24/08/2024
239 جار خوێنراوەتەوە
باوكی یەكێك لە رۆژنامەنوسە کوژراوەکانى سەیدسادق: شەرم و مردنە بۆ دژەتیرۆری پارتی بە كچەكەم دەڵێت، چەكدار
پەیام
باوكی "هێرۆ بەهادین"، یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە لە هێرشەكەی دوێنێی توركیادا لە نزیك سەیدسادق کوژرا، دەڵێت "شەرم و مردنە بۆ دژە تیرۆری پارتی چەواشەکاریی دەکات و بە كچەكەی من دەڵێت چەكدار".
باوكی هێرۆ، ئەمڕۆ لە پرسەی كچەكەیدا لە سلێمانی وتى "دوێنێ نیوەڕۆ بە منیان وت، كچەكەت توشی روداوی هاتوچۆ بووە، نەیانوت درۆن لێی داون، بەپەلە چومە نەخۆشخانە لەوێ زانیم".
وتیشی "من كچەكەم كاری مەدەنی كردوە، ماڵی من لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كاری لێكردوە، 10 مەتر دوورە. كەچی دژە تیرۆری پارتی كچەكەمیان بە چەكدار لە قەڵەم داوە، ئەوە مردنە بۆ ئەو لایەنەی كە لەخۆیەوە دەنگۆ بڵاودەكاتەوە".
باوكی هێرۆ وتیشی، من داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەم ئەو هێرشانەی توركیا قبوڵ نەكەن و سنورێكیان بۆ دابنێن، چونكە ئەو هێرشانە هەموو سنورێكیان بەزاندوە، چەندین كەسی وەك كچەكەی من بونەتە قوربانی ئەو ھێرشانە. هەر كچەكەی من نییە بۆتە قوربانی".
دوێنێ توركیا لەڕێگەی درۆنەوە لە نزیك سەیدسادق ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنوسانی كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی كردە ئامانج و لە ئاكامدا دوو ئافرەت گیانیان لەدەستدا شەش كەسی دیكەش برینداربوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە