28/02/2025
492 جار خوێنراوەتەوە
مامۆستا عەلى باپیر: لە ڕەمەزاندا پێویستە جەستە و ناخمان لە خولیاو نیازی خراپ بپارێزین
پەیام
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵەوە مامۆستا عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و وتى "وێڕای خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، پێویستە خۆمان لە گوناهە ڕواڵەتیی و جەستەییەكان و، ناخیشمان لە خولیاو نیازی خراپ بپارێزین".
وتیشى "بەشێكی گرنگی مسوڵمانەتیی و ئاییندارییش، ڕاوەستانە لە بەرانبەر ستەم و بێدادیی و، یەخەگرتنی ستەمكاران و، دەستپێهەڵگرتنیانە لە ستەم و خراپە و فەسادو، لە سەنگەری خەڵك و جەماوەری مەزڵوومدا بوونە".
ئەمەش دەقى پەیامەکەیەتى:
پەیامێك بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە
جەماوەری مسوڵمانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێم و هەندەرانیش!
1- با ئەم مانگی ڕەمەزانەی ئەمساڵ 1446 ك، وەك میوانێكی بەڕێزو خۆشەویست بەخێربێنین و، بەڕۆژووگرتنی تایبەتی تایبەت و، قوڕئانخوێندن و، تەڕاویح و، پاڕانەوەو، خێرو چاكە، ئاوەدانی بكەینەوە.
ڕۆژووگرتنی تایبەتی تایبەتیش ئەوەیە: وێڕای خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، خۆمان لە گوناهە ڕواڵەتیی و جەستەییەكان و، ناخیشمان لە خولیاو نیازی خراپیش بپارێزین.
2- مانگی ڕەمەزان مانگی دەستپێكی تێدا دابەزینی قوڕئانەو، پێغەمبەری خواش "صلی الله عليه وسلم" لەم مانگەدا كاتی زیاتری بۆ دەوركردنەوەو لێكۆڵینەوەی قوڕئان تەرخانكردوەو، وەك لە (صحيح البخاري)دا هاتوە، هەموو مانگی ڕەمەزانان جیبریل لەگەڵیدا بەقوڕئاندا چۆتەوەو، با ئێمەش وا بكەین بەتایبەت لە نوێژەكانی تەڕاویحداو، با واز لەو نەریتە هەڵەو ناشەرعییەی زۆركورتكردنەوەی تەڕاویح و بگرە هەڵپڕووزاندنی بێنین و، ئەگەر قوڕئانیش بە سی (30) بەشەكەیەوە لە مانگی ڕەمەزاندا خەتم نەكەین، بە لای كەمەوە نیوەی بخوێنین، هەر شەوە نیو بەش.
3- لە هەرێم و عێڕاق و دەرەوەشماندا گۆڕانكاریی گەورەو كاریگەر بوون و هی دیكەش بەڕێوەن، ئنجا با بەهۆی تۆخكردنەوەو قووڵكردنەوەی ئیمان و خواپەرستییمانەوە، خۆمان وا لێبكەین شایستەی دەروو لێكرانەوە بین، چونكە خەڵك بە گشتیی و مووچەخۆران بەتایبەت لە تەنگانەو دۆخیكی دژواردان و، حوكمڕانانیش بە گشتی ئاستی ئیدارەدانی وڵات و، پێش ئەوەش ئیمان و ویژدانیان لەوە نزمترە نەك هەر دۆخەكەیان پێ چارەسەر بكرێ، بگرە هەر دەركیشی بكەن و، هەست بە ئێش و ژان و ئازاری خەڵكەكەش بكەن!
4- هەڵبەتە بەشێكی گرنگی مسوڵمانەتیی و ئاییندارییش، ڕاوەستانە لە بەرانبەر ستەم و بێدادیی و، یەخەگرتنی ستەمكاران و، دەستپێهەڵگرتنیانە لە ستەم و خراپەو فەسادو، لە سەنگەری خەڵك و جەماوەری مەزڵوومدا بوونە، وەك پێغەمبەرانی پایەبەرزی خوا، وا بوون، بەكردەوەو ساغیی، نەك بە ڕووكەشیی و چاوبەست و هەڵخەڵەتاندن، هەروەك خوا "سبحانه وتعالی" دەفەرموێ: ﴿ لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ ...﴾ الحدید: 25.
5- لێرەشەوە داوایەكی دڵسۆزانە لە سەرجەم دام و دەزگا خێرخوازییەكان و، تێكڕای ئەو خەڵكە بەخشندەی هاوكاریشیان دەكەم: زیاتر قۆڵی هیممەت و جوامێریی لێ هەڵماڵن و، دڵ و دەستیان كراوەتر بێ و، ژمارەیەكی زیاتر خەڵكی هەژارو ئاتاج و بێ دەرەتان بەسەربكەنەوەو هاوكاریان بن.
خوای میهرەبان بەبەزەیی و كەڕەمی بێ سنووری خۆی هیدایەتی هەموو لایەكمان بدات بۆ پێشوازیی و بەڕێكردنی ئەم مانگی ڕەمەزانە، وەك بۆی شایستەیە.
برای دڵسۆزتان
عەلی باپیر
29ی شەعبانی 1446 ك
28 / 2 / 2025 ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە