06/12/2024
211 جار خوێنراوەتەوە
فەیاز دەڵێت ناتوانن چاو لە سووریا دابخەن، مالیکیش بەپێویستى دەزانێت عێراقی لێ بپارێزرێت
پەیام
فالح فەیاز دەڵێت "قەیرانی سووریا ڕووداوێكی ناوخۆییە" بەڵام مالیكی ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەیەكی نوێی تیرۆریستییە و پێویستە عێراقی لێ بپارێزین.
لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ كەسایەتییەكانی نەینەوا، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای بە (تیرۆریست) ناو بردووە و دەڵێت: ناوچەكە لە قۆناغێكی نوێدایە و عێراق ناتوانێ چاو دابخات لەوەی سووریا لەلایەن ئەو گرووپانەوە كۆنترۆڵ بكرێت كە رۆژئاوا پشتیوانیان دەكات.
فەیاز ڕاشیگەیاند: قەیرانی سووریا ڕووداوێكی ناوخۆییە بەڵام پێویستە عێراق ڕێكاری خۆپارێزی لەم دۆخەدا بگرێتە بەر.
هەر ئەمرۆ نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: ڕووداوەكانی سووریا سەرەتای پرۆژەیەكی نوێی تیرۆرن و پێویستە عێراقی لێ بپارێزن.
مالیكی كە تۆمەتبارە بە شكستی عێراق لەسەردەمی داعشدا، ڕاشیگەیاند: پێویستە عێراق لە شانەنوستووەكان بپارێزین، هەرچەندە جۆلانی داوای كردوە حەشدی شەعبی نەچێتە سووریا بەڵام ئێمە بێلایەن نابین و لە هەر شوێنێك پێویست بكات شەڕ دەكەین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە