارییەکان دزەی پێکرا و ناچار
بووین هەرزوو بڵاوی بکەینەوە کە دووشەممە ئەوە ڕوویدا، چونکە نە ئێمە و نە
ئانچلۆتی نەماندەتوانی ئەو هەواڵە بە درۆ بخەینەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە