پێش 3 هەفتە 263 جار خوێنراوەتەوە

په‌یوه‌ندی ئازار و خه‌و

ئازاری بەردەوامت ھەیە کە خەوت تێکدەدات؟
چۆن خەوت باش دەکەیت؟ چی یە ڕێگا چارەکان؟

 په‌یام

توێژینەوەکان دەریان خستووە ٣⁄٢ ی ئەوانەی ئەناڵێنن بە ھۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە کێشەی کەم خەووی و ناڕێکی خەویان ھەیە. لەبەر ئەوەی کەم خەوی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازار و بەھەمان شێوەش ئازار دەبێتە ھۆی ناڕێکی و کەم خەوی کەھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن، بۆیە ھەندێ ڕێنمایی ھەیە کەگرنگە پەیڕەوی بکرێت بۆ نەھێشتنی کەم خەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە.

ڕێنماییەکان :
١-  پەیڕەوی کردنی ھەندێ عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە ھەندێکی تر :
زۆرێک ھەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر نووستن ، ھەندێکیش وا لە جەستەمان ئەکات کە تێ بگەین ئیتر کاتی خەوەو خۆمان حازر کەین بۆ نووستن ، ھەندێک لەو کردارانەی ئەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن :

- دوورکەوتنەوە لەوخواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەکو : چا ، قاوە ، بیبسی و خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی ٦ سەعات پێش خەوتن .
- دوورکەوتنەوە لە وەرزش ٤-٦ سەعات پێش کاتی خەو ، چونکە یارمەتی ھۆشیار کردنەوەی لەش دەدات ، کە کاتی پێویستە ھەتا وات لێ بێتەوە بخەویت.
- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەھارات نزیک کاتی خەوتن ، ئەمانە ھەمووی کاتی ئەوێت بۆ ھەرس کردن.
- دوورکەوتنەوە لەبەکارھێنانی ماددە کحولیەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تیادایە وەکو جگەرە کەتوشی کەم خەویمان دەکەن .

بەھەمان شێوە ھەندێ کردار ھەیە کە کردنیان دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی خەو وەکو :

- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا ، دەبێتە ھۆی زوو خەوتن لە شەودا .
- خۆشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە ھۆی خاو کردنەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا ..
- خۆ کێشانەوەو ڕاکێشانی ماسولکەکانی لەش بۆ ماوەی ٣-٥ خولەک پێش نووستن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات ...
- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت سەعاتێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەکو : شیری گەرم ، چای ڕووەکی ..
- لەھەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک ھەموو ڕۆژێک لەھەمان کاتدا بچیتە ناو جێگاو لەھەمان کاتد ا ھەڵسیت ، یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە ...

2- بەکارھێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا :
- ھیپنۆسیس (hypnosis): ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێ ڕێگا بۆ ئارام کردنەوەو لەبیرکردنی ئازار ، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ ، داخستنی دەرگاو پەنجەرە ، دروست کردنی کەشێکی بێ دەنگ.

- بینینی ھەندێ دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە : سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان، سەیرکردنی ھەور لە ئاسماندا ، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئەو ستریس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە ھۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین ..وە ئارام بەخشن.

- میدیتەیشن و ێۆگا : ئەمانە ھەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارام کردنەوەی بیر و ھۆش ، و نەھێشتنی ستریس و بێزاری.

- دانانی دەفتەری بیرەوەری ، بۆ نوسینەوەی ستریس و بێزاریەکانت چەند سەعاتێک پێش نووستن ، بۆ ماوەی ١٠-١٥ خولەک و بەجێھێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت ، ھەر جارێکیش بە بیرت ھاتەوە ئەبێت خۆت دڵنیا کەیت کە بەیانی کاتی تەواوت ھەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.

3- دروست کردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام :

 - بەکارھێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو ، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاووبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.

- بەکارھێنانی دۆشەکی تەندروست کەنەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم.

- کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوەو نەھێشتنی کەم خەوی ...ھەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات.

4- بەکارھێنانی دەرمان:

ھەنێک جار پزیشک ناچار دەبێت ھەندێک دەرمان بەکاربھێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن وەنەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە ھیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بێنێت وەکو :
- ئازارشکێنەکان : وەکو ئەسپرین ، ڤوڵتارین ، پڕۆفین ..ھتد.
- ماسولکەخاوکەرەوەکان.

- ھێورکەرەوەکان یاخود دژە پەرکەمەکان ھەندێ جار بەکار دەھێنرێن.
-نارکۆتیکەکان: کە ئەمانە تەنیا دوای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن ، لەبەرئەوە دەبێت ھەتا ئەتوانرێت بە دوور بین لێیان.
- ھەندێ دەرمان ھەن خەولێخەرن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ حەساسیەت بەکار دەھێنرێن ( ئەنتی ھستامینەکان ).

میلاتۆنین:

کە بەشێوەی کەپسولی تەواوکەر (supplement )ھەیە، ئەمیش ئەو ھۆرمۆنەی تیادایە کە یارمەتی زوو خەو لێخستن ئەدات.

ھەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەگرێت و ئەبێتە ھۆی شەونخوونی و کەم خەوی بۆیە باشترە ھەمیشە ئاو ڕێنماییانە پەیڕەو کەین کە دەبنە ھۆی کەم کردنەوەی ئازار .

دكتۆر  هه‌ڤین که‌مال شا محه‌مه‌د
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ئەم دە خۆراکەی به‌ره‌نگاری ئازار ده‌بنه‌وه‌

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    ئیبراهیم پاشای بابان كێ بوو؟

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    20 زانیاری گرنگ له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ - به‌شی پێنجه‌م

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    20 زانیاری گرنگ له‌ له‌شی مرۆڤ - به‌شی چواره‌م

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    حه‌مدی.. شاعیرێكی گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی تێكۆشه‌ر

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    به‌م خواردنانه‌ جگه‌رت پاكبكه‌وه‌

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    به‌م ڕێگایانه‌ منداڵه‌كه‌ت ڕابهێنه‌ له‌سه‌ر زووخه‌وتن

  • پێش 2 هەفتە

    ئەمریكا.. بەهۆی جگەرەی ئەلیكترۆنییه‌وه‌، ٤٠ كەس گیانیانلەدەستداوه‌

سەرەتا