19/08/2024
397 جار خوێنراوەتەوە
عێراق: تا كۆتایی 2025 ژمارەی دارخورماكان دەگەیەنینە 22 ملیۆن دارخورما
پەیام
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی دارخورماكان لە وڵاتدا تاكو كۆتایی 2025 دەگاتە 22 ملیۆن دارخورما.
هادی هاشم یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لە 53 بنكەدا لە تەواوی پارێزگاكان كار لەسەر بڵاوكردنەوە و زیادكردنی نەمامی دارخورما دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە، ئامارەكان دەری دەخەن پێش دوو ساڵ 15 ملیۆن و 500 هەزار دارخورما لە عێراق هەبووە، بەڵام ئێستا ژمارەی دارخورماكان گەیشتووەتە 18 ملیۆن و ژمارەكەش لە زیادبووندایە تاكو لە كۆتایی ساڵی 2025 دەگاتە 22 ملیۆن دارخورما.
بەپێی ئامارەكان، ساڵی ڕابردوو بەرهەمی عێراق بۆ خورما، 735 هەزار تۆن خورما بووە لە كۆی 17 ملیۆن درەختی خورما. ئەمەش پلەی چوارەمی لە بەرهەمهێنانی خورمادا گرتووە لەسەر ئاستی جیهان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە