07/02/2025
281 جار خوێنراوەتەوە
بەڕیتانیا قاچاخچییەكی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لە لەندەن دەستگیر كرد
پەیام
بەڕیتانیا لەسەر داوای فەڕەنسا قاچاخچییەكی كوردی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەستگیر دەكات كە كۆچبەرانی بەرەو ئەو وڵاتە پەڕاندووەتەوە.
ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان لە شانشینە یەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە، دوو قاچاخچیی كۆچبەرانیان دەستگیر كردووە كە جگە لەوەی خەڵكیان لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیا پەڕاندووەتەوە، كاری سپیكردنەوەی پارەشیان كردووە.
یەكێك لە قاچاخچیەكان ناوی ڕێبین شەریفە و خەڵكی عێراقە و تەمەنی 25 ساڵە، ئەوی دیكەشیان خەڵكی ئەلبانیایە و تەمەنی 47 ساڵە. هەردووكیان لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستگیر كراون.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو دوو قاچاخچییە لەلایەن داواكاری گشتیی فەڕەنساوە داواكراون و بەوە تۆمەتبار كراون كە لە ساڵی 2021 تا 2023 كۆچبەرانیان لە نۆكەندی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا پەڕاندووەتەوە.
ئاژانسە بەڕیتانیەكە ڕاشیگەیاندووە، دوای دەستگیركردنیان ڕاستەوخۆ یەكەمین دانیشتنی دادگایی هەردوو قاچاخچییەكە بەڕێوە چووە.
جێی باسە پرسی كۆچبەران یەكێك لە گەرمترین پرسەكانی ئەورووپا و بەتایبەت بەریتانیایە، تەنیا ساڵی 2024، نزیكەی 37 هەزار كۆچبەری نایاسایی لە سنوورەكانەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە