02/09/2024
501 جار خوێنراوەتەوە
نەرویج.. نەهەنگێكی سیخوڕی بە مردارەوەبوویی دۆزرایەوە
پەیام
لە نەرویج نەهەنگێكی سپی لە جۆری بیلۆگا بە مردارەوەبووی دۆزراوەتەوە كە پشتێنێكی پێوە بووە، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەی سیخوڕی بۆ ڕووسیا كردبێت!
دەستەی پەخشی گشتی نەرویج بڵاوی كردەوە: كوڕ و باوكێك كە لە دوورگەی ڕیساڤیكا لە باشووری نەرویج سەرقاڵی ڕاوەماسی بوون نەهەنگە سەرئاوكەوتووەكەیان دۆزیوەتەوە.
نەهەنگەكە 4.2 مەتر درێژ و كێشەكەی 1225 كیلۆیە، لە ڕێی بەرزكەرەوەیەكەوە لە ئاو دەرهێنراوە و بۆ بەندەرێكی نزیك لە شوێنەكە گوێزراوەتەوە تاوەكو لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.
سیباستیان ستراند زانای زیندەزانی دەریایی ڕایگەیاند: بەداخەوە نەهەنگی (هەڤاڵدیمێر)مان بە مردارەوەبوویی دۆزیوەتەوە، بەڵام هۆكاری مرداربوونەوەكەی نەزانراوە و هیچ نیشانەیەكیش لە بەشی دەرەوەی جەستەی دەرنەكەوتووە.
ڕاوچییانی ماسی بۆ یەكەمجار نەهەنگی (هەڤاڵدیمێر)یان لە نیسانی 2019 لە نزیك دورگەی ئینگۆ لە نزیك جەمسەری باكوور بینیوە، پشتێنێكی لێ بەسترابوو، هەروەها وا دەركەوتووە كامێرایەكی بچووك و كانزایەكی پێوە بووە كە لە سەری نووسراوە: (ئامێرەكانی سانت بوتڕسبۆرگ)، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بانگەشەی سیخوڕییكردنی نەهەنگەكە بۆ ڕووسیا بكرێت، هەر خودی ناوەكەیشی لە (هەڤاڵ) بە مانای (نەهەنگ) و (دیمێر)یش ناوی دووەمی سەرۆكی ڕووسی پێك هاتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە