پێش 4 هەفتە
186 جار خوێنراوەتەوە
لە یەک هەفتەدا تورکیا نزیکەی چوار هەزار کۆچبەری دەستگیرکردووە
پهیام
تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سێ هەزار و 893 کۆچبەریان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکردووە کە ویستوویانە بە ڕێگایەکی نایاسایی بچنە وڵاتانی یۆنان و بولگاریا.
ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی داتاکانی لە هێزەکانی پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەی تورکییەوە وەرگرتووە، لەو ماوەیەدا و تەنها لە پارێزگای ئیدرنە کە هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی یۆنان و بولگاریا، دوو هەزار و 489 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون.
ئاژانسەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەڵێت، یۆنان بە شێوەیەکی نایاسایی و دور لە پەیماننامە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش دەگەڕێنێتەوە تورکیا کە دەگەنە ئەو وڵاتە.
هەر لە هەمان ئەو هەفتەیەدا، لە شارەکانی موگڵە، چاناکاڵ، ئیزمیر، بۆردروم، ئەنتاڵیا و ئایدن کە هەموویان دەکەونە سەر دەریا، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەوە دەستگیرکراون.
هاوکات لە پارێزگاکانی کیرکلاریل و تێکیرداگ لە باکوری ڕۆژهەڵات و پارێزگای هاتای لە باشوری تورکیا 273 کۆچبەری تر دەستگیر کراون.
بەپێی هەواڵەکەی ئەنادۆڵو، ئەو کۆچبەرانەی دەستگیرکراون زۆربەیانی خەڵکی پاکستان، سوریا، کۆنگۆ، عێراق، ئێران، ئەفغانستان و مەغریب و میسر و بەنگلادش و سۆماڵیا و یەمەن و چەند وڵاتێکی تر بوون.
سەرجەم ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە لەو هەفتەیەدا دەستگیرکراون براون بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی یان نێردراون بۆ بنکەکانی کۆچبەران لەو پارێزگایانە.
بەپێی نوێترین ئامار کە سولێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە 373 هەزار و 500 کۆچبەر لەڕێگای چوونیان بۆ یۆنان و بولگاریا دەستگیرکراون کە ئەوەش زۆر زیاتر لەو کەسانەی کە ساڵی 2018 دەستگیرکران کە 268 هەزار بوو.
هەربەپێی قسەکانی سۆیلۆ، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، 172 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە