23/08/2024
674 جار خوێنراوەتەوە
سەیدسادق.. ئوتومبێلێک بە درۆن کرایە ئامانج و دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا
پەیام
ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە نزیك قەزای سەید سادق بەئامانج گیرا و بەهۆیەوە ژمارەیەك سەرنشین گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی تەپەڕەشی سەر بە قەزای سەیدسادق ئۆتۆمبیڵیك بە ئامانج گیراو و ئۆتۆمبیڵێكی دیكەش زیانی بەركەوت. بەگوێرەی زانیارییەكان دوو قوربانییەكە رۆژنامەنووس بوون.
لەبارەی زیانەكانیشەوە پەیامنێری پەیام پێی ڕاگەیاندین لە هێرشەكەدا دوو كەس گیانیان لەدەست داوە كەسێكیش بریندار بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوكەوت لە قەزای سەیدسادق.
هەر سەبارەت بە ڕووداوەكە دژەتیرۆری پارتی بڵاوی كردووەتەوە ئۆتۆمبێلەكە هی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بووە لەلایەن سوپای توركیاوە بەئامانج گیراوە و بەهۆیەوە سێ كەس گیانیان لەدەست داوە كە بەرپرسێكی پەكەكە و شۆفێرەكەی و چەكدارێكی بووە.
لەلایەكی دیكەوە سایتی ڕۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە بڵاوی كردوتەوە كە ئۆتۆمبێلەكە سەربە كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی بووە و بەمەبەستی تۆماركردنی بەرنامە ڕوویان لە سنوورەكە كردبوو، بەهۆیشیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژن گیانیان لەدەست دا و شەشی دیكە بریندار بوون.
بەگوێری قسەی شایەتحاڵان هێرشەكە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجام دراوە و تەرمەكان لەناو ئۆتۆمبێلەكە پێكراوەدا بەتەواوی سووتابوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە