24/01/2025
214 جار خوێنراوەتەوە
وەسیەتی منداڵێکى شەهیدى غەززە كە لە مۆبایلەكەیدا تۆماریکردبوو، دۆزرایەوە
پەیام
دوای نزیكەی نۆ مانگ لە شەهیدكردنی خێزانێكی غەززە وەسیەتێكی منداڵەكەیان لە نێو مۆبایلەكەیدا دەدۆزنەوە.
لەم دواییانەدا خێزانێكی دانیشتووی غەززە وەسیەتی منداڵە كوڕەكەیان بەناوی عەزمی ئەبو شعر دۆزییەوە كە تەمەنی 10 ساڵان بووە و لە یاداشتەكانی نێو مۆبایلەكەیدا لە 19ی مانگی ئازاری ساڵی 2024 نووسیبووی.
عەزمی تەمەن 10 ساڵ پێش شەهیدكردنی لە ساتی كردنە ئامانجی ماڵەكەیان لەلایەن سوپای زایۆنییەوە لە كاتی كۆمەڵكوژییەكانی سوپای زایۆنیدا لە كەرتی غەززە بە درێژی 15 مانگ، هیچ شتێكی جگە لە یاداشتەكانی نێوە مۆبایلەكەی دەستنەكەوتووە تاوەكو وەسیتەكەی لەسەر بنووسێت.
لەنێو دیمەنی كاولكارییەكان و دەنگی بۆمبە ماڵوێرانكەرەكاندا، عەزمی هەستی بەوە كردووە كە مردن لە هەر ئان و ساتێكدا بێت لە دەرگای دەدات و هەر ئەوە بووەتە هۆكاری ئەوەی وەسیەتەكەی لەسەر مۆبایلەكەی بنووسێت، ئەوەش وەك كۆتا پەیامی بۆ جیهان.
عەزمی لە پەیامەكەیدا كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە نووسیوویەتی، سەلام و بەرەكەت و ڕەحمەتی خوای گەورەتان لێبێت، ئەگەر نووستم و مردم، باوكە و دایكە و خوشكەكانم (نەعیمە، شەهد، مەریەم و مەحموود) گەردنم ئازاد بكەن و دەڵێت: دایكە و باوكە ئەگەر ڕۆژێك توڕەم كردبن داوای لێبووردن دەكەم، وا هەست دەكەم كە تەمەنم درێژنابێت.
جێی ئاماژەیە بە پێی ئامارەكانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی غەززە، لە میانی كۆمەڵكوژییەكانی سوپای زایۆنی لە كەرتی غەززە لە ماوەی 15 مانگدا، زیاتر لە 17 هەزار و 861 منداڵ شەهیدبوون، وە منداڵان ناوەكانیان لەسەر مەچەك و لاشەیان دەنووسی تاوەكو لە ئەگەری شەهیدبوونیان لە كۆمەڵكوژییەكانی زایۆنی پیاوانی فریاگوزاری ناسنامەكانیان بزانن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە