27/12/2024
346 جار خوێنراوەتەوە
ئۆكرانیا بڕی 500 تۆن ئاردی گەنم وەك هاوكاری بۆ سووریا دەنێرێت
پەیام
ئۆكرانیا بڕی 500 تۆن ئاردی گەنم وەك هاوكاری ڕەوانەی سووریا دەكات.
ڤلۆدیمیر زیلینیسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی دانەوێڵە لە ئۆكرانیاوە كە هەنگاوێكی مرۆییە لەگەڵ بەرنامەی خۆراكیی جیهانیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، بڕی 500 تۆن ئاردی گەنمیان بۆ سووریا ناردووە.
زیلینیسكی دەڵێت: بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو ئاردە بەسەر زیاتر لە 33 هەزار خێزاندا دابەش بكرێت كە دەكاتە 167 هەزار كەس.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، ئۆكرانیا خواستی خۆی بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەربڕیوە، بەتایبەت كە ڕووسیا یەكێك لە پشتیوانە سەرەكیەكانی ڕژێمی ئەسەد بوو.
لە ساڵانی ڕابردوودا سووریا بۆ گەنم و دانەوێڵە پشتی بە ڕووسیا دەبەست بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لە دوای دەستپێشخەرییەكانی زیلینیسكیەوە، لەمەودوا دیمەشق دانەویڵەی ئۆكرانیا هاوردە بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە