04/04/2025
230 جار خوێنراوەتەوە
ئێران بۆ سعوودیە: بەدوای جەنگدا ناگەڕێین و ئامادەی دانوستانین
پەیام
سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە دووپاتی كردەوە، وڵاتەكەی هەرگیز بەدوای جەنگ یان گرژی و ئاڵۆزیدا ناگەڕێت و ئامادەی دانووستانە.
سەرۆكایەتیی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، مەسعوود پزیشكیان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەنجام داوە.
لە پەیوەندییەكەدا هەردوولا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانیان لە یەكتری كردووە، هاوكات تاووتوێی بارودۆخ و پێشهاتەكانی ناوچەكەشیان كردووە.
پزیشكیان دووپاتی كردووەتەوە، ئێران بەدوای جەنگدا ناگەڕێت، بەڵام سڵ ناكاتەوە لە بەرگریكردن لە سەروەری خۆی و هەموو كارێكیش لەو پێناوەدا دەكات.
دەشڵێت: لە سیاسەتی بەرگریی ئێمەدا شوێنێك بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی نییە، ئێران ئامادەی دانووستان و هەماهەنگییە لەپێناو كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان، بەڵام لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕكردنی ڕێز.
ئێران دەیەوێت بەناڕاستەوخۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریكا بكات، هەر لەو بارەیەوە پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی بڵاوی كردووەتەوە، كۆشكی سپی بەجددی پێداچوونەوە بە پێشنیازەكەی ئێران دەكات بە مەبەستی دانووستانی ناڕاستەوخۆ لەسەر پرسە ئەتۆمییەكەی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە