25/04/2025
225 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: بۆ دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی یان مەسعوود پزیشكیان ئامادەم
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیی بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نیشان دەدات و ڕایشیدەگەیەنێت: بە هۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیلەوە پەلكێشی شەڕی ئێران نابین.
لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری تایمی وڵاتەكەی كە 22ی مانگە ئەنجامی داوە و ئەمڕۆ، هەینی بڵاو كراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێ: نەتەنیاهو پەلكێشی شەڕی ئێرانی ناكات.
ترەمپ هیوای بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەوە نیشان دا و ڕایشیگەیاند: باوەڕم وایە و هیواداریشم بێ ئەوەی هێرش بكەینە سەر ئێران بگەینە ڕێككەوتن، بەڵام ئەگەر نەگەینە ڕێككەوتن دەچمە پاڵ ئیسڕائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، لە پێشیشیەوە دەبم، ئەگەر بە مەبەستی گرەنتییكردنی بەدەستنەهێنانی چەكی ئەتۆمیی لەلایەن تارانەوە هێرش بكەینە سەری.
هەر لەوبارەوە، سەرۆكی ئەمریكا وتیشی: ئامادەم دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، یان مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری بكەم.
سەرۆكی ئەمریكا ڕەتیشی كردەوە هەوڵی ڕێگریی لە ئیسڕائیل بۆ هێرشكردنە سەر پێگە و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكات، بەڵام كارێكی لەو شێوە بۆ ئیسڕائیل ئاسان نابێت.
ئەم قسانەی سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە بڕیارە سبەی گەڕی سێیەم دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئەمریكا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە بچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە