26/04/2025
224 جار خوێنراوەتەوە
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: داتای نزیكەی ملیۆنێك هاووڵاتی نوێ كراوەتەوە
پەیام
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوامە و تاوەكو ئێستا نوێكردنەوەی نزیكەی ملیۆنێك داتای هاووڵاتیان تۆمار كراوە، ڕۆژانی هەینی و شەممەش بنكەكان بۆ ئەو مەبەستە كراوەیە.
عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: لەئێستادا پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەزار و 79 بنكە ئەنجام دەدرێت، لە 24ی مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە كارەكانیان كردووە و ڕۆژانە لە كاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تاوەكو پێنجی ئێوارە بە ڕۆژانی هەینی و شەممەشەوە بەردەوامە.
جەمیل ئاماژەی بەوەش دا "بنكەكانی تۆماری دەنگدەران لەڕێی ناردنی تیمی گەڕۆكەوە بۆ زانكۆكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەكان، هەوڵی بەرزكردنەوەی ڕێژەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەدەن، هاووڵاتیانیش دەتوانن داتاكانیان لە هەر بنكەیەك نوێ بكەنەوە تەنانەت گەر لە پارێزگایەكی دیكەش بێت".
بەپرسەكەی كۆمسیۆن وتیشی: تاوەكو كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە نزیكەی 890 هەزار حاڵەتی نوێكردنەوە و تۆماركردن ئەنجام دراوە، پڕۆسەكە تاوەكو 23ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە