02/05/2025
168 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا ڕێككەوتنێكی لەگەڵ ئۆكرانیا بۆ دەستگەیشتن بە كانزا دەگمەنەكەكانی ئەنجامدا
پەیام
سەرەنجام ئەمریكا ڕێككەوتنێكی ئابوری بەرفراوانی لەگەڵ ئۆكرانیا بۆ دەستگەیشتن بە كانزا دەگمەنەكەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.
بە پێی ئەو ڕێككەوتنەی واژوو كراوە، ئەمریكا، سندوقێكی وەبەرهێنان بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیا دادەنێت، لە بەرانبەردا، ئیدارەی ئەمریكا پشكێكی گەورەی لە سەرچاوە سروشتیەكانی ئەو وڵاتە و دەستگەیشتن بە ماددە و كانزا دەگمەنەكان پێ دەدرێت.
واژوو كردنی ئەم ڕێككەوتنە دوای ئەوە دێت، كە ئەمریكا هەوڵی نێوەندیگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و كۆتایی هێنان بە جەنگ، لە ڕێی ئەم ڕێكەوتنەشەوە واشنتۆن دەیەوێت فشار لە سەر مۆسكۆ دروست بكات بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ.
سەبارەت بەم ڕێككەوتنە، سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وتی "خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنی هاوبەشی ئابووری مێژوویی" لەگەڵ ئۆكرانیا ڕادەگەیەنم.
لە بەرانبەردا یولیا سڤیریدینكۆ وەزیری ئابووری ئۆكرانیا دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە لە واشنتن ڕایگەیاند كە "بە هاوكاری لەگەڵ ئەمریكا، كار لەسەر دامەزراندنی ئەم سندوقە دەكەین كە وەبەرهێنانی جیهانی بۆ وڵاتەكەمان ڕادەكێشێت"، وتیشی: ڕێككەوتنەكە ڕێگە بە پڕۆژەكانی دەرهێنانی كانزا، نەوت و گاز لە ئۆكرانیا دەدات، ئاشكراشیكرد "ئۆكرانیا خۆی دیاری دەكات كە لە كوێ و چی دەردەهێنرێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە