29/03/2025
189 جار خوێنراوەتەوە
باخچەلی: جەهەپە وڵاتی خستووەتە گێژاوەوە و هەڵوێستی دەمپارتیش بەرپرسیارانەیە
پەیام
ئەمڕۆ خۆپیشاندان دژی دەستگیركردنی ئیمامئۆغلوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە دەچێت، باخچەلیش دەڵێت جەهەپە وڵاتی خستووەتە گێژاوەوە و هەڵوێستی دەمپارتی بەرپرسیارانەیە.
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا بانگەوازی كردووە ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندانێكی گەورە لە ناوچەی ماڵتەپە لە شاری ئەستەنبوڵ ساز دەكەن و ناڕەزایی لەبارەی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغلوو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەستەنبوڵەوە دووپات دەكەنەوە.
جەهەپە داوای كردووە هاووڵاتیان بەشداری لە خۆپیشاندانەكە بكەن، ئاشكراشی كردووە پەیامی ئیمامئۆغڵوو لەڕێگەی ژیریی دەستكردەوە دەخوێنرێتەوە.
هاوكات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنەوە ڕایگەیاند: پلانی توركیا بەبێ تیرۆر دەگاتە ئامانج، ئامانجێكی گرنگ و دیارە و پێویستی بە ئارامگری و دڵسۆزی و متمانە و هاوسۆزییە.
ڕاشیگەیاند: هیچ ڕێكخراوێكی كۆنترۆڵكراو ناتوانێت ئیرادەمان تێك بشكێنێت، هەندێك گرووپی ناوخۆیی لەو ئامانجە دەترسن و كابووسیان هەیە.
باخچەلی ڕەخنەی لە خۆپیشاندانەكانی جەهەپە گرت و ڕایگەیاند: سەرۆكی جەهەپە پەیامی تێكدەرانە و دژە دیموكراسیی بڵاو كردەوە، بەڵام وتەكانی هاوسەرۆكی دەمپارتی جێی ڕێز و پێزانینە و بەرپرسیارانەیە كە وتی: ئێمە چالاكوانی جەهەپە نین و ناچینە سەر شەقامەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە