03/10/2024
977 جار خوێنراوەتەوە
كۆمه‌ڵ پاراستنی بنه‌ما ئایینی و به‌ها کۆمەڵایەتییه‌كان به ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی ده‌زانێت
پەیام ـ
بەرنامەی لیستی کۆمەڵی دادگەریی ژمارە ١٤٧ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان.
به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
به‌رنامه‌ی لیستی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان - ژماره (147)
بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
هاونیشتیمانییانی به‌ڕێز..
ده‌نگده‌رانی ئازیز..
ئیسلامخوازانی كوردستان..
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، وه‌ك هێزێكی سیاسیی كاریگه‌ری سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان، هه‌میشه خۆی له به‌ره‌ی میلله‌ت و خه‌ڵكانی مافخوراو و سته‌ملێكراوی كوردستاندا بینیوه‌ته‌وه، چ له قۆناغی به‌شداریی سیاسی و چ له قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبووندا، به پڕۆژه و ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسی و به‌رنامه‌ی گونجاو و پێشكه‌وتوو، به‌رده‌وام داكۆكیكاری سه‌رسه‌خت بووه له مافه ماددیی و مه‌عنه‌وییه‌كانتان، هه‌روه‌ها به ئامانجی هێنانه‌دیی دادگه‌ریی و خۆشگوزه‌رانی و خۆشبه‌ختی بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان به‌بێ جیاوازی و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵی و ناڕێكییه‌كانی پڕۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و حكومه‌تداریی له هه‌رێمی كوردستان، هه‌میشه له پێشه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌وه بووه.
خوای په‌روه‌ردگار پشتیوان بێت، به لیستی ژماره (147) و له ژێر دروشمی (ڕایانده‌گه‌رین)، به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئاماده كردووه، كه خواست و داواكاریی سه‌رجه‌م هاونیشتیمانی و ده‌نگده‌رانه بۆ په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رانی داهاتووی له په‌رله‌مانی كوردستان، تێكڕای خاڵ و بڕگه‌كانی ئه‌م به‌رنامه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه‌ی هاونیشتیمانیی ئه‌م هه‌رێمه‌دان و له پێناو چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی قه‌یرانه سیاسی و ئابووریی و خزمه‌تگوزارییه‌كان و كۆتاییهێنان به سته‌م و قۆرخكاریی و هه‌ژموونی گرووپ و بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده كراون.
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، بۆ جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنی بڕگه و پڕۆژه چاكسازییه‌كانی، چاوه‌ڕوانی له ئێوه‌ی ده‌نگده‌ری به‌ڕێز هه‌یه كه به گوڕوتینێكی زۆره‌وه له رۆژی یه‌كشه‌ممه 20/10/2024 به‌شداریی به‌رفراوان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن و به‌و به‌شدارییه‌تان ئاواتی سته‌مكار و ناحه‌زان تێكبشكێنن و ده‌نگه‌كانتان بده‌ن به لیستی ژماره (147)ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و كاندیده‌كانی، ده‌ست له ده‌ست و قووه‌ت له خوا له پێناو سه‌رخستنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا.
بڕگه‌كانی به‌رنامه‌ی لیستی (147)ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان
یه‌كه‌م: بنه‌ما گشتییه‌كان:
1.پاراستنی ناسنامه‌ی مسوڵمانێتیی خه‌ڵكی كوردستان و ڕێگریكردن له ده‌رچواندنی هه‌ر یاسا و بڕیارێك كه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی شه‌ریعه‌ت و ماف و ئازادییه گشتییه‌كان بێت.
2. رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كێشه دروستكراو و هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و سه‌روه‌ركردنی ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كان، هه‌روه‌ها دانوستانكردن له ژێر چاودێریی په‌رله‌مان، له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماف و شایسته‌كانی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگارییكردن له قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم.
3. هه‌وڵدان بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، له ژێر رۆشنایی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كانی عێراق و به ره‌چاوكردنی ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
4. به بانكیكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به پێی یاسا به‌ركاره‌كان و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ مووچه، به‌جۆرێك مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم وابه‌سته‌ی هیچ كێشه و گرفتێكی یاسایی و ژمێریاریی و دارایی و ناكۆكییه سیاسییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌بێت و مانگانه له كاتی خۆیدا بگاته ده‌ستی مووچه‌خۆران.
5. كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داهاتی هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك خه‌زێنه‌ی پارێزراوی دوور له ده‌ستی حزب له ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی و چاودێریی په‌رله‌مان و دیوانی چاودێریی دارایی، به پێی بنه‌ما یاساییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان.
6. كۆتاییهێنان به هێز و چه‌كداری حزبی و كاركردن بۆ دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازیی سه‌ر به حزبه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانیی شایسته به پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیان بێت، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كان له ململانێی سیاسی و به‌كارهێنانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی.
7. ره‌دكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانی توندوتیژی و تیرۆر و تۆقاندن، به هه‌ر ناوێكه‌وه و له لایه‌ن هه‌ر كه‌س و تاقمێكه‌وه ئه‌نجام بدرێت، هه‌روه‌ها فراوانكردنی مه‌ودای ئازادی و ئازادییه گشتییه‌كان له چوارچێوه‌ی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كاندا.
8. پاراستنی خێزان و به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر پیلان و بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ هاوڕه‌گه‌زبازیی و لادانی ڕه‌وشتیی، به پێی فیتره‌تی پاكی مرۆڤ و بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌ت و ده‌روونی ته‌ندروست و پاراستنی ئاداب و نیزامی گشتیی.
9. ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ و پێشكه‌وتوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له ژێر ڕۆشنایی به‌نده‌كانی ده‌ستووری عێراق و بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵیی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كه تیایدا ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریی بكرێت، له پێناو ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و ڕێگرتن له ساخته‌كاریی و ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی.
دووه‌م: سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن:
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و له بواره‌كانی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و شه‌فافییه‌تدا، به كارنامه‌یه‌كی تۆكمه و واقیعبینانه‌وه ده‌چێته هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه، به‌جۆرێك زۆرترین دادگه‌ری به‌رجه‌سته بكات و به پشتبه‌ستن به‌م بنه‌مایانه، سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی و تاڵانكردنی سه‌روه‌رت و سامانی وڵات له‌لایه‌ن حزب و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشوو، دابنێت.
1. چالاككردنی ڕۆڵی دامه‌زراوه‌كانی: (ْپه‌رله‌مان، دیوانی چاودێریی دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه)، له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنه‌بڕكردنی بازرگانیی سیاسی.
2. چه‌سپاندنی ماف و ئازادییه سیاسییه‌كانی هاووڵاتیانی كوردستان، وه‌ك (مافی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه).
3. دابه‌شكردنی داهاتی گشتیی به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان و پێداویستییه‌كانیان به‌سه‌ر پارێزگا و یه‌كه ئیدارییه‌كاندا، به ڕه‌چاوكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی.
4. ڕێگرتن له تاڵانفرۆشكردنی نه‌وتی كوردستان و ده‌رهێنانی له ده‌ست كه‌س و حزب و به‌كارهێنانی له باشكردنی گوزه‌رانی هاووڵاتیاندا، ئه‌مه‌ش به هه‌مواركردن و پاشان كاراكردنی یاسای نه‌وت و گاز له ژێر ڕۆشنایی ده‌ستووری عێراق و بڕیاره یاساییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه.
5. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بڕیار و ڕێنماییه‌كانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، كه تایبه‌ت به زیادكردنی باج و ڕسومات و پێبژاردن به نایاسایی ده‌رچوون و زیاد كراون و ڕێكخستنه‌وه‌یان به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان.
6.دامه‌زراندنی سیستمێكی بانكیی حكومیی هاوچه‌رخ به ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی دراوی نه‌ختینه و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی بانكی به هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران.
7.كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان و پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی ئیتحادی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان به‌كار بهێنرێت و هه‌موو تاكێك پشكی تێدا هه‌بێت.
8.چالاككردنی ئه‌نجومه‌نی ڕاژه و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندن و به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕیی میلاكاتی فه‌رمانگه‌كان، به ڕه‌چاوكردنی شه‌فافیه‌ت و په‌یڕه‌وكردنی سیستمێكی عادیلانه‌ی دوور له ده‌ستێوه‌ردانی حزبی.
9.ڕێگری له دامه‌زراندنی حزبی له دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، كه ده‌بنه بار به‌سه‌ر مووچه‌خۆرانی ڕاسته‌قینه و مافی كه‌سانی شایسته ده‌خۆن كه حه‌قی خۆیانه دابمه‌زرێن.
سێیه‌م: كاروباری یاسایی:
له پێناو به‌دیهێنانی سیستمێكی حوكمڕانیی ڕه‌شید كه تێیدا یاسا سه‌روه‌ر بێت و پێگه و شكۆ بۆ دامه‌زراوه یاساییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌پێناو ده‌ربازكردنی یاسا و دامه‌زراوه یاساییه‌كان له خولگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و میزاجی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان ئامانجییه‌تی به‌م ئه‌جێندایه هه‌رێمی كوردستان بخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێی یاسا سه‌روه‌ری و یه‌كسانكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له به‌رده‌م یاسا:
1. به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی (یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی)، به شێوه‌یه‌ك هیچ یه‌كێكیان هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا نه‌بێت.
2.پارێزگاری له شكۆ و پێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان وه‌كو مه‌رجه‌عی باڵای خه‌ڵكی كوردستان، به جۆرێك هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نه‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشێل بكات و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان ملكه‌چی چاودێریی په‌ڕله‌مان بن.
3.پاراستنی پێگه‌ی یاسایی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی، كه به یاسایه‌كی تایبه‌ت پارێزگاریی له ماف و ئازادییه سیاسییه‌كانیان بكرێت و ده‌رفه‌تی نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت.
4.به‌هێزكردنی ڕۆڵی داواكاری گشتیی و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو پێیان به‌تایبه‌ت له ڕووی چاودێری و جێبه‌جێكردنی یاساكان.
5.به‌ركاركردنی یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتووی عێراق و به‌رپاكردنی دادگه‌ریی له مووچه‌ی خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان.
6. هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنی، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ بڕیار و فه‌رمانه‌كانی دادگای ناوبژیوانیی پاریس و دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقدا بگونجێت.
7. هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی)، به ڕه‌چاوكردنی بنه‌ما ئیسلامی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پاراستنی خێزان له هه‌ڵوه‌شان و ڕێگرتن له په‌شێویی كۆمه‌لێیه‌تی.
8.ڕێگرتن له ده‌ستوه‌ردان له كاروباری دادگاكان و ڕێزگرتن له فه‌رمان و حوكمه یاساییه‌كان و جێبه‌جێكردنیان.
9. كاراكردن و جێبه‌جێكردنی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، له‌پێناو ده‌ستگه‌یشتنی میدیاكار و هاووڵاتیان به زانیارییه‌كان به بێ هیچ جیاوازییكردنێك.
10.یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی تایبه‌ت به گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه له ڕاپۆرته‌كانی دیوانی چاودێریی دارایی.
11. ئاشكراكردنی چاره‌نووسی گیراوانی سیاسی و بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێ سیاسییه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانیان.
12.هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای تیرۆر كه بۆ پاكتاوكردنی نه‌یارانی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ركراوه و پێشێلكارییه‌كی ڕوونی مافی تاك و ئازادی ڕاده‌ربڕینی حیزب و تاكه‌كانه.
چواره‌م: ئیسلام و به‌ها باڵاكان:
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان وه‌ك هه‌میشه پاراستنی بنه‌ما ئایینی و به‌ها باڵا‌و کۆمەڵایەتی و كورده‌وارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به ئه‌ركی ئیسلامیی سه‌ر شانی خۆی ده‌زانێت، له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌دا كار ده‌كات بۆ جه‌ختكردنه‌وه و داكۆكی له شوناسی ئیسلامه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان، گێڕانه‌وه‌ی ڕۆڵ و پێگه بۆ مزگه‌وت و زانایانی ئایینی، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌وڵ و پیلانێك كه دژی ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵك و بۆ تێكدانی بیروباوه‌ری گه‌له‌كه‌مان و شیرازه‌ی كۆمه‌لێیه‌تی به‌گه‌ڕ ده‌خرێن.
ئه‌مه‌ش به په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م میكانیزمانه:
1.پارێزگاری له بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی مسوڵمانی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاساییانه‌ی هه‌ر بێڕێزی و تێپه‌ڕاندنێك به‌رانبه‌ریان.
2.به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و ڕۆحیه‌تی لێبورده‌یی و رێگرتن له هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانی تیرۆر و تۆقاندن و زۆرلێكردن، جا به هه‌ر ناو و ناونیشانێكه‌وه ئه‌نجام بدرێن.
3.په‌ره‌پێدانی به‌ها باڵاكانی كۆمه‌ڵگه و پاراسستنی به‌ها به‌رزه‌كانی ئیسلام، له‌ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی ڕۆڵ و كاریگه‌ریی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كانی وه‌كو (خێزان، مزگه‌وت، قوتابخانه، میدیا و سه‌نته‌ر و ڕێكخراوه‌كان).
4.كردنه‌وه‌ی شوێنی تایبه‌ت به نوێژكردن له فه‌رمانگه و شوێنه گشتییه‌كاندا و گرنگیدان به مزگه‌وت و شوێنه‌كانی خواپه‌رستی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان.
5.پاراستنی پێگه‌ی مزگه‌وت و كه‌سایه‌تیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی، به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدانی توانای زانستی‌یان، له ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئه‌كادیمی و فه‌رهه‌نگیی تایبه‌ته‌وه.
6.ژیاندنه‌وه و سوودوه‌رگرتن له كه‌له‌پووری پێشین و زانایانی كورد و جیهانی ئیسلامیی و پاراستنی پێگه و شكۆیان.
7.ڕێزگرتن له بیروباوه‌ڕی ئایین و ئاینزاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام.
پێنجه‌م: ئابووریی و خۆشگوزه‌رانی:
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، پلانی هه‌یه ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له بێسه‌روبه‌ره‌یی و بێپلانی و تاڵانكاری ده‌رباز بكات، ده‌یه‌وێت سامانی وڵات بۆ هه‌مووان بێت و كۆتایی به دیارده‌ی (زۆرینه‌ی قڕ و كه‌مینه‌ی پڕ) بێنێت، بۆ ئه‌م ئامانجه‌ش چه‌ند ڕێكارێكی زانستیی كاریگه‌ر له‌به‌رچاو ده‌گرێت:
1.هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌ك ته‌نها پشت به داهاتی كه‌رتی نه‌وت نه‌به‌سترێت.
2. گرنگیدان به كه‌رته‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی و سازكردنی زه‌مینه بۆ خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان و ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه و نه‌هێشتنی قۆرخكاریی حزبی له‌و بواره‌دا.
3.گرنگیدان به كه‌رتی تایبه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌ك ده‌ستی كاری ناوخۆیی شوێنی هێزی كاری بیانی بگرێته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كار كه ببێته مایه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ماف بۆ كرێكار و خاوه‌ن پیشه و دابینكردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینكردنی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت.
4.هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ی زه‌وتكراو و مووچه‌ی خوراوی فه‌رمانبه‌ران كه به نایاسایی و به ناوه‌كانی (پاشه‌كه‌وت و لێبڕین و نه‌بوونی پاره و نه‌ختینه)وه لێیان بڕاوه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
5.ته‌رخانكردنی پشتیوانیی دارایی بۆ خێزانه هه‌ژاره‌كان له چوارچێوه‌ی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی، به تایبه‌تی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی له خوار هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن، یان بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی هاوسه‌ره‌كانیان زیندانیین، یان له ژیاندا نه‌ماون، یان لێك جیابوونه‌ته‌وه، یان بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت.
6.ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێشینه‌كانی: (خانووبه‌ره، هاوسه‌رگیریی، كشتوكاڵیی، قه‌رزی بچووك)، به‌بێ خستنه‌سه‌ری هیچ سوود و ڕیبایه‌ك و رێكخستنه‌وه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی هاووڵاتیاندا بگونجێن.
7.چاوخشاندنه‌وه به پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان، كه له خزمه‌ت خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تدا بن.
8.كاركردن له پێناو بوژاندنه‌وه و هه‌مه‌جۆركردنی هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی رێگاوبانه‌كان و لێدان و ڕاكێشانی رێگه‌وبان و شه‌قامی نوێ.
9.په‌ره‌پێدانی زیاتری كه‌رتی كشتوكاڵ و توانای جوتیار له پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراك، به شێوه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستان له سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه سه‌ره‌كییه كشتوكاڵییه‌كان بگاته خوددابینكاریی و هه‌نارده‌كردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
10.گرنگیدان به سامانی ئاویی و پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی و گلدانه‌وه‌ی ئاو له ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداوی زیاتر، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌مئاویی و دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان، به‌پێی ستانداره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
11.په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاریی له هه‌رێمی كوردستان، له ڕێگه‌ی گرنگیدان به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان، به ڕه‌چاوكردنی ئاده‌به گشتییه‌كان و پارێزگاریلێكردنی.
12.گرنگیدان به گونده‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی گوندنشینان به مه‌به‌ستی بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی.
13.قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی كاره‌ساته سروشتییه‌كانی وه‌كو (بوومه‌له‌رزه و لافاو) و هه‌ر ڕووداوێكی دیكه، له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی یاسا و ڕێنمایی تایبه‌ته‌وه.
14.ڕێگرییكردنی یاسایی له كاركردنی منداڵان و دابینكردنی بژێویی شایسته بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی به ناچاریی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
15.جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕگه و مادده‌كانی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و كورته‌باڵاكان به مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی ژیانی شایسته بۆ خۆیان و خانه‌واده‌كانیان.
شه‌شه‌م: په‌روه‌رده و فێركردن:
كه‌رتی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانێكی جددیدایه، مامۆستا ناچار ده‌كرێت بۆ داواكردنی مووچه و مافی خۆی په‌نا بۆ بایكۆت و خۆپیشاندان به‌رێت، قوتابی له بێهیوایی و ناڕۆشنیی ئاینده‌یدا ناچاره ده‌ست له خوێندن هه‌ڵبگرێت.
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، ده‌یه‌وێت به كارنامه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه كه له‌م بڕگه و خاڵانە پێكهاتووه، كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یران و ته‌نگژه‌یه‌ی تێی كه‌وتووه ده‌رباز بكات:
1.هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌كی شایسته به پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌رێمی كوردستان، به جۆرێك له پاڵ گرنگیدان به فێربوونی زانست و زانیاریی، گرنگی به په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كان و قوتابیان بدات.
2.كاركردن بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌ی نوێ و هاوچه‌رخ كه توانای له خۆگرتنی سه‌رجه‌م خوێندكارانی كوردستانیان هه‌بێت، به ئامانجی كۆتاییهێنان به دیارده‌ی دوو ده‌وامی و سێ ده‌وامیی له قوتابخانه‌كاندا.
3.فه‌راهه‌مكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خوێندن و پێداویستیی قوتابخانه و خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كادرانی په‌روه‌رده‌یی به گشتیی.
4.گرنگیدان به‌خوێندنی ئاماده‌یی ئیسلامی و ڕه‌خسانی هه‌لی خوێندن بۆ ده‌رچوانی پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌جۆرێك مافیان هه‌بێت له به‌شێكی زیاتری كۆلێژ و په‌یمانگاكان وه‌ربگیرێن.
5.بره‌ودان به خوێندنی پیشه‌یی و ئاماده‌كردنی كه‌سانی هونه‌ریی و پیشه‌یی و به‌ستنه‌وه‌یان به بازاڕی كاری هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
6.پێداچوونه‌وه به وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامیی قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندن، به جۆرێك رۆڵی كاریگه‌رتری له په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌كاندا هه‌بێت و وانه‌یه‌كی په‌راوێزخراو نه‌بێت.
7.چاكسازییكردن له سیستمی زانكۆ و په‌یمانگاكان و گرنگیدانی زیاتر به‌و كۆلێژ و به‌شانه‌ی پێویستن بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و پێشخستنی كۆمه‌ڵگه.
8.دوورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی حزب له زانكۆ و په‌یمانگاكانی كوردستان و سه‌ربه‌خۆكردنیان له بڕیار و بودجه و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی و لادانی به‌رپرسی ناشایسته تیایاندا.
9.باشكردنی ئاستی گوزه‌رانی مامۆستایان له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن و كردنه‌وه‌ی خول و ڕاهێنان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كارامه‌یی و لێهاتووییان.
10.كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگا و قوتابخانه ناحكومییه‌كان، به جۆرێك له‌گه‌ڵ ئاستی گوزه‌رانی هاووڵاتیان بگونجێت، شانبه‌شانی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ قوتابیانی كه‌مده‌رامه‌ت.
11. په‌ره‌دان به ته‌كنه‌لۆجیای فێركردن و تێكه‌ڵكردنی به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له سه‌رجه‌م بوار و قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندندا.
12.جه‌ختكردنه‌وه و گرنگیدانی زیاتر به خوێندنی بابه‌ته‌كانی: (ڕه‌وشت، ژینگه، مافی مرۆڤ و یاسا، هونه‌ر و وه‌رزش، به‌هاكان و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و لێبورده‌یی) له پڕۆگرامه‌كانی خوێندندا.
13.پێدانی ده‌رماڵه‌ی دارایی شایسته به قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگاكان و دابینكردنی به‌شه‌ناوخۆیی گونجاو بۆ قوتابیانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان تاكو بتوانن به‌بێ گرفت درێژه به خوێندن بده‌ن.
حه‌وته‌م: كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی:
بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و دوور له گوشار و ته‌نگژه‌ی کۆمەڵایەتی، بۆ ده‌سته‌به‌ری مافی هاووڵاتیبوون و پاراستنی سه‌ر و ماڵی خه‌ڵك، بۆ ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی ژنان و ئافره‌تان له دیدگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه، بۆ په‌ره‌پێدانی كلتووری لێبورده‌یی و دووركه‌وتنه‌وه له ڕق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، بۆ ڕه‌خساندنی كه‌شێكی پڕ له ئاشته‌وایی و پشووی ده‌روونی بۆ هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كورستان به پلانی بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌لێیه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كه له‌م میكانیزمانه پێكدێت، به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كات:
1.باشكردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌پێدانی چه‌مكی مرۆڤدۆستی و هاووڵاتیبوون.
2.په‌ره‌پێدانی كلتووری لێبورده‌یی، ئاشتی، یه‌كدی قه‌بووڵكردن، ڕێز و خۆشه‌ویستی له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا.
3.پاراستنی مافه‌كانی ئافره‌ت و منداڵان، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌تدا هاتووه و له ڕێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاماژه‌یان پێ كراوه، به‌تایبه‌تیش پاراستنیان له هه‌ر جۆره توندوتیژییه‌كی جه‌سته‌یی و ده‌روونی.
4.چاره‌سه‌ری كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به لێكگه‌یشتن و چاوپۆشی و جێبه‌جێكردنی ده‌قه شه‌رعی و یاساییه‌كان و ڕێگری له ده‌ستوه‌ردانی نه‌رێنییانه‌ی مه‌كته‌ب و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی حزب.
5.كردنه‌وه‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه و خزمه‌تكردنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی و ژیریی درێژخایه‌ن بوون و چاره‌سه‌ریان نییه، هه‌روه‌ها گرنگیدانی زیاتر به دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵه‌كانی له خۆگرتنی به‌ساڵاچوان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت.
6.كردنه‌وه‌ی شوێنی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری ئالووده‌بوان به مادده هۆشبه‌ره‌كان و ئاگاداركرنه‌وه‌یان له خراپیی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له رووی ئایینی و زانستییه‌وه و سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵگه.
هه‌شته‌م: ژینگه و ته‌ندروستی:
له‌پێناو ژیگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ هاووڵاتیان، بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه و ته‌ندروستیی گشتیی نه‌كرێته قوربانیی چاوچنۆكیی خاوه‌ن كارگه و پاڵاوگه‌ی نایاسایی، بۆ كۆتاییهێنان به بنیاتنانی باڵه‌خانه و پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر حسابی ژینگه و ڕووبه‌ری سه‌وزایی، له‌پێناو به‌هێزكردنی چاودێریی خۆراك و ده‌رمان و ڕێگری له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی خۆراك و ده‌رمانی خراپ، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان به‌م پلانه كار بۆ پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ستاندارده جیهانییه‌كان ده‌كات:
1.داخستنی سه‌رجه‌م پاڵاوگه و وێستگه نایاساییه‌كانی سووته‌مه‌نی كه هۆكاری سه‌ره‌كیی پیسبوونی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانن.
2.پابه‌ندكردنی سه‌رجه‌م كارگه‌كان به ڕێنماییه‌كانی ژینگه و ته‌ندروستی و زامنكردنی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی هاووڵاتیان.
3.دامه‌زراندنی سیستمی به‌كارهێنانه‌وه (ڕیسایكلین) كه سوود وه‌ربگرێت له پاشماوه‌كان و بیانكاته‌وه به سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی سوودبه‌خش.
4.پارێزگاری له سروشتی كوردستان و ڕێگری له شێواندنیان له‌ژێر ناوی پڕۆژه‌ی بازرگانی و نیشته‌جێبوون، له‌گه‌ڵ زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی به پێی ستاندارده كارپێكراوه‌كان.
5.به‌هێزكردنی چاودێریی خۆراك و ده‌رمان و رێگرتن له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی خۆراك و ده‌رمانی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو، ڕێگریكردن له قۆرخكاریی بازرگانیكردن به ده‌رمان.
6.ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به ڕێكخستنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی پێشكه‌وتوو، به ڕه‌چاوكردنی ده‌سته‌به‌ری چاره‌سه‌ركردنی بێبه‌رانبه‌ر بۆ هاووڵاتیان و گرنگیدان به بنه‌مای خۆپاراستن پێش چاره‌سه‌ركردن.
7.كاركردن بۆ باشكردنی گوزه‌ران و ژیانی ژینگه‌پارێزان و زامنكردنی مافه‌كانیان.
8.به‌هێزكردنی ڕۆڵی چاودێریكردنی ته‌ندروستی بۆ ( بازاڕ، مزگه‌وت، چێشتخانه، سه‌یرانگا) و شوێنه گشتییه‌كان.
نۆیه‌م: وه‌رزش و لاوان:
ناڕۆشنیی ئاینده و نه‌بوونی هیچ ئومێدێك به ژیانی شكۆمه‌ندانه له سایه‌ی ئه‌م دەسەڵاتە قۆرخكاره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، پاڵ به گه‌نجانه‌وه ده‌نێت بۆ سه‌رهه‌ڵگرتن و جێهێشتنی وڵات، یاخود ئالووده‌بوون به جگه‌ره و مادده‌ی هۆشبه‌ر و خووی ناپه‌سه‌ند.
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له سۆنگه‌ی ده‌رككردن به‌م مه‌ترسییانه و له پێناو به‌هه‌ده‌رنه‌چوونی توانای گه‌نجان كه سه‌رمایه‌ی مرۆیی ولێته، توانا و هه‌وڵی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ، به‌م میكانیزمانه:
1.ڕێگری له كۆچی گه‌نجان به فه‌راهه‌مكردنی پێداویستییه‌كانیان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆیان.
2.گێڕانه‌وه‌ی پێشینه‌كانی خانووبه‌ره و هاوسه‌رگیری و پێدانی قه‌رزی بچووك به گه‌نجان و لاوان تاوه‌كو بتوانن پڕۆژه‌ی بچووكی ئابووریی تایبه‌ت به خۆیان دابمه‌زرێنن.
3.ڕێگری له ئالووده‌بوونی لاوان به جگه‌ره و نێرگه‌له و مادده بێهۆشكه‌ره‌كان و سزادانی ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و بازرگانانه‌ی كارئاسانی بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و حاڵه‌ت و دیاردانه ده‌كه‌ن.
4.گرنگیدانی زیاتر به بواری وه‌رزش به كردنه‌وه‌ی یاریگا و مه‌له‌وانگه و كۆمه‌ڵگه و سه‌نته‌ری وه‌رزشیی حكومیی بێبه‌رانبه‌ر بۆ هاووڵاتیان به گشتی و توێژی لاوان به تایبه‌ت.
5. ڕزگاركردن و ده‌رهێنانی كایه‌ی وه‌رزش له ژێر ده‌ست و هه‌ژموونی حزب و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووی حزبه‌كان و سه‌ربه‌خۆكردنی یانه وه‌رزشییه‌كان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە