پێش 2 هەفتە 972 جار خوێنراوەتەوە

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح: موچه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ره‌


په‌یام

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕێن لەم مانگەدا پڕۆژە یاسای چاكسازی ئەنجامی هەبێت و دەشڵێت"موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم مه‌ترسی له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ له‌ پاڵ هه‌وڵی جدی بۆ چاکسازی ناوخۆ ڕێککه‌وتنێک پێویسته‌ که‌ نه‌وت ڕاده‌ستبکرێت و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران گه‌ره‌نتی بکرێت."

بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەمانگی پێشودا هەرێمی كوردستان رۆژانە 441 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردوەو كۆی هەناردەكردن لەمانگەكەدا 13 میلۆن بەرمیل بوە.

سەبارەت بە یاسای چاكسازی و ئەو رەخنانەی لە وتەكانی پێشوی ناوبراو دەگیرێن لەسەر یاساكە، عەلی حەمەساڵح وتویەتی"له‌بری دژایه‌تی و قسه‌کردنی توند له‌سه‌ر دواکه‌وتنی پرۆژه‌که، که‌ ڕه‌نگه‌ ببوایه‌ته‌ هۆی له‌باربردنی، به‌ هه‌مو توانا هه‌وڵماندا بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی چاکسازی، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامین له‌م مانگه‌دا."

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەداوە كە مەترسی لەسەر بڕینی موچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە هەیە كە نیوە‌ زیاتری موچه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ دێت و وتوشیەتی"تا ئێستا هیچ ڕێککه‌وتنێک نییه‌ بۆ ساڵی ئاینده‌و گفتوگۆکانیش وه‌ستاوه‌."


دەقی راگەیەندراوەكە...

ڕاگه‌یاندراوێک له‌باره‌ی داهاتی نه‌وت، یاسای چاکسازی، مه‌ترسی له‌سه‌ر موچه‌.

یه‌ک: داهاتی نه‌وت
پاش به‌دواداچون و لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ داهاتی نه‌وتی مانگی پێشو به‌ پشتبه‌ستن به‌ داتای حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی..ڕۆژانه‌ هه‌رێمی کوردستان٤٤١ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ کردوه‌. کۆی مانگه‌که‌ نزیکه‌ی ١٣ ملیۆن به‌رمیله‌، ئه‌و پاره‌ی دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاره‌.

واته‌: له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نیا ٢٢.٦٧ بیست و دو دۆلار شه‌ست و حه‌وت سه‌نت دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی دارایی.

ماوه‌ی سێ ساڵه‌ نرخی نه‌وت و بڕی هه‌نارده‌ هه‌رچه‌ند بوبێت نزیکه‌ی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی بۆموچه‌!

بۆچونمان ڕونبوه‌ له‌سه‌ر خراپی سیاسه‌تی نه‌وت و ئێستاش ‌کۆی ئه‌م سه‌رنج و ڕه‌خانه‌مان له‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌وت بۆ کابینه‌ی نوێ ئاماده‌کردوه‌.

دوه‌م: یاسای چاکسازی
له‌ ڕێککه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌ت کاری له‌ پێشینه‌بو، له‌ کارنامه‌ی حکومه‌ت یه‌که‌م خاڵ بو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ مانگی یه‌که‌می کارکردنی بڕیاری لێدا، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێک لێکتێنه‌گه‌یشتن و کۆبونه‌وه‌کان دواکه‌وت، ئێستا سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت بڕیاریداوه‌ له‌ زوترین کاتدا ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بکات.

له‌بری دژایه‌تی و قسه‌کردنی توند له‌سه‌ر دواکه‌وتنی پرۆژه‌که، که‌ ڕه‌نگه‌ ببوایه‌ته‌ هۆی له‌باربردنی، به‌ هه‌مو توانا هه‌وڵماندا بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی چاکسازی، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامین له‌م مانگه‌دا.

ئێمه‌ به‌ نوسراو و له‌ کۆبونه‌وه‌ش سه‌رنجی خۆمان بۆ چاکسازی گشتگیرو ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی پرۆژه‌که‌ خستوه‌ته‌ڕو.

له‌گه‌ڵ چاکسازی له‌ خه‌رجی و موچه‌ چاکسازی له‌ نه‌وت و باج و گومرگ به‌ پێیویست ده‌زانین، که‌ ئێستا گه‌نده‌ڵی ڕێکخراو هه‌یه‌و مانگانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلاری خه‌ڵک بۆ چه‌ند که‌سێک ده‌ڕوات.

سێ: مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان
نیوه‌ زیاتری موچه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غداوه‌ دێت، هیچ به‌رچاو ڕونیه‌ک نیه‌ عێراق چی لێدێت؟ ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت، ئه‌م پێدانی پشکه‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان ساڵی ئاینده‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

تا ئێستا هیچ ڕێککه‌وتنێک نیه‌ بۆ ساڵی ئاینده‌و گفتوگۆکانیش وه‌ستاوه‌.

له‌ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی عادل عه‌بدول مه‌هدیش ئه‌مه‌ی ٢٠١٩ زۆر ئەستەمە به‌رده‌وام بێت، موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم مه‌ترسی له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ له‌ پاڵ هه‌وڵی جدی بۆ چاکسازی ناوخۆ ڕێککه‌وتنێک پێویسته‌ که‌ نه‌وت ڕاده‌ستبکرێت و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران گه‌ره‌نتی بکرێت .

بۆیه‌ ڕێگای دروست چاکسازی جدیه‌ له‌ داهات و خه‌رجیه‌کان، ڕێککه‌وتنی سه‌نگینه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی دراوه‌ جیهانییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی دراوه‌ جیهانییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    تره‌مپ: هه‌رچه‌نده‌ چین فێڵمان لێده‌كات؛ به‌ڵام له‌ رێكه‌وتنه‌وه‌ نزیكین

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی دراوه‌ جیهانییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    هاووڵاتیانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ده‌ست بێكارییه‌وه‌ ده‌ناڵێن

سەرەتا